كارى سیاسى له‌به‌ر رۆشنایى تیۆرى یه‌كسانى
سیاسه‌ت، چ له رابردوو و چ له ئێستادا، كاریگه‌رى هه‌بووه و هه‌یه به‌سه‌ر ته‌واوى كایه‌كانى ژیان. به‌شێكى هاونیشتمانیان له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن و سه‌رقاڵى چاڵاكى سیاسین. كاركردن له سیاسه‌تدا چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌نداره به تواناكانى تایبه‌ت و كه‌سێتى، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌سته و گرێدراوه به لایه‌نه‌كانى سه‌روتر و ئه‌ندامانى پارتێكى سیاسى یان رێكخراوێكى جه‌ماوه‌رى و پیشه‌یى و سه‌ندیكاكان.
له بوارى ره‌زامه‌ندى له كاركردندا تیۆرێك هه‌یه به‌ناوى بیردۆزى یه‌كسانى (Equally Theory) كه له ساڵى (1963) له لایه‌ن تارى ئادامز (Tary Adams) دانراوه. ئه‌گه‌رچى ئه‌م تیۆره له بنه‌ڕه‌تدا له بوارى سایكۆلۆژیاى كار بۆنیاتنراوه، به‌ڵام ده‌كرێ له بوارى جیاوازدا سوودى لێوه‌ربگیرێت. ئه‌م تیۆره پێى وایه ره‌زامه‌ندى له كاركردندا په‌یوه‌نداره به ئاستى ئه‌و یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رییه‌ى كه له كاركردندا بوونى هه‌یه. ئه‌ویش له رێگه‌ى ئه‌و به‌راورده‌ى كه ئه‌و تاكه له نێوان ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه دا ده‌كات كه میانه‌ى كاركردنیدا و له نێوان ئه‌و پاداشت و پاڵنه‌رانه‌ى كه له خه‌ڵكانیتره‌وه ده‌ستى ده‌كه‌وێت، ئه‌نجامى ده‌دات.
ئه‌و بیردۆزه خۆى له‌و بیرۆكه‌یه‌دا ده‌بینێ كه مرۆڤه‌كان كاركردنى خۆیان وه‌ك كارێكى گشتیدا ده‌بینن كه له كۆمه‌ڵێك پێدراو و داتا (المدخلات یان Inputs) و هاوكات ده‌رهاوێشته (المخرجات یان outputs) و به‌رهه‌مدا ده‌بینێت و پێكهاتووه. كه پێدراو و داتاكان خۆیان له‌و بزاڤ و هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵا و توانایى و ئه‌زموونانه‌دا ده‌بینێ كه تاك پێى هه‌ڵده‌ستێ، و ده‌رهاویشته‌كان و به‌رهه‌مه‌كانیشى هه‌مان ئه‌و پێداویستیانه‌ن كه بریتین له پاداشتى مادیى وه‌ك مووچه یان لایه‌نه‌كانى رێزگرتن و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ى كه كه‌سه‌كان وه‌ده‌ستى ده‌هێنن. به‌واتایه‌كیتر به پێى ئه‌م بیردۆزه ئاستى ره‌زامه‌ندى له كاركردندا راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ئاستى دركپێكردنى تاكى و چۆنیه‌تى هه‌ڵسووكه‌وتكردنى تاكه‌كان له لایه‌ن كه‌سانیتره‌وه به شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه. ئه‌م تیۆره پێى وایه له میانه‌ى كار و پیشه‌دا تاك ئه‌و كاته هه‌ست به ره‌زامه‌ندى و دڵخۆشى ده‌كات كه هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان پێدراو و داتا و به‌شداریكردن له كاردا، و هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ره‌نجام و ده‌رهاویشته‌كاندا به‌دیبكرێت.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌بێ لێره‌دا ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتبێ كه ره‌زامه‌ندى له كاركردن له نێو پارتێكى سیاسى یان ده‌زگایه‌كى حكومى یان سه‌ندیكا و رێكخراوێكى جه‌ماوه‌رى-پیشه‌یى چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌نداره به خۆدى كادیره‌كان، ئه‌وه‌ندش په‌یوه‌سته به رێزلێنان له ئه‌وان له لایه‌ن كه‌سانى سه‌روتر و هاوپیشه‌كانى و خه‌ڵك و كادیره‌كانى خوارووتریان. راسته كه كادیرێكى سیاسى له به‌رامبه‌ر ئه‌رك و كاره‌كه‌یدا بڕێك پاره وه‌ك پاداشت وه‌رده‌گرێ به‌ڵام له هه‌مانكاتدا پشته‌وانیى لایه‌نه‌كانى خوارووتر و سه‌رووتریش پاڵنه‌رێكى به‌هێزى مۆرالین، كه وزه‌یه‌كیترى پێده‌به‌خشن و ده‌بن به هانده‌رى زیاترى ئه‌و كادیرانه له كاركردن و چاڵاكى نواندندا. كاتێك ئه‌و پاڵده‌رانه بوونى نه‌بێ، له‌و كاته‌دا كادیر هه‌ست ده‌كات رێز له كاره‌كه‌ى نه‌گیراوه و كار و چاڵاكى و هه‌وڵه‌كانى به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه و خۆى له خۆیدا ئه‌وه ساردكردنه‌وه‌یه‌تى له كار و چاڵاكیدا. و نابێ ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچێ كه كاتێك ده‌رفه‌ت به پێشكه‌وتنى كادیره‌كان ده‌درێت و رێگه‌یان له‌به‌رده‌م خۆشده‌كرێت كه ئه‌وان له قۆناغه‌كانى داهاتوودا هه‌نگاوى دیكه بهاوێژن به‌ره‌و لووتكه‌ى ده‌ستكه‌وته‌كان له میانه‌ى كاریاندا و له ئاست كارى خۆیاندا به‌رپرسیارێت هه‌ڵگرن، و ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكى به‌هێزن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كادیرانه هه‌ست به ره‌زامه‌ندى بكه‌ن و له ئایینده‌دا چاوه‌ڕێى پێشكه‌وتنى زیاتریان لێبكرێت. مرۆڤ به سروشت وایه. هه‌ر ده‌ستكه‌وتