یاسا، زیان گەیاندن بە ئوتۆمبێلی خەڵك

یاسا، زیان گەیاندن بە ئوتۆمبێلی خەڵك

 شوختدان یان خراپكردنی بۆیاخی ئۆتۆمبێلی كەسێكی دیكە، تەنیا كردەیەكی نائەخلاقی نییە، بەڵكو لە ڕوانگەی یاساییەوە بە تاوان ئەژمار دەكرێت و بەرپرسیاریەتیی سزایی و شارستانی لێ دەكەوێتەوە، لە ڕووی سزایی بەپێی یاسای سزاكانی عێراقی – هەمواركراو، شوختكردن لە ئۆتۆمبێلی خەڵكی دیكە دەبێتە زیانگەیاندن بە ماڵی گوازراوە، كە ماڵی بكەری تاوان نییە، و سزاكەی بریتییە لە بەندكردن (الحبس) بۆ ماوەیەك كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، و پێبژاردن كە لە (٢٢٥٠٠٠) دینار زیاتر نەبێت، یان یەكێك لەم دوو سزایە، بەگوێرەی ماددە (٤٧٧) لە یاسای ناوبراو، ئەگەرچی سزای پێبژاردنەكە كەمە، بەڵام دەكرێت دادوەر تیشك بخاتەسەر سەپاندنی بەرزترین سزای ڕێگەپێدراو كە لە مادەكەدا هاتووە، بەتایبەت لە حاڵەتێك كە بكەری تاوان زیانی بە ماڵی گوازراوە (ئۆتۆمبێل)ی چەندان كەسی گەیاندبێت. لە ڕووی شارستانی، جگە لە بەرپرسیاریەتیی سزایی كەسی تاوانكار، بەرپرسیاریەتیی شارستانیشی دەكەوێتە ئەستۆ بە قەرەبووكردنەوەی دارایی، بەپێی مادەكانی (١٨٦/١) و (٢٠٧/١) لە یاسای شارستانی، چونكە كارەكە دەچێتە چوارچێوەی كاری ناڕەوا، بۆیە پابەند دەكرێت بە: قەرەبووكردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێل بە چاككردنەوەی شوختەكان، جا بە هەر ڕێگەیەك بێت، قەرەبووكردنەوەی دابەزینی نرخی ئۆتۆم بێلەكە بەهۆی تێكچوونی بۆیاخی ڕەسەنیەوە.

 

Top