پەرەنگ فەرازمەند بۆ گوڵان:لە ڕابردوو و ئێستا پەیوەندی و کارلێکی موزیکی لەنێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە هەبووە

پەرەنگ فەرازمەند بۆ گوڵان:لە ڕابردوو و ئێستا پەیوەندی و کارلێکی موزیکی لەنێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە هەبووە

پەرەنگ فەرازمەند، موزیکناس و توێژەری خەڵکی شاری مهاباد، ڕێچکەی هونەریی خۆی لە ساڵی ١٩٩٠ بە فێربوونی پیانۆ دەست پێکرد. بۆ ماوەی بیست ساڵ، لەنێوان تاران و کوردستاندا، بەشدارییەکی کارای لەگەڵ چەندین گرووپی ناسراودا هەبووە، لەوانە ئۆرکێسترای زانکۆی تاران، ئۆرکێسترای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تاران، ئۆرکێسترای نیشتمانیی سیمرغ، و گرووپی نیشتمان بۆ موزیکی کوردی. هاوکات، ساڵانێکی زۆر وەک مامۆستای موزیک خزمەتی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، کاروانی توێژینەوەی لەسەر موزیکی کوردی لە ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستان دەست پێکرد و لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە توێژینەوەکانی بۆ سەر موزیکی کوردانی تاراوگە لە سوید گواستەوە. تێزی ماستەر و دکتۆراکەی تایبەت بوون بە موزیکی دیاسپۆرای کورد و پەیوەندیی نێوان «دەسەڵات و جێندەر لە موزیکی کوردیدا». لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە وەک مامۆستای ئێتنۆموزیکۆلۆژی (موزیکناسیی کولتووری) لە زانکۆی مارتین لۆتێری ئەڵمانیا کار دەکات.

لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی موزیکی کوردی و دەڵێت: پاراستنی شوناس موزیکی هاوچەرخی کوردی، وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی سەردەم، لەژێر کاریگەریی کولتوورەکانی دیکەدایە. توخمە موزیکییەکانی تورکی، عەرەبی، فارسی و تەنانەت ستایلە ڕۆژئاواییەکان تێکەڵ بە موزیکی کوردی بوون و گۆڕانکارییەکی بەرچاویان تێدا دروست کردووە، بەڵام ئەم تێکەڵییە دوولایەنەیە؛ هەندێک لەم ژانرە نوێیانە توخمە کوردییەکانیان زیاتر پاراستووە، لە کاتێکدا هەندێکی تر زیاتر سروشتێکی «ئارابێسک» یان فارسییان وەرگرتووە. لەم نێوەندەدا بەرهەمی کوالێتی بەرز و نزمی زۆریش دەبینرێن.

پەرەنگ فەرازمەند بۆ گوڵان:لە ڕابردوو و ئێستا پەیوەندی و کارلێکی موزیکی لەنێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە هەبووە

پەرەنگ دەڵێ : موزیکی کوردی خاوەنی کۆمەڵێک سیمای تایبەتە کە لەوانی تر جیای دەکاتەوە. لە موزیکی کوردیدا، جگە لە زمان، فاکتەرەکانی وەک ستایلی ڕیتم، پەیژەکان، مەودای نێوان تۆنەکان، شێوازی ئەداکردن و جۆری ئامێرەکان ناسنامەی ئەم موزیکە دیاری دەکەن. بەڵام تایبەتمەندییەکی یەکلاکەرەوە کە بەداخەوە ئەمڕۆ کەم بووەتەوە، «قوڕگی گۆرانیبێژ»ـە. ئەو شێوازە گۆرانیوتنە تایبەتە، کە لەژێر کاریگەریی کولتوورە بیانییەکاندا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، بە گرنگترین پێناسەی موزیکی کوردی دادەنرێت.

سەبارەت بەپەیوەندیی موزیکی کوردی لەگەڵ دراوسێکانیش دەڵێ: لە ڕابردوو تا ئێستا پەیوەندی و کارلێکی موزیکی لەنێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە هەبووە. لە ڕابردوودا، بەهۆی کەمیی ئامرازەکانی پەیوەندی، جیاوازییە کولتوورییەکان زەقتر بوون. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا بەهۆی میدیا و جیهانگیرییەوە، تێکەڵاوییەکان زۆر زیاتر بوون.

