سندووقی دەنگدان یان ڕێککەوتنی زیندان؟ بۆچی پارتی هەمیشە براوەیە؟

سندووقی دەنگدان یان ڕێککەوتنی زیندان؟ بۆچی پارتی هەمیشە براوەیە؟

 

 

جارێکی دیکە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان شاهیدی کۆمەڵێک جووڵەی نائاساییە. یەکێتی و نەوەی نوێ دەیانەوێت بە جۆرێک لە "ڕێککەوتنی زیندان" و دروستکردنی ترس، باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان بە قازانجی خۆیان ڕاست بکەنەوە. بەڵام ئەوەی مێژوو و واقیع پێمان دەڵێت شتێکی تەواو جیاوازە لەوەی ئەوان بە خەیاڵ بیری لێدەکەنەوە؛ ئەم دوو لایەنە، بە جیا و پێکەوەش، هەمیشە و لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەرانبەر پارتی شكستیان هێناوە.
ئەگەر تەنیا سەیرێکی سندووقەکانی دەنگدان بکەین، هەموو ڕاستییەکانمان بۆ دەردەکەوێت. داتاکان زۆر ڕوونن و قسەی خۆیان دەکەن؛ هەر لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، هیچ کەس و هیچ لایەنێکی سیاسی نەیتوانیوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دەنگی جەماوەر بەدەست بهێنێت. ئەگەر بە ژمارە قسە بکەین، قەبارەی دەنگەکانی پارتی هەمیشە بە جۆرێک بووە کە سێ هێندەی ڕکابەرەکانییەتی. بۆ نموونە، کاتێک پارتی بەردەوام دەنگەکانی لە سەرووی هێڵی دڵنیاییەوەیە، ڕکابەرەکانی ئەگەر هەمووشیان یەکبگرن، ناتوانن نیوەی ئەو متمانەیەی خەڵک کۆبکەنەوە.
ئەو پیلانە نوێیەی کە بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە، هەر لە سەرەتاوە سەرەنجامەکەی بە شکست کۆتایی دێت. ئەمە یەکەم جار نییە هەوڵ دەدرێت پارتی پەراوێز بخرێت یان هەرێم تێکبدرێت. پێشتریش لە چەندین قۆناغی جیاوازدا هەوڵی زۆر گەورەتر درا بۆ لاوازکردنی پارتی، بەڵام نموونەکان سەلماندیان کە هەمیشە پارتی بەهێزتر بوو، و ئەوانەی پیلانیان گێڕا خۆیان لاواز بوون و لە گۆڕەپانەکەدا پاشەکشەیان کرد.
سەبارەت بە نەوەی نوێ، ئێستا خەڵکی کوردستان زۆر هۆشیارە و بە ڕوونی دەزانێت کە شاسوار عەبدولواحید کەسێکی دۆڕاوە. ئەو کەسەی کە ڕۆژانێک دروشمی گەورە و بریقەداری دەدا و باسی گۆڕانکاری دەکرد، ئێستا دەرکەوت کە پیاوێکی زۆر بچووکە. ئەو تەنیا لە ترسی زیندان و دادگا، ئامادەی هەموو جۆرە تەنەزوولێک بووە و ملی بۆ ڕێککەوتنی ژێربەژێر داوە. بەم دۆخەی ئێستایەوە لەبەردەم دەنگدەرانیدا، پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تەنانەت یەک کورسیش نەهێنێت، چونکە یاری بە هەستی خەڵک کرد و ڕاستییەکانی شارایەوە.
خەڵکی کوردستان زۆر باش تێدەگات، ئەو لایەنەی متمانەی جەماوەری دۆڕاندووە، تەنانەت ئەگەر ١٠ هاوپەیمانێتی دیکەی زۆرەملێش پێکبهێنێت، هەرگیز ناتوانێت بەرانبەر پارتی ببێتە هێز و پێگەی خۆی قایم بکات. پارتی حزبی کردارە و باوەڕی تەواوی بە دیموکراسی، سندووقی دەنگدان و پڕۆسەی هەڵبژاردن هەیە. پارتی بڕوای بە موجامەلەی سیاسی نییە لەسەر حیسابی ئیرادەی خەڵک؛ کێ دەنگی زۆرینەی هێناوە، مافی خۆیەتی حوکمڕانی بکات.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین دەیان جار پارتی، یەکێتیی لە لێواری کەوتن و لەناوچوون ڕزگار کردووە. پارتی چەندین جار نەرمی نواندووە و دەستی گرتوون بۆ ئەوەی دۆخی سیاسیی کوردستان تێکنەچێت و سەقامگیری بمێنێتەوە، بەڵام دیارە ئەو هەوڵانە بێهوودە بوون و ئەوان نەیانتوانیوە سوود لەو دەرفەتانە ببینن و وانە لە مێژوو وەربگرن.
لە کۆتاییدا، باشترین و تاقە چارەسەر بۆ ئەو هێزانە ئەوەیە، لەبری خۆماندووکردن بە پیلانی بێئەنجامەوە، واقیع پەسەند بکەن و بە ئاشکرا دان بە گەورەیی و پێگەی پارتیدا بنێن. خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و ئەم بڕیارەش تەنیا لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەسەلمێندرێت، نەک بە ڕێککەوتنی پشتی پەردە و زیندان.

Top