سەراوگێڕی چاوەڕوانییەكان
(سوكرات) فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ"مرۆڤەكان لێڵترین و قووڵترین دەقن بۆ خوێندنەوە، كاتێك پێم وایە هەموو شتێك دەزانن. تێدەگەم كە هێشتا نەبوومەتە ناسیاوی ناخیان".
بێگومان ژیان لە جەوهەری خۆیدا شانۆیەكی گەورەی پڕ لە گێژەلووك و هاوكێشەی پێشبینی كراوە. ئێمە وەك مرۆڤ بە هۆنراوە و شیعری خەیاڵ و هیوای سادە، تەونی متمانە و دڵنیایی لە دەوری ئەو كەسانە دەچنین و دەڕێسین كە پێمان وایە دەبنە كەپڕ و ساباتی سێبەر و پەناگەی ڕۆژانی تەنگانە و پێویستیمان، بەڵام ڕۆژگار هەمیشە بەپێی نەخشەی مێشكی ئێمە و هیوا هەڵچنراوەكانمان ڕێ ناكات. كەچی ژیان بەردەوام وانەیەكی لێڵ و تەڵخ، بەڵام ڕاستەقینەمان فێردەكات. كە زۆر جاران وابووە گەورەترین تاقیكردنەوە رووبەڕووبوونەوەی خودی مرۆڤەكانە لە كاتی باو و بۆران و باهۆزەكاندا.
بێ شك زۆر بە ئیش و ئازار بەخشە كاتێك هەریەكێك یان مرۆڤێك تەواوی قورسایی هیواو و خۆزگەكانی لە سەر شانۆیی كەسانێك دادەنێت كە پێی وابووە نزیكترینی ئەون، لە گۆڕەپانی ژیان و لە هەوراز و نشێوی گوزەران و لە ژێر تیشكی بەرژەوەندییە ناڕەسەن و دژوارەكاندا. لە پڕێكدا ماسكە ڕازاوەكان دەوەرن و لەدوای خۆیان تەنیا نامۆییەكی ناشیرین و قێزەون و سارد بەجێدەهێڵن ئەوانەی چاوەڕێی گەورەترین دەستباری و هاوسۆزیان لێدەكردن. دەبنە یەكەم نشوستی و داڕوخان و تێكشكێنەری قەڵای باوەڕومتمانەمان. ئەو جۆرە لادانە لە دەقی چاوەڕوانی برینێكی قووڵ و لە بیرنەكراو لە ڕوحی مرۆڤدا جێدەهێڵێت. چونكە نەك هەر پەیوەندییەكە سارد دەكاتەوە و ناهێڵێت، بەڵكو مرۆڤ تووشی گومانێكی فیكر دەكات بەرامبەر بە چەمكی (ڕاستگۆیی و دڵسۆزی). ئەلێرەدا هەموو سێبەرەكان دەبنە تەم و مژ و پێشبینیەكان تێكدەشكێن.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێچەوانەكەی هەیە ڕێك لە بەرامبەر ئەو تاریكییەدا. ژیان هەمیشە لایەنە جوان و ڕوناكەكەی خۆی پێشكەش دەكات. لەو چركە ساتانەی كە ڕوح شەكەت و ماندووە و لە چاكە و خێر و سۆزی چوار دەور بێهیوا و بێئومێد بووە ، کتوپڕ لەناکاو مرۆڤگەلێک لە پەراوێز ودامێنی نیگەرانی و بێدەنگیدا سەرهەڵدەدەن كە هەرگیز لە بازنەی پێشبینیەكانماندا نەبوون. كەسانێك كە ڕەنگە پەیوەندییەكی ئەوتۆی فەرمی و یان بەرژەوەندیخوازیان پێمانەوە نەبوو بێت. بەڵام بە هەڵوێستێكی مەردانەی بێدەنگ بە پشتیگرییەكی بێبەرامبەر بە كاتییەك لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی بە پەروەردەكردنێكی ڕەسەنانە. دەبنە تیشكی ڕووناكی بۆناوشەوە زەنگەكەمان .
ئەو مرۆڤە پاڵەوانانە . بەبێ دەنگەدەنگ و شانازی و منەت كردن. دەیسەڵمێنن كە ئەڵماس و كانزای ڕاستەقینەی مرۆڤایەتین لە ناو سادەیی و دڵپاكی و نیەتباشی دەپشكوێن، ئەو جۆرە مرۆڤانە پێمان دەڵێن و فێرمان دەكەن مەزنترین دڵسۆزی و جوانترین ڕاستگۆیی ئەو چاكەیەیە كە چاوەڕوانی پادداشتی لە پشت نییە، ئەوەیە پێی دەڵێن سەرسورمانە جوانیەكان وەكو پشكوە چرۆی ناوبیابانن.
بێگومان لە نێوان ئەو دوو وێنەدا ئەو دوو سەرسوڕمان و شۆكانەدا. چی ئەوانەی بە نائومێدی دڵمان وردوخاش دەكەن و دەشكێنن، یان ئەوانەی بە میهرەبانی ڕوحمان ئاودەدەن و دەژیێنەوە. هەموویان بۆ یەك ئامانجی باڵا لە ژیانماندا ڕوو دەدەن تاوەكو فێر ببین مرۆڤەكان وەكو خۆیان بیانبینین. نەك وەك ئەو وێنە خەیاڵییەی كە خۆمان لە هۆشماندا بۆمان كێشاون.
لە بیرمان نەچێت متمانەی ڕەها تەنها شایستەی پڕەنسیپ و بەها جێگیرەكانە، چونكە سروشتی مرۆڤ لە نێوان نەرمی و گۆڕاندا هەمیشە لە جووڵە دایە، جوولەی جیاواز...
گەورەترین وانەی ئەو پەروەردەیەی ژیانەش ئەوەیە كە دڵمان بە كراوەیی ڕاگرین. نە بەنائومێدی ئەوانەی لێیان دەڕوانین بڕوخێنین و نە لە میهرەبانی و جوانی ئەوانەی چاوەڕێمان نەكردوون بێبەش ببین. لێگەڕێ با ڕۆژگار كانزاكان جیا بكاتەوە. چونكە لە كۆتاییدا (تەنها زێڕە ڕاستەقینەكان كە لە ناو كورەی تاقیكردنەوەكاندا بە درەوشاوەیی دەمێننەوە ).
(*)
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن