56 وڵات داوای جێبەجێکردنی سنووردارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران دەکەن
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ٥٦ وڵات لەوان ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و کەنەدا، جەختیان لەسەر بەردەوامی جێبەجێکردنی ئەو سنووردارکردن و پابەندبوونانە کردەوە کە لە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران سەریان هەڵداوە.
وڵاتانی واژۆکار ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی کەرەستە و تەکنۆلۆژیاکان کە دەتوانرێت لە چالاکییە هەستیارەکانی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێن، بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ و سیستەمی گەیاندنیان، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی.
هەروەها سنووردارکردنی گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئێران یان لە ئێرانەوە لەم چوارچێوەیەدا جێگیر کراوە. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە ئێران دەکرێت بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و هاوکاری تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و وەڵامدانەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
گوڵان: سەردار خەلیل
