د.مەلا ئازاد خورشید كەركووكی بەرپرسی لقی كەركووكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان: زانایان بڕوایان وایە خودا ناسنامەی كوردی پێ بەخشیون، بۆیە سڕینەوەی ناسنامە و زمان و كولتوور لەلایەن داگیركەرانەوە بە كوفر دادەنێن

د.مەلا ئازاد خورشید كەركووكی  بەرپرسی لقی كەركووكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان:   زانایان بڕوایان وایە خودا ناسنامەی كوردی پێ بەخشیون، بۆیە سڕینەوەی ناسنامە و زمان و كولتوور لەلایەن داگیركەرانەوە بە كوفر دادەنێن

 

 

د.مەلا ئازاد خورشید كەركووكی، كەسایەتییەكی ئایینی و ئەكادیمیی شاری كەركووكە و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری شەریعەتدا و لە ئێستادا بەرپرسی لقی كەركووكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و ئەندامی لێژنەی فەتوای پارێزگاكەیە. بۆ قسەكردن لەسەر ڕۆڵی زانایانی ئایینی ئیسلام لەسەر گرێدانەوەی خۆشەویستیی خاك بە ئیمانەوە، هەروەها ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ئێستا لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی و لە كەركووك بەتایبەتی هەیە، كە بە ڕێگەی گوشاری ئایینی و مەزهەبی دەیانەوێت ناسنامەی كوردبوونمان بسڕنەوە و ئینتمای لاوەكانمان بسڕنەوە، لەم چوارچێوەیەدا و لەم دیمانەیەدا، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* تا چەند زانایان و مامۆستایانی ئایینی لە كوردستاندا توانیویانە لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە، هاوسەنگییەكی تەواو لە نێوان پاراستنی ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لە مێژوودا دروست بكەن؟

- پێگەی گەورەی مامۆستایان لەوەدا ڕوون دەبێتەوە كە هیچ زانایەكمان نییە لە مێژووی كورددا نیشتمانپەروەر نەبێت و هیچ شاعیرێكیشمان نییە دێڕی نەبێت لەسەر زمان و خاك و نەتەوە، گەورەترین بەڵگەش لەسەر ئەم ڕاستییە ئەوەیە كە لە مێژووی شۆڕشەكاندا زانایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر سەرەكییان هەبووە و تێكۆشاون لەگەڵ هەر بزووتنەوەیەك بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلەكەمان. لە هەموو لایەنێكەوە مامۆستای ئایینی پێشەنگ و ڕابەر بووە و بەردەوام لە سەنگەری پێشەوە بووە.

واتە مامۆستایان میحراب و سەنگەریان بە توندی پێكەوە گرێ داوە، بەتایبەت لە بزووتنەوەكانی شێخ مەحموود، پێشەوا قازی و شێخ سەعیددا، كە سەركردەكانیان هەموو شێخ، مەلا و پەروەردەی حوجرە پیرۆزەكان بوون. ئەو میراتە كولتوورییەی بۆمان ماوەتەوە، زۆربەی زۆری لای زانایان و شاعیرانی گەورەی نیشتمانەكەمان بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە نووسینەوە و دۆكیۆمێنتكردن لە مێژووی نەتەوەی كورددا لاواز بووە، بەڵام شیعرەكان هەمیشە لە دڵاندا ماونەتەوە و بەردەوام وتراونەتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین هیچ ئەدیب و شاعیرێك نییە كە بۆ یەكبوون، یەكگرتن و ڕاپەڕینی نیشتمانی گەلەكەی هۆنراوەی نەنووسیبێت، هەمیشە مامۆستایانی ئایینی، شاعیران و ئەدیبان بە دڵسۆزییەوە خەمخۆری گەلەكەیان بوون، ئەم هەستە بێگومان لە ڕۆحی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە وەرگیراوە كە تێیدا نیشتمان، خاك و جیاوازیی نێوان نەتەوەكان (شعوباً وقبائل) بە تەواوی پیرۆز تەماشا كراون. زانایان بە قووڵی بڕوایان وایە خودا ناسنامەی كوردی پێ بەخشیون، بۆیە سڕینەوە و گۆڕینی ناسنامە، زمان و كولتوور لەلایەن داگیركەرانەوە بە كوفر دادەنێن، چونكە بۆ ئەمە پشت بە فەرموودەیەكی ڕوون دەبەستن، وەك پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: «من ادعی إلی قوم لا ینتسب إلیهم أو لیس بینە وبینە نسب فلیتبوأ مقعدە من النار». واتە ئەو كەسەی خۆی بداتە پاڵ گەلێك كە لەو گەلە نەبێت، با جێگەی خۆی لە ئاگری دۆزەخدا بە تەواوی ئامادە بكات. لێرەوە، زانایان و ئەدیبان و شاعیرانی كورد كە زۆربەیان مامۆستای ئایینی بوون، باش تێگەیشتبوون كە لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی تاوانێكی زۆر گەورەیە، بۆیە زۆر بە جددی كار و تێكۆشینی بێوچانیان لە پێناو پاراستنی ئەم دۆزی ڕەوایەدا كردووە.

