(نــــە ئــێـــران ڕێککەوتنی دەوێت و نـــە ئـــەمـــه‌ریکاش جەنگ)

(نــــە ئــێـــران ڕێککەوتنی دەوێت و نـــە ئـــەمـــه‌ریکاش جەنگ)

(*)

زیاتر لە پێنج مانگە ئەمریکا و ئێران لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە کە ئەستەمە بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، ئەمریکا بەتەواوی خوازیار نییە بۆ جەنگی دژی ئێران و ئێرانیش ویستی ئەوەی نییە بە دڵی ئەمریکا ڕێککەوتن بکات

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە ئێران جەنگی بوێت و ئەمریکا لە جەنگی ئێران بترسێت، بەڵام ئێران سیاسەتێکی واقیعی پەیڕەو دەکات ئێران دەزانێت سەرکردەکانی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا دیلی سیستمێکن کە وڵاتەکەیان لەسەری بەڕێوەدەچێت ئەو سەرکردانە ماوە کورتن واتە دوای تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتییەکەیان ئەو کەسەی دواتر دێتە سەر حوکم دەکرێت جیاوازی هەبێت لە تێڕوانین و کارکردنی لەچاو سەرکردەی پێش خۆی، بەڵام بۆ ئێران تەواو جیاوازە چونکە ڕابەرێک هەیە تا دەمرێت هەر خۆیەتی بۆیە ئێران بە کات کوشتن ئەو شتە بە سەرکردەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی دەڵێت کە ئێمە هەر دەمێنین بەڵام ئێوە دەڕوون و نامێنن بۆیە ئێران نایەوێت ملکەچی ڕێککەوتنێک بێت کە بەخواستی ترەمپ دەکرێت و ئێران بەتەواوی بەچوکدا دەدات بەڵکو دەزانێت کە سیستمی ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکاش بە گشتی هاودەنگ نین لەگەڵ ترەمپ و بە دڵنیایەوە ئێران بتوانێت سەردەمی ترەمپ بەم هاوسەنگییە تێپەڕێنێت نە ڕێککەوتنێکی کوتایی بکات و نە جەنگێکی گەورە بۆ قوناغی دوای ترەمپ ئێران قازانجی زۆڕ دەکات

لەلای ئێران پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ڕێککەوتن و جەنگ ئەولەویەتە تا بتوانن ئەم قوناغە سەختەیان تێپەڕێنن، بەڵام بۆ ترەمپ بابەتەکە تەواو جیاوازە ترەمپ دەزانێت کە ئەوەی ئەو دەیکات کۆدەنگییەکی تەواوی ئەمریکییەکان نییە لەسەری چونکە نە کاتی بەرپاکردنی جەنگەکە و نەشێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکەش گونجاو نەبوون بەڵکو ئەم جەنگە بە بڕیاری تاکلایەنەی ترەمپ بەبێ حیسابکردن بۆ هاوپەیمان و دوژمنەکانی دەستی پێکرد، ترەمپ حەزێکی زۆڕی هەیە بۆ پاڵەوان بوون و پێی وابوو خۆی بە تەنیا دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و چیڕۆکی پاڵەوانبوون بنووسێتەوە

ئەو سەرکردەیەی دوای ترەمپ دێت دەکرێت واقعی تر بێت و هەمان مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ ئێران نەکات بۆیە ترەمپ دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت بەچوکدادانی ئێران بکات بە دەسکەوت بۆ خۆی و ناوی خۆی لە مێژووی ئەمریکادا بە درەوشاوەیی بهێڵێتەوە بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە لە نێوان دوو بژاردەدایە بژاردەیەک ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران و دەبێت ئەو ڕێککەوتنە بەتەواوی لەئاست خواستەکانی ئەمریکادابێت کە ئێران ئامادەنییە بژاردەی دووەم جەنگە ترەمپ لەوانەیە ویستی ئەوەی هەبێت بەڵام توانای ئەوەی نییە چونکە نە لە کونگرێس و نە لە ئەنجومەنی پیران و نە لە شەقامی ئەمریکاش ئەو بژاردەیە قبولکراو نییە

کەواتە دەتوانین بڵێین ئێستا نە ئەمریکا جەنگی دەوێت و نە ئێرانیش ڕێککەوتن، ئەمریکا دەیەوێت بە زوویی دەسکەوتی جەنگەکە ببینێت و ئێرانیش پەلەی نییە و پێی وایە دەتوانێت لە داهاتوودا دەسکەوتی هەبێت

(*)

چاڵاكوان و چاودێر

(نــــە ئــێـــران ڕێککەوتنی دەوێت و نـــە ئـــەمـــه‌ریکاش جەنگ)
Top