بۆ زانیاریت، خانەكانی ماسوولكەی مرۆڤ
ماسوولكەكانی مرۆڤ لە كۆمەڵێكی زۆر خانە پێك هاتوون كە توانای گرژبوون یان خاوبونەوەیان هەیە، بۆ ئەوەی ماسوولكەیەكی خاوبووەوە گرژ ببێت، دەبێت وزە لە شەكر و گلوكۆز وەربگرێت. گلایكۆجین گلوكۆز ئازاد دەكات كە فۆڕمی هەڵگرتنی شەكرە. ئێدوین كرێبس Edwin Krebs و ئێدمۆن فیشەر Edmond Fischer نیشانیاندا كە چۆن پرۆتینەكانی ناو خانەی ماسوولكەیی بە خێرایی وا دەكەن كە دابینكردنی وزە بۆ كاری ماسوولكەیی دەست بكەوێت، هەروەها چۆن تێكچوونی گلایكۆجین بۆ گلوكۆز لە پەیكەری ماسوولكەكاندا كۆنتڕۆڵ دەكرێت بۆ ئەوەی دابینكردنی وزە لەگەڵ ویستی وزەدا بگونجێت.
سەرەتای دۆزینەوەكانیان لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕاردوودا دەستی پێكرد و لە ڕێگەی لێكۆڵینەوەكانی سیستمێكی ماسوولكەیی تایبەتەوە ئەنجام درا، لەو كاتەدا زۆر جێی سەرنج نەبوو، دواتر كرێبس و فیشەر خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ١٩٩٢ی فیزیۆلۆژی «پزیشكی»یان بۆ دۆزینەوەكەیان پێ بەخشرا.