لە بارەی کاریگەریی گۆرانیبێژە میللییەکان و سرووتە ئایینییەکان پێیوایەگۆرانیبێژە میللییەکان سەرچاوەی سەرەکی و پارێزەری شوناسی موزیکی کوردین. ڕەسەنترین و کوردیترین ئاواز و ڕیتمەکان لەوانەوە بە میرات ماونەتەوە و دەتوانرێت بگوترێت ئەوان ناسنامەی موزیکی کوردییان پێناساندووین. جگە لەوەش، بە تایبەت لە پارچە داگیرکراوەکاندا، لە ڕێگەی گۆرانییەکانیانەوە زمانی کوردییان پاراستووە. هەرچەندە بەداخەوە، هەندێک لە گۆرانیبێژە میللییەکانی ئەمڕۆ لە ڕێچکە ڕەسەنەکە لایان داوە.

لەلایەکی دیکەوە، کاریگەرییەکی دوولایەنە لەنێوان موزیکی کوردی و سرووتە ئایینییەکاندا هەبووە. سرووتە ئایینییەکانی کوردستان پڕن لە توخمی موزیکی کوردی (مەقام، ڕیتم و میلۆدی) و لە هەمان کاتدا کاریگەرییان لەسەر موزیکی گشتیی کوردیش هەبووە.

نوێگەری لە موزیکی کوردیدا: پرۆسەیەکی بەردەوام دیاریکردنی سەرەتای نوێگەری لە موزیکی کوردیدا ئاسان نییە، چونکە لە هەر سەردەمێکدا شێوازێک لە نوێبوونەوە هەبووە. هونەرمەندانی گەورە وەک تاهیر تۆفیق، حەسەن زیرەک و محەمەدی ماملێ، لە کاتێکدا سیمبولی ڕەسەنایەتی بوون، هاوکات نوێخواز و داهێنەری سەردەمی خۆشیان بوون.

لە سەردەمە نوێترەکاندا، کەسانی وەک موجتەبا میرزادە و گرووپی کامکارەکان شێوازی نوێیان هێنایە ئاراوە. هەروەها، تێکەڵکردنی موزیک لەگەڵ بابەتی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی و بەکارهێنانی توخمە ڕۆژئاواییەکان لەلایەن هونەرمەندانی وەک نەجمەی غوڵامی و ناسری ڕەزازییەوە، هەمووی بەشێکن لەم ڕەوتە.

نوێگەری چەندین ڕووی هەیە: بەکارهێنانی ئۆرکێسترای سیمفۆنی، داهێنانی پۆلیفۆنی (فرەدەنگی)، بەکارهێنانی ئامێری نوێ، گۆڕینی تێمای هۆنراوەکان (بۆ نموونە گۆرانیوتنی ژنان لە زمانی خۆیانەوە)، و شکاندنی تابووی ژەنینی هەندێک ئامێری فۆلکلۆری لەلایەن ژنانەوە. بەکورتی، هەر هەنگاوێک پێچەوانەی نەریتە باوەکان بێت، بە نوێگەری دادەنرێت.

فۆلکلۆری کوردی: گەنجینەیەکی پشتگوێخراو و بەکارهێنراو سەرەڕای دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی، بەداخەوە لە ڕووی ئەکادیمییەوە وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە.

هەرچەندە هەوڵی تاکەکەسی لەمێژە هەبووە (وەک ئۆسکارمانی ئەڵمانی لە ١٩٠٣ و دیێتێر کریستنسنی ئەمریکی لە ٢٠٠٧)، بەڵام توێژینەوەکان کەمن. خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەک توێژەری دڵسۆزی کورد خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستین، کە پەرەنگ فەرازمەند یەکێکە لەوان و خەریکی ئامادەکردنی کتێبێکە بە زمانی ئینگلیزی بۆ ناساندنی ئەم گەنجینەیە بە جیهانی ئەکادیمی.

جێگەی داخە کە نەتەوە دراوسێکان زیاتر لە کورد سوودیان لەم گەنجینەیە وەرگرتووە. بۆ نموونە، سیستمی «دەستگاهی» لە موزیکی فارسیدا، تێکەڵەیەکە لە موزیکی گەلانی ئێران کە پشکی شێری بەر موزیکی کوردی دەکەوێت.

Top