گەشەی دیپلۆماسی و ئاڵەنگارییەکانی تەبایی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان
شیکاری و لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی قەوارە دەستوورییە كاریگەرەكان لە ژینگەی ئاڵۆزی هەرێمی بە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی شیکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و جیوپۆلیتیکی هاوچەرخ دادەنرێت.
لەم چوارچێوەیەدا وەرچەرخانی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەکی دەستووری و نموونەیەکی گرنگی لێکۆڵینەوە بۆ ئەکتەرێکی هەرێمی بەرجەستە دەبێت، ئەکتەرێك کە توانیویەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی "دیپلۆماسیەتی هاوسەنگی" و هاوبەشیی ئاسایشییەوە لە شێوازی ئەکتەرێکی بەرگریکارەوە هەنگاو بنێت بەرەو ناوەندێکی قورسایی جیوپۆلیتیکی و دامەزراوەیی بەهێز.
گرنگیی خوێندنەوەمان لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو جیاوازییە دەردەکەوێت کە لە نێوان سەركەوتنی دیپلۆماسیی دەرەکی و گرێکوێرەی تەبایی دامەزراوەیی ناوخۆیی هەستی پێ دەکرێت، چونکە تێگەیشتنی قووڵ بۆ واقیع و داهاتووی هەرێمی کوردستان تەنها بە تۆمارکردنی دەستکەوتە دەرەکییەکان و قورسایی نێودەوڵەتییەکەی هەڵناسەنگێنرێت، بەلَکو بەو پێویستیە هەڵدەسەنگێنرێت، کە بۆ پشکنینی ئاستی توانای پێکهاتەی ناوخۆیی دەکرێت، کە لە یەکبوونی وتاری سیاسی و سەقامگیریی شایستە دەستوورییەکان خۆی دەبینێتەوە، لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئەم پێگە ستراتیژییە و دەستەبەرکردنی بەردەوامبوونی.
هەرێمی کوردستان لە ڕێڕەوی سیاسی و جیوپۆلیتیکی خۆیدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەرچەرخانێکی کاریگەری بە خۆیەوە بینیوە، کە بە گەشەیەکی دیپلۆماسیی بەرچاو و کارلێکی بەردەوام لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی تەبایی ناوخۆیی دەناسرێتەوە.
لە دوای داڕشتنەوەی هاوکێشەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان توانی سوود لە چەتری دەستووریی ساڵی ٢٠٠٥ وەربگرێت بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێگە جیوپۆلیتیکییەکەی، بەمەش توانی لە چوارچێوەی پرسی نەتەوەیی، بە ڕەهەندە بەرگریکارییە نەریتییەکانییەوە، بگۆڕدرێت بۆ ئەکتەرێکی نیمچە سەربەخۆ، کە تا ڕادەیەکی بەرچاو کارلێکی لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان هەبووە.
ئەم سەرکەوتنە دەرەکییە لە بەدامەزراوەییکردنی کاری دیپلۆماسی ڕەنگی دایەوە، ئەوەش لە ڕێگەی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فراوانکردنی تۆڕی نوێنەرایەتییەکان لە پایتەختەکانی بڕیار.
هاوكات لەگەڵ چەسپاندنی پێگەی هەرێم وەکو ناوەندێکی قورسایی ئاسایشی و ئابووری لە ئەنجامی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەمەجۆرکردنی تۆڕی هاوبەشە هەرێمییەکان، و وەبەرهێنان لە هێزی نەرم و بەڕێوەبردنی دۆسیەی مرۆیی، توانرا هەرێم وەکو نوێنەی سەقامگیری لە ناو ژینگەیەکی هەرێمیی پڕ لە ئاڵۆزیدا بە جیهان بناسرێنرێت.
لێرەدا سەرکردایەتیی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە داڕشتنی ئەم ڕێڕەوە دیپلۆماسی و دامەزراوەییە، بە شێوەیەك کە سەرکردایەتیی مێژوویی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی کۆڵەکەی سەرەکی پێکهێنا لە گواستنەوەی ئەکتەری کوردستانی لە قۆناغی شۆڕشی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی قەوارەسازی و نوێنەرایەتیی سیاسیی نێودەوڵەتی.
سەرۆك بارزانی وەکو مەرجەع قورسایی مێژوویی خۆی خستە گەڕ بۆ دروستکردنی تۆڕێك لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەی دەوڵەتە زلهێزەکان و وڵاتانی هەرێمی، و وەکو سەرکردە و ڕابەرێك سەرکردایەتیی مەیدانیی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە سەردەمی جەنگی دژی ڕێکخراوی "داعش"، کە ئەمەش هەرێمی کوردستانی وەکو هاوپەیمانێکی ئاسایشیی باوەڕپێکراو بەرجەستە کرد و توانی دانپێدانان و پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی بەربڵاو لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەستەبەر بکات.
لە درێژبوونەوەی دامەزراوەیی ئەم ڕوانگەیە، هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی بەرجەستە دەکات لە کاراکردنی "دیپلۆماسیەتی هاوسەنگ" و ڕەخساندنی ئاسۆی دیالۆگی نەرم لەگەڵ بەغدا و پایتەختە هەرێمی و جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان وەکوو سەکۆیەکی پەیوەندی و سەقامگیری، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی لە بەدامەزراوەییکردنی کاری حکومی، نوێکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دارایی، و جێبەجێکردنی چاکسازیی پێکهاتەیی بە ئامانجی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و چەسپاندنی ڕێساکانی فەرمانڕەوایی و حوکمڕانیی باش.
لەگەڵ ئەم سەرکەوتنە دەرەکییانە، پێویستییەکانی شیکاریی ستراتیژی جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەبایی ناوخۆیی کۆڵەکەی سەرەکی و مەرجی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ئەم دەستکەوتە جیوپۆلیتیکییە، چونکە قەیرانەکانی ململانێی حزبی، لێکەوتە داراییەکان و دەرئەنجامەکانی قۆناغی پاش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان پێویستی بە یەکخستنی وتاری سیاسی و دامەزراوەیی هەیە لە هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوە ستراتیژییە، یەکگرتوویی ڕێزەکانی ناوخۆ لەسەر بنەما و گرنگیپێدانەکانی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی دایە، کە بەبەردەوامی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرەی ناوخۆیی تەبا و دامەزراوە نیشتمانییە یەکگرتووەکان قەڵغانی بەرگرین بۆ هەرێم لە بەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکانی بەغدا و ناوچەکە.
ئەم هەڵوێستەش لە دەربڕینە ڕوونەکانی بەرامبەر ئەو لایەنانە دەردەکەوێت، کە ئاستەنگ لە بەردەم جوڵەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنی ڕۆڵی پەرلەمان دروست دەکەن، بەوەی جەخت دەکاتەوە کە پەکخستنی ڕێڕەوی دەستووری و دامەزراوەیی، پێگەی دانوستانکاری هەرێم لاواز دەکات و زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی دەگەیەنێت لە هاوکێشەی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
دکتۆر سامان سۆرانی

دكتۆر سامان سۆرانی