* بنەمای شەرعی و ئەخلاقیی ڕەتكردنەوەی ستەمكاریی ڕژێمەكانی عێراق لەلایەن زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستانەوە چییە؟ ئایا ئەم دژایەتییە بە تەواوی لە دەق و بنەما ئایینییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- بێگومان، لە قورئانی پیرۆزدا هێندە جەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم كراوە، هەروەها لە فەرموودە شەرعییەكاندا هێندە باسی دژایەتیكردنی زوڵم كراوە، كە دەتوانین بڵێین ئەمە تەوەرێكی سەرەكییە و یەكێكە لەو ئامانجە باڵایانەی ئایینی ئیسلام بۆ لەناوبردنی هاتووە. مەبەستم بنبڕكردنی دیاردەی ستەمكارییە، تەنانەت ستەم هێندە لە ئیسلامدا ناپەسند كراوە، هەر كەسێك پەنای بۆ ببات، یان لە دوورەوە هاوكاریی بكات و پشتیوانی بێت، وەك ستەمكارەكە ئەژمار دەكرێت.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام فەرمانی بە ڕێنوێنی و چاوساغی كردووە، چەندین بۆچوونی چەواشەكارانە هەن كە دەیانەوێت خەڵك وا تێبگەیەنن كە تەنیا ددان بەخۆدا بگرن، بەڵام نەخێر، ئایینی ئیسلام سەبارەت بە ستەمكاری دەفەرموێت: «وإذا رَأيتُم أُمَّتي لا تقولُ للظَّالِمِ أنتَ ظالِمٌ فقَد توُدِّعَ مِنهُم ». واتە ئەگەر بینیت ئوممەتەكەم بە ستەمكار ناڵێت ئەی ستەمكار واز بهێنە، وازیان لێ بهێنە. لەبەر ئەوە داوا كراوە لە هەموو موسڵمانێك كە ڕووبەڕووی ستەم ببێتەوە و هەمیشە پشتگیریی مەزڵووم بكات. گەلی كورد لەم ڕاستییە باش تێدەگات و تامی تاڵی ستەمی چەشتووە، لەبەر ئەوە یەكجار هەستیارە، بە جۆرێك لە هەموو نەتەوەكانی دیكە بەرانبەر زوڵم هەستیارترە. گەلانی دەوروبەر ئەو هەستیارییەیان نییە، چونكە بە درێژایی مێژوو زۆربەیان لە بەرەی ستەمكاراندا بوون، تەنانەت لە كولتووری عەرەب، تورك و فارسدا هیچ باسی ستەمكار و چەوساوە و مەزڵوومەكان ناكرێت. بۆ نموونە: دەربارەی پرسی ڕاگواستنی زۆرەملێ (تەهجیر)، من نەمدیوە تەنانەت لەم پازدە ساڵەی دواییشدا بابەتێك نووسرابێت، ئەوان نانووسن و باسی ناكەن، حوكمی ڕاگواستن لە ئیسلامدا چییە؟ لە كاتێكدا چەندین ئایەتی پیرۆز هەن سەبارەت بە «والذین أخرجوا من دیارهم»، لە چەندین جێگەی قورئاندا هاتووە، دەركردنی خەڵك لە ماڵەكانیان تاوانێكی گەورەیە. «وما لنا ألا نقاتل فی سبیل الله وقد أخرجنا من دیارنا». بۆچی لە پێناوی خودادا شەڕ نەكەین كە لە نیشتمانی خۆمان دەر كراوین؟ واتە خەبات لە پێناوی نیشتماندا، بەتایبەتی كاتێك داگیركەر دێت و خاكەكە داگیر دەكات و گەل دەربەدەر دەكات، ئەركێكی واجبە و ئەو خەباتە بە جیهادێكی پیرۆز لە پێناوی خودادا ئەژمار دەكرێت. لەبەر ئەوە، لە ناو كولتوور، فەرهەنگ، زانستی شەرعی و سەرجەم پەرتووكەكانی نووسەرانی كورددا، زۆر باس لە مەترسیی ستەمكاری كراوە و جەخت لەوە كراوەتەوە كە مرۆڤ دەبێت ڕووبەڕووی زوڵم ببێتەوە، كە ئەمەش بە تەواوی بووەتە بنەمای سەرەكیی هەموو شۆڕشەكانی گەلی كورد بۆ بنبڕكردنی یەكجاریی ستەمكاری.

* حوجرە چۆن توانی لە غیابی زانكۆكاندا، سەركردە مێژووییەكانی كورد بە شێوازێك پەروەردە بكات كە خوداپەرستی لەگەڵ دڵسۆزی بۆ زمان و خاك و ناسنامەی نیشتمانیدا یەك بخەن؟

- وەك ئاماژەم پێدا، مامۆستا و مزگەوتمان نییە ڕۆحی نەتەوەیی و ڕۆحی شۆڕش و ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی تێدا نەبووبێت. مامۆستای قوتابخانە و مزگەوت هەموو، واتە با بڵێین سەنتەری فێربوونی میللەتی كورد بوون. زمانی دەوڵەتی عوسمانی پێش ئەوەی شۆڕش دروست ببێت، وەك مەبدەئی تەدریس و فێربوون، ئەوانە هەر نەبوون ئەساسەن، شتێك نەبووە بە ناوی قوتابخانە و حكومەت سەرپەرشتیی بكات و مامۆستایان و ئەو شتانە هەر نەبووە، بۆیە مزگەوت ئەو ڕۆڵەی بینیوە، ڕۆڵی ڕەوزە و سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و كۆلێژ و پڕۆفیسۆر و دكتۆرا، هەر هەمووی مزگەوت ئەو ڕۆڵەی بینیوە. بۆیە هەرچی ئەدیب و شاعیر هەیە، نەك تەنیا بۆ شۆڕش، بەڵكو هەرچی پیاوماقووڵ و كەسایەتی و زانا و دانا و شاعیر و ئەدیب و نووسەر هەیە، هەر هەموو دەرچووی مزگەوتن.

