کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەبێتە بازرگانی ئازارەکانی خەڵک

کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەبێتە بازرگانی ئازارەکانی خەڵک

 

“ئۆپۆزسیۆن بەنزین بە ئاگرەکەدا دەکات، تا لە تاریکی دووکەڵەکەیدا دەستکەوتی سیاسیی خۆی بپێچێتەوە”

لە سیستەمە دیموکراسییە هاوچەرخەکاندا، ئۆپۆزسیۆن ستوونی دووەمی ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەسەڵات و کۆمەڵگایە. ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و خاوەن پڕۆژە، وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوە کار دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵات و گەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بە ناوەندەکانی بڕیار. بەڵام کاتێک ئەم ئامرازە پیرۆزەی چاودێری و چاکسازی لادەدات و دەبێتە «ئۆپۆزسیۆنێکی خراپ و لاواز»، نەخۆشییەکی کوشندە دەخاتە جەستەی کۆمەڵگاوە کە مەترسییەکەی لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ کەمتر نییە.

دیارترین ئافاتی ئۆپۆزسیۆنی خراپ و لاواز، ئیستغڵالکردن و قۆستنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسی. لە شوێنی ئەوەی ئازارەکانی خەڵک، قەیرانە ئابوورییەکان و بێکاریی گەنجان بکاتە هەوێنی داڕشتنی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی تۆکمە بۆ چاکسازی، دەیانکاتە ئامرازێک بۆ گوشاردروسکردن تا پشکێکی زۆرتر لە دەسەڵات یان ئیمتیازات بەدەستبهێنێت. ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە تەنها ڕەخنەی بێ کردار و دروشمی بێ ناوەڕۆک بەرهەم دەهێنێت، لە بری ئاراستەکردنی ناڕەزایەتی خەڵک بەرەو گۆڕانکاریی ئەرێنی و دروستکەر، بەنزین بە ئاگرەکەدا دەکات تا لە تاریکی دووکەڵەکەیدا دەستکەوتی سیاسیی خۆی بپێچێتەوە.

مەترسییەکانی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە بۆ سەر کۆمەڵگا زۆر و هەمەلایەنەن. گەورەترین زیان «تێکشکاندنی هیوای گشتییە» کاتێک هاووڵاتییان دەبینن ئەوانەی بانگەشەی بەرگری لە مافەکانیان دەکەن، کاتێک دەگەنە خاڵێک لەگەڵ دەسەڵات ڕێکدەکەون یان کارەکانیان تەنها نمایشی سیاسییە، تووشی بێهیواییەکی قووڵ دەبن بەرامبەر پرۆسەی سیاسی. ئەم بێهیواییە دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێک لە بێباکی، ساردبوونەوە لە بەشداریی سیاسی و سڕبوونەوەی هۆشیاریی مەدەنی.
لە لایەکی ترەوە، زۆرجار ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە بۆ داپۆشینی لاوازیی خۆی، پەنا دەباتە بەر ئاژاوەگێڕی، دروستکردنی لەتکردنی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی زمانی ڕقوکینە، کە ئەمەش ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و شیرازەی کۆمەڵگا هەڵدەتەکێنێت.

لە کۆتاییدا، کۆمەڵگایەک کە ئۆپۆزسیۆنەکەی بازرگانی بە ئازارەکانیەوە بکات، دەکەوێتە دوو ڕیانێکی نادیار و نازانێک کامە ڕێگا بەرەو باشتر دەچێت. چاکسازیی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دێتە دی کە کۆمەڵگا وشیار بێت و ڕێگە نەدات دەنگ و هاواری ناڕەزایەتییەکانی ببنە پلیکانە بۆ سەرکەوتنی کەسانێک کە ئامانجیان تەنها گەیشتنە بە ئیمتیازات، نەک خزمەتکردنی نیشتمان.

زانا عەبدولباقی

Top