حەوت ساڵی پڕ سەروەری ، لە ئاستەنگەکانەوە بەرەو ئاوەدانی

حەوت ساڵی پڕ سەروەری ، لە ئاستەنگەکانەوە بەرەو ئاوەدانی

 

حەوت ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. ئەو ماوەیەی کە بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی دەستی پێکرد ، زیاتر لەوەی تەنها بەڕێوەبردنێکی ئاسایی بێت ، قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاریی گەورە و هەوڵدانێکی بێوچان بوو بۆ داڕشتنەوەی بناغەی حوکمڕانییەکی تەندروست و سەقامگیر.
1- خەونی چاکسازی و بەربەستە ناوخۆییەکان:

لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا ، کابینەکە لەسەر بنەمای کارنامەیەکی ڕوون دەستی بە کار کرد کە چەقەکەی چاکسازیی ڕیشەیی و نەهێشتنی گەندەڵی بوو. ئەم ئاراستەیە هەر زوو بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و ئەو بازنە بەرژەوەندخوازانەی کە بوونی خۆیان لە پشێوی و گەندەڵیدا دەبینییەوە. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە بە ئاشکرا ، ڕێگەی بۆ دروستبوونی تەنگژەکان خۆش کرد ، چونکە چاکسازی لە هەر سیستە مێکدا بێگومان دەبێتە هۆی بێزارکردنی ئەو کەسانەی کە لە دۆخی پێشووتردا سوودمەند بوون.
2- تاقیکردنەوەی مێژوویی: پەتای کۆرۆنا و زاڵبوون بەسەر نەهامەتیدا :

لە ناوەڕاستی ئاڵنگارییەکاندا ، جیهان ڕووبەڕووی پەتایەکی لەناکاوی وەک (کۆرۆنا) بووەوە. لەو ساتە سەختەدا کە وڵاتانی زلهێزیش بە دەست قەیرانی تەندروستی و ئابووریدا دەیناڵاند ، کابینەی نۆیەم بە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە مامەڵەی کرد. حکوومەت توانی بە کەمترین کەرەستە و لە ژێر قورسترین گوشاری داراییدا سیستمی تەندروستی هەرێم لە داڕمان بپارێزێت. پلانی وردی حکوومەت، خستنەگەڕی هەموو تواناکان و ڕێنماییەکان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان ، وایکرد هەرێمی کوردستان بە کەمترین زیان ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت. ئەمە تەنها سەرکەوتنی پزیشکی نەبوو، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ئیرادەی حکوومەت بوو لە پاراستنی گیانی خەڵک لە کاتێکدا کە زۆربەی دەرگاکانی داهات ڕووی لێ داخرا بوو.

3- فشارەکان و گەمارۆی دەرەکی:

هەوڵەکانی کابینەکە تەنها لە سنووری ناوخۆ نه وە ستا ، بەڵکو لە ئاستی پەیوەندی لەگەڵ بەغداشدا بەرەوڕووی جۆرێک لە سیاسەتی برسیکردن) و (بەکارهێنانی قووتی خەڵک وەک کارتی فشار) بووەوە. لەبری ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی وەکو شەراکەتێکی دەستووری مامەڵە بکات ، بەداخەوە لە زۆربەی قۆناغەکاندا بێدەنگی یان بەشداری لە دروستکردنی ئاستەنگدا هەڵبژارد. ئەمەش وایکرد کابینەی نۆیەم لە دوو بەرەی سەختدا شەڕی پاراستنی کیان و مافەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
4-کۆڵنەدان وەک بژاردەی کۆتایی:

سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی کە بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی حکوومەتی هەرێم دانرابوون ، بەڵام ئەم کابینەیە بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و پاڵپشتیی ڕێزدار سەرۆک بارزانی ، توانی خۆڕاگر بێت. نهێنیی سەرکەوتنی ئەم کابینەیە لە بەزاندنی ئاڵنگارییەکاندا تەنها لە پلانەکانی حکوومەتدا نەبوو ، بەڵکو لەو بڕوایەدا بوو کە (بڕیاری نیشتمانی) نابێت ملکەچی دەستوەردانی دەرەکی بێت.
حەوت ساڵ تێپەڕین بەسەر تەمەنی ئەم کابینەیەدا ، وێنەیەکی ڕوونی پێشکەش کرد کە چۆن سەرکردایەتییەکی خاوەن بڕیار دەتوانێت لەناو گەردەلولی تەنگژەکاندا ، کەشتییەکە بەرەو کەنارێکی ئارامتر ببات. ئەگەرچی ڕێگاکە پڕ بوو لە بەربەست ، بەڵام ئەزموونی ئەم حەوت ساڵە سەلمێنەری ئەوە بوو کە دەوڵەتداریی ڕاستەقینە بریتییە لە مانەوە لەسەر بەهاکان و دەستبەردارنەبوون لە مافە ڕەواکانی نەتەوەیەک ، تەنانەت لەوپەڕی سەختی و فشارەکانیشدا.

Top