* ئەگەر باس لە دۆخی ئێستای كەركووك بكەین، بەتایبەتی لەبواری كردنەوە حسەینییە و كۆلێژ و قوتابخانە ئایینەكانی هەردوو لایەنی عەرەبی شیعە و سوننە، ئایا ئێوە وەك زانایانی ئایینی و كورد چۆن لەگەڵ ئەو واقیعە مامەڵە دەكەن؟

- سەبارەت بە كەركووك، من لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەو شارەدا جێگیرم و وەك سەرۆكی لقی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كەركووك كارم كردووە. ئێمە لەم شارەدا ڕووبەڕووی مەینەتی و ئازارێكی زۆر بووینەتەوە، چونكە ڕاستەوخۆ دوای ساڵی ٢٠٠٣، عەرەبی سوننە كۆلێژی «ئیمامی ئەعزەم»یان بۆ نەوەكانی خۆیان دامەزراند كە ئێستا خوێندكاری ئاستی دكتۆراشی لێ دەردەچێت، لە لایەكی دیكەوە، شیعەكانیش كۆلێژی «ئیمام جەعفەری سادق»یان كردووەتەوە و سەرجەم قۆناغەكانی پێگەیاندنی زانایانی خۆیان تێدا بەڕێوە دەبەن و مەنهەجەكەی خۆیانی تێدا دەڵێنەوە. بێگومان ئەوان خاوەنی قوتابخانەی ئامادەیی ئایینین كە دیوانی وەقفی سوننی بۆ عەرەبەكان كردوویەتەوە، ئێستا لە كۆی ٢١ قوتابخانەی ئایینی تەنیا سێ بەڕێوەبەریان كوردن، كە ئەوانیش وەقفی سوننی دایناون، ئەمەش واتە هیچ كوردێك لەسەر بنەمای خواست و پێشنیاری ئێمە نەكراوەتە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیانە. چەندین جار داوامان كردووە قوتابخانەیەكی ئایینیمان بۆ بكەنەوە، نەیانكردووە. داوامان كردووە پەیمانگەیەكی ئایینیمان بۆ دابمەزرێنن (ناڵێین وەك ئەوان كۆلێژ بێت)، بەڵام جێبەجێیان نەكردووە، تەنانەت بۆ دامەزراندنی كۆلێژێك، زەوی و شوێن و مامۆستامان ئامادەیە، تەنیا پێویستمان بە دروستكردنی بینایەكە و ڕێگریمان نییە ئەگەر بە شێوازی ئەهلی و لەسەر ئەركی دارایی قوتابییانیش بێت، بەو مەرجەی مەنهەجەكە لە لایەن خۆمانەوە دابڕێژرێت، نەك بەغدا، یان لایەنی شیعە و عەرەبی سوننە مەنهەجمان بەسەردا بسەپێنن. دەمانەوێت لەبری خوێندنی مێژووی عومەر موختار، باسی شێخ مەحموودی حەفید بكەین، لەجیاتی ئەوەی تێزی دكتۆراكەمان لەسەر شێخ عەبدولقادری جەزائیری بێت، با لەسەر مەلای گەورەی كۆیە، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، سەڵاحەدینی ئەیوبی و زانایانی گەورەی وەك ئیبن خەلەكان بێت، كە خاوەنی دەیان زانای گەورەی هاوشێوەین. ئەو كۆلێژانەی سەر بە عەرەبی سوننە و شیعەن، بە هیچ شێوازێك باسی كەسایەتیی كورد ناكەن و تەنیا مێژووی خۆیان دەخوێنن، ئێمەش بە هۆی كێشە و نەبوونی ناوەندی تایبەت بە خۆمانەوە، ناچارین منداڵەكانمان بنێرینە لای ئەوان، لەوێش بە هۆی ئەوەی مامۆستاكانیان عەرەبن، قوتابییەكان وەفادارییان بۆ دروست دەبێت و ناسنامەی كوردایەتییان لەبیر دەچێتەوە. لەبەر ئەوە، دۆخی ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینیی كورد لە كەركووك زۆر سەختە و بە تەنیایی خەبات دەكەین، بە مانای ڕاستەقینەی وشەكە، تەنیا بە پێگەی كەسی تێدەكۆشین. هەمیشە داوا دەكەین دەنگمان بگەیەندرێت و قسەمان بۆ بكرێت، تا ئێستا نە حكومەت و نە دەسەڵات و حزبە كوردییەكان بەهای پێویستیان بەم بوارە نەداوە، بوارێك كە خۆی مێژوویەكی پڕ لە كوردایەتی و شۆڕشی هەیە. ئەوان نەیانتوانیوە بۆ كێشەی نەتەوەكەمان و دواڕۆژی نەوەكانمان سوود لەم دەرفەتە گرنگە وەربگرن. كاتێك دەبینین عەرەبی سوننە ساڵانە چەندین دەرچوو لە كۆلێژەكانیان بەرهەم دەهێنن، یان حەوزە و كۆلێژەكانی شیعە چی بەرهەم دەهێنن و دەیانكەنە پێشنوێژ و چالاكی دەیان ڕێكخراو. بۆ نموونە، لە بەغدا زیاتر لە ٢٠ ڕێكخراوی گەورەی ئایینیی وەك كۆڕبەندی فقهی، ئەنجومەنی زانایان، ڕابیتەی زانایانی عێراق، دارولئیفتا و دەیان ناوەندی دیكە هەن كە توانای دارایی زۆر و دەنگی كاریگەریان هەیە، كەچی ئێمە لە كاتی تێكۆشانماندا تەنیا وەك زانایەكی بێ پاڵپشت دەبینرێین و تەنیا یەك یەكێتیی زانایانمان هەیە. تەنانەت لە كەركووك ناتوانین بە ئاشكرا تابلۆ، یان لافیتەیەك هەڵبواسین، چونكە پێمان دەڵێن: ئێوە لای ئێمە مۆڵەتتان نییە، بۆیە زۆر بێكەسین و بە تەنیا تێدەكۆشین.

