گرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ دەگات..؟!!

گرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ دەگات..؟!!

 

(*)

لەکاتی وەستانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەوەی نوسەر و چاودێرانی سیاسی لەسەری کۆک بوون دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕ بوو لەنێوان ئەم دوو دەوڵەتە لەبەر ئەوەی ئێران پێش شەڕ و دوای شەڕیش ئامادەنەبوو خاڵ و مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات کە دیارترینیان بەدەستەوەدانی (تەسلیم) بەرنامە ئەتۆمیەکەی و وازهێنان لە دروست کردنی مووشەکی بالیستی بوو ، ئەمریکاش ئەو باروودۆخەی پێش جەنگ لەئارادابوو لەدەستی دابوو چونکە ئێران گەرووی هورمزی داخستبوو هێزە دەریایەکانیشی زاڵ بوون لەناوچەکە کە ئەمە وەک شکستێک تەماشا دەکرا بۆ ئەمریکا بەڵام ئێران لەکاتی جەنگدا خۆڕاگربوو کەم تا زۆر دەیتوانی وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بداتەوە و ئاسایشی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی کەنداو بخاتە مەترسیەوە ، هاوپەیمانی ناتۆش سەرەتا ڕازی نەبوون بە بەژداری کردن لەم جەنگە ئەم هۆکارانە یەکێک بوو لە هۆکارەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە بە پاساوی دانوسان ئەمە لە بەرژەوەندی ئێرانیش بوو بۆیە هەر زوو قبوڵ کرا و هەردوولا لێکنزیک بوونەوەیان لە نێواندا هەبوو بە نێوەند گیری پاکستان بەڵام دوای چەند جارێک دانیشتن و کۆبوونەوە سەرکەوتوونەبوون و ڕێک نەکەوتن.

پرسیارە سەرەکیەکە ئەمەیە بۆچی دووبارە شەڕ دەستی پێکردەوە و ئەمجارە ئیسرائیل بۆ بەشێک نیە لەم شەڕە ..؟ هەرچەندە من پێم وایە ئەگەر بە نهێنیش بێت ئیسرائیل بەژدارە بەڵام ئەوەی ئاشکرایە و میدیاکان باسی دەکەن ئیسرائیل بەشێک نیە لە جەنگەکە بە بۆچوونی من یەکێک لە هۆکارەکان پاراستنی ئیسرائیل بێت لە هێرشەکانی ئێران و گوومانیش دەکەم ئەمریکا ئەمجارەیان پاڵپشتی هاوپەیمانی ناتۆی بەدەست هێنابێت و وڵاتانی ناتۆ هاوکاری ئەمریکا بن بۆ دەست بەسەرا گرتنی گەرووی هورمز و ڕزگارکردنی لەدەست ئێران ، جگە لەمەش لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەگەر چەنگەکە درێژە بکێشێ پێم وایە بەریتانیا بێتە نێو جەنگەکە گورزێکی کوشندە لە ڕژێمی ئێران بدەن .

لەم حاڵەتە ئێران دوو بژاردەی لەبەر دەستایە
بژاردەی یەکەم : ڕازی بوونی بێ مەرج واتا بەبێ هیچ خاڵ و بژاردەیەک بە داواکاریەکانی ئەمریکا ڕازی بێت و کشانەوەی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروست کردنی موشەکی بالیستی بە فەرمی ڕابگەیەنێ و تەسلیم بێت.

بژاردەی دووەم : تەسلیم نەبوون و درێژەدان بە شەڕ و ڕووخانی ڕژێم یەکێکە لە ئەگەرەکراوەکان بەڵام بۆ ڕووخانی ڕژێم بەتایبەت ڕژێمی وڵاتێکی وەک ئێران بەهۆی فراوانی ڕووبەرەکەیەوە بۆ گۆڕانی ڕژێم پێویستمان بە هێزی سەربازی دەبێت ئایا ئەمریکا ئامادەیە هێزی سەربازی بەکاربێنێت یاخود سەربازی بەکرێگیراو شەڕەکەی بۆ دەکەن..

هەڵوێستی چین و ڕووسیا چی دەبێت لەم نێوەندەدا..؟!
بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری بەشێکی دانەبڕاوی دوونیایی سیاسەت بووە هۆکاری لێک نزیکی ڕووسیا و چین و ئێران تا ئێستا هەبوونی نەیارێکی هاوبەش بووە واتا بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ یەکدا هەبووە بەڵام ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز بەرژەوەندی ئابوری چینی خستۆتە ژێر مەترسیەوە چونکە بەشێکی زۆری بازرگانی چین لەم ڕێگایەوە بوو هەرچەندە ئەمە تاڕادەیەکش لە بەرژەوەندی ڕووسیا بوو ، بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندی چین نیە و ڕووسیاش ناتوانێ وەک پێویست هاوکاری ئێران بکات لەبەر ئەوەی خۆی لە جەنگێکی درێژخایەندایە لەگەڵ ئۆکرانیا ئەم هۆکارانە و هەندێک هۆکاری تر پاڵنەربوون بۆ دووبارە دەست پێکردنەوەی جەنگ و پێشبینی دەکەم گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدرێت بە ئاگاداری ڕووسیا و چین بە پاڵپشتی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی ناتۆ.

 

 

(*)

شوانی

Top