هەوای سووڕاوی ناو ئۆتۆمبێل مەترسیی تەندروستیی هەیە
بەكارهێنانی دوگمەی سووڕانەوەی هەوای ناو ئۆتۆمبێل Recirc گرفتی تەندروستیی لێ دەكەوێتەوە، چونكە هۆكارە بۆ كۆبوونەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، كە لە هەناسەی شوفێر و سەرنشینانەوە دەردەچێت لەگەڵ كەمبوونەوەی ڕێژەی گازی ئۆكسجین لەناو كابینەی ئۆتۆمبێلدا. چڕیی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن تا ppm 1،000 (بەش لە ملیۆن) واتە 0.1% سەلامەتە، بەڵام زیاتر لەم ئاستە تا چڕی ppm 2،000 كاریگەریی ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر مێشك و فرمانەكانی لەش بە شێوەی: سەرسووڕان، سەرئێشە، هێڵنج، هەستكردن بە ماندووبوون، شپرزەبوون، هەروەها چڕی زیاتر لە ppm 2،500 دەبێتە هۆی بۆرژان كە مەترسیی زۆر بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل پەیدا دەكات، كەچی ڕێژەی ppm 40،000 یان 4% هۆكارە بۆ لەهۆشچوونی كتوپڕ و خنكان.
پسپۆڕان ڕێنمایی دەكەن كە بەكارهێنانی دوگمەی سووڕانەوەی هەوا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو تەنیا لەم حاڵەتانەدا پێویست دەكات: قەرەباڵغیی ترافیك، هەوای پیس یان بوونی دوكەڵ یان بۆنی ناخۆش لە دەرەوەی ئۆتۆمبێلدا، لەناو تونێلەكاندا، هەروەها لەكاتی ڕوودانی سووتانی گەورە لە دەرەوەی ئۆتومبێلدا.