* ئایا گوتاری ئایینیی مامۆستایانی پێكهاتە و مەزهەبەكانی دیكە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر زمان و جلی كوردی و ناسنامەی نەتەوەیی لای گەنجانی كورد لە كەركووك دروست دەكات؟

- ئەم بابەتە كاردانەوەی دوولایەنەی لێ كەوتووەتەوە، بەشێكمان بە پێداگری لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان كاردانەوەمان نیشان داوە، بەڵام هەندێكی دیكە چاویان لەو ئیمتیازانەیە كە لای ئەو ڕێكخراوانەیە، بۆ نموونە ساڵانە خەڵك بۆ حەج و عومرە دەنێرن، یان بۆ خوێندنی باڵا ڕەوانەی میسر، ئوردن و توركیایان دەكەن، بە هۆی هەبوونی ئەو هاوكاری و ئیمتیازانە لای ئەوان، بەداخەوە لە ئێستادا چەندین مەلای كورد لەگەڵیاندا هاوكاری دەكەن، لە كاتێكدا بە درێژایی مێژوو مەلای كورد هەمیشە نیشتمانپەروەر بووە، من بەڕاستی گلەیی زۆرم لێیان هەیە، چونكە پێویستە مەلای كورد هەمیشە نیشتمانپەروەر بێت. زۆر گرنگە یەكڕیزیی فكری و نەتەوەییمان تەنیا بە قسە نەبێت، بەڵكو دەبێت لە منداڵییەوە لە ناو نەوەكاندا بچێندرێت. ئەمە پرەنسیپە كە خاك و زمانی خۆمان بپارێزین، هەر كەسێك واز لە خاكی خۆی بهێنێت، با نەڵێت من موسڵمانم، چونكە خوای گەورە ئەم زمانەی پێ بەخشیویت، ئەگەر پێی ڕازی نەبیت و بیگۆڕیت، ئەوا بەرەو كوفرانەبژێری دەچیت. لە كەركووكیش دەبێت حكومەت ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەكردنی گەنجاندا و پێویستە سوود لە ئایینی ئیسلام وەربگیرێت بۆ پاراستنی خاك و زمانەكەمان، نەك بە ناوی دینەوە زمانمان لێ زەوت بكرێت.

Top