بارزانیبوون ..... کۆدی ئەخلاقی و ڕێبازی نەگۆڕمە

بارزانیبوون ..... کۆدی ئەخلاقی و ڕێبازی نەگۆڕمە

 

ڕێبازی بارزانی تەنیا قوتابخانەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئاسایی نییە ، بەڵکو بیروباوەڕێکی قووڵ ، کۆدێکی ئەخلاقیی نەپچڕاو و ئیمانێکی ئەوتۆی ناخە کە لە ڕۆحی هەموو پێشمەرگە و دڵسۆزێکدا ڕیشەی داكوتاوە. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی مەردایەتی و کۆڵنەدان لەوەدا نییە کاتێک بارۆدۆخ لەبارە و خەرمان بەرەکەتدارە هاوار بکەیت و بڵێیت من لەسەر ئەم ڕێبازەم ...
نەخێر... بەڵکو ڕەسەنایەتی و ئەمەکداریی ڕاستەقینە ئەو کاتە وەک بڵێسەی ئاگر دەدرەوشێتەوە کە (ڕەشبۆ) و سەختییەکانی ڕۆژگار بە دڕندەییەوە پەلامار دەدەن ، بەڵام تۆ وەک چیای سەربەرزی سەفین و هەڵگورد بێباکانە و مەغروورانە دەوەستیت و بە چۆکدا نایەیت.
لە پەڕەکانی مێژوودا ، هەموو کەسێک دەتوانێت لە کاتی ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بانگەشەی وەفاداری بکات ، بەڵام شانازیی تاپۆکراو و سەربەرزیی ڕەها تەنیا هی ئەو هه ڤاڵه دڵسۆز و ئاسنینیانەیە کە لە ناو جەرگەی ئازار ، ئابڵوقە و سەختترین ناڕەحەتییەکاندا سەنگەر چۆڵ ناکەن. (بارزانیبوون کۆدی ئەخلاقیی منە ) بریتییە لە هەڵگرتنی مەشخەڵی ئازادی ، تەنانەت کاتێک دەستەکانت لە سەرمای بێبەشیدا سڕ دەبن. ئەمە ڕووسوورییەکی ئەوتۆی مێژوویی و ڕەوشتییە کە بە هیچ سەرمایەیەکی مادی نەکڕدرێت ، چونکە مەبدەئی ڕاستەقینە بازرگانی پێوە ناکرێت.
کێن ئەوانەی پایەی ئەم کاروانە ناوازە و سەربەرزەیەیان بە بەرزترین لوتکەی ڕاوەستاویی هێشتۆتەوە؟
ئەوانە ئەو باوک و دایکە ئازا و جوامێرانەن کە ئازیزترین ڕۆڵەکانیان پێشکەشی خاکی پیرۆزی نیشتمان کردووە و بە سەربەرزییەوە کەوتوونەتە ژێر باری گرانی ژیان ، بەڵام سات لەسەر سات چۆکیان بۆ هیچ زۆردار و نەهامەتییەک دانەنەواندووە. ئەوانە ئەو کادیر و پێشمەرگە بێغەل و غەشەن کە تەنیا داراییان کەرامەت بووە و تەنیا سەرمایەی بنەڕەتییان شەرەفی نیشتمانپەروەری بووە. ئەوان بە ئیرادەی ئاسنینی خۆیان بە دونیا یان سەلماند کە فیکر و ئایدۆلۆژیای بارزانی لە ناو کۆڕی بیر و ئیماندا دروست دەبێت ، نە لە ناو هاوکێشەی بەرژەوەندی ، ئەوان بە ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگساتییەکان بە سنگێکی فراوان و بڕوایەکی چەسپاوەوە ئەمەکداریی خۆیان بۆ خوێنی ئاڵی شەهیدان دەسەلمێنن.
بارزانیبوون ئەرکێکی پیرۆز و سەربەرزانەیە نەک دەستکەوت و دەستکەوتکاری. کاتێک بە دەستی بەتاڵ و سکی برسییەوە ، بەڵام بە دڵێکی پڕ لە ئیمان و سەرێکی بەرزەوە لەسەر ئەم بیروباوەڕە بەردەوام دەبیت ، بە کردار دەسەلمێنیت کە بارزانیبوون ڕێبازی نەگۆڕتە و تۆ پاسەوانی ڕاستەقینە و دڵسۆزی ڕەسەنی ئەم خاکەیت. با هەموو جیهان بە باشی تێبگات کە ڕێبازی بارزانی بە سەختی و کوێرەوەری دروست بووە ، بە قوربانیدان و خوێن گەشەی کردووە ، و بە ئیرادەی بێگەردی مرۆڤە دڵسۆزەکان تا ئەبەد بە چۆکنەنەدراوی و سەربەرزی دەمێنێتەوە ،

 

Top