د. فەرهاد ئەترووشی: پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بەمشێوەیەی ئێستای ناڕێکە

د. فەرهاد ئەترووشی:  پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بەمشێوەیەی ئێستای ناڕێکە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بەمشێوەیەی ئێستای ناڕێکە و هەموو هەوڵێک دەدەن لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان تاوەکو ڕێگری لە پەسەندکردنی بگرن بەو شێوازەی داڕێژراوە.


ڕۆژی سێشەممە 06-10-2026، د. فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە، لەسەر پرسی دواکەوتنی مووچە و بودجەی 2027 گفتوگۆکرا.
دکتۆر فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ راگەیاند، ئەو 13 تریلیۆن دینارەی لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە وەک خۆی نانێردرێت و کەمتر دەبێتەوە، چونکە بەپاساوی دانەوەی چەند قەرزێک بەشێکی لێ دەبڕدرێت، لەوانە قەرزی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) و قەرزەکانی حکومەت، بەڵام هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان، ڕێگری لە تێپەڕاندنی بکەین.
ئەو پرۆژەیەی ئامادەکراوە، کەموکوڕی زۆرە لە بەشێکی زۆری خاڵەکاندا هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک مەرج پابەندکراوە، کە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنیاندا سزای بۆ دیاریکراوە.
تاوەکو ئێستا نرخی نەوت بە خەمڵێنراوی دیاری نەکراوە، لە هەمان کاتدا بڕی 47 تریلیۆن دینار بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکراوە کە بڕێکی بەرزە.
لەبارەی دواکەوتنی بەردەوامی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، د. فەرهاد ئەترووشی ئاشکرای کرد کە بە وەزیری دارایی عێراقی گوتووە: بۆچی دەبێت هەموو جارێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوا بخرێت".
پێشنیازی بۆ وەزیری دارایی کردووە پێی وتووە ئەگەر بەڕاستی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق و هەرێم یەکسانن، با بۆ چەند مانگێک تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان پێش پارێزگاکانی دیکەی عێراق بخرێت، وەزیری داراییش لە بەرامبەردا بەڵێنی داوە کە کاری لەسەر بکات.

Top