سەنگینی خانەنشینی لە نێوان پاراستنی شكۆ و كرانەوەی ڕێگە بۆ گەنجان

سەنگینی خانەنشینی لە نێوان پاراستنی شكۆ و كرانەوەی ڕێگە بۆ گەنجان

(*)

(سوكرات) گەورە فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ"زێڕی ڕاستەقینەی تەمەن، ئەو حیكمەتەیە كە لە دوای ڕەنجدان بەدەستی دەهێنێت، نەك ئەو سەروەتەی بە زەلیلی كۆی دەكەیتەوە".
كاتێك تەمەنی وەزیفی دەگاتە وێستگەی كۆتایی. مرۆڤ بەرامبەر قۆناغێكی نوێی ژیان دەستەوەستان ناوەستێت، بەڵكو دەچێتە ناو وەرزێك لە دروێنەكردنی بەرهەمی ساڵانی ڕەنج و ماندووبوونی. خانەنشین بوون بە مانای پەككەوتەیی و بێكاربوون یان پەراوێزكەوتنی كۆمەڵایەتی نایەت. بەڵكو دەستپێكی حەسانەوەیەكی شایستە و بەخشینی حیكەمەتە بە خێزان و كۆمەڵگە.
كەچی بەداخەوە ئەورۆ لە ڕەوتی كارگێڕیی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی دیاردەیەكی چاولێكەری و ناپەسند دەبینین. داواكاری بەردەوام و خۆ بچووككردنەوە و زەلیلی بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خزمەت بە تایبەت لەلایەن پلە تایبەت و پلەدار و ئەوانەی بەرپرسیاریەتیەكیان هەیە.یانیش یەكسەر پەڕینەوە و پاڕانەوە بۆ كاركردن لە كەرتی تایبەت یان هەر دامەزراوەیەكی تری پەروەردەیی تایبەت، ئەوە جگە لەوەی بارێكی قورسە لە سەر شانی ئەوانیتر، خۆبچووككردنەوەیە و بە مەرجی سەخت و مووچەی كەم هەیبەت و شكۆی ساڵانی خزمەت دەشكێنێت و تەندروستی جەستەیی و دەروونی خۆت تێك دەدەیت.
تێپەڕندنی تەمەنی یاسایی و داواكردنی درێژكردنەوەی خزمەت، یانیش بەو تەمەنەوە بازدان بۆ كەرتی تایبەت زیانێكی گەورە لە جەستەی دامەزراوەكان و كۆمەڵگە دەدات. مرۆڤێك كە تەواوی تەمەنی بە پۆست و پلە شكۆدا بەڕێكردووە، شایستەی ئەوە نییە لە بەرامبەر وەربەرهێنەرێكی گەنجی كەم ئەزموون خۆی بچووك بكاتەوە یان بپارێتەوە بۆ دەستكەوتنی دەرفەتی جۆراوجۆر. ئەو ڕەفتارە نەك هەر شكاندنی شكۆ و سەنگینی و بەهای ئەزموونی خۆیەتی، بەڵكو ڕێگری و ئاستەنگێكی گەورەش لە پێش توانای گەنجاندا دروست دەكات.
ئەو دیاردەیە جگە لەوەی زیانبەخشە و دەرفەت لە پێش گەنجان دادەبڕێنێ و داگیركردنی پۆستەكان و مانەوە لە بازاڕی كارە و خنكاندنی خەون و توانای ئەو گەنجە ئومێدەوارانەیە كە بە زانست و توانا و بڕوانامەی نوێوە دەیانەوێت خزمەتی نیشتمان بكەن و داهاتووی خۆیان بونیاد بنێن. لە هەمان كاتدا زیان گەیاندنە بە شیرازەی خێزان، چونكە خۆت و ماڵ و خێزان و خانەوادە لەو قۆناغەدا زیاتر لە هەر كاتێكدا پێویستیان بە بوون و ئامادەیی و حیكمەت و سۆزی خانەنیشینان هەیە، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو هەموو ساڵانەی كە سەرقاڵی وەزیفە لێی دابڕاندوون.
پێویستە لەو قۆناغە دا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كەسییەكان و خێزانی بەهێزتر و بە پێزتر بكەین و نەوەكان پەروەردە بكەین و كات تەرخان بكەین بۆ حەز و خولیا كەسییەكان و خودا پەرستی زیاتر و خوێندنەوە و نوسین و وەرزش و گەڕان ....
پێویستە تێگەیشتنمان بۆ خانەنشینی بگۆڕین، خانەنشینبوون شكۆمەندییە سەربەرزییە، قەناعەت و مافە، قۆناغی حەسانەوە و ئاسوودەییە و قۆناغی چێژ وەرگرتنە لە ئارامی و هێوری. نەك بێكاری و ڕاكە ڕاك بەدوای كار و هیلاكی كە هی خانەنشینان نییە، خانەنشینی ڕێزگرتنە لە سپێتی قژ و پاراستنی كەسایەتی و سەنگینی و ئەزموونی ڕابردوو كە هەردەم جێگای شانازییە. لە هەمان كاتیشدا بەجێهێشتن و چۆڵكردنی مەیدانە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان بۆ گەنجان و نەوەی ئاییندە.
ئەوەش گەورەترین دیاریی دانایی و دڵسۆزی و دەستپاكی دەبێت بۆ پاشە ڕۆژی كۆمەڵگە.

 

(*)


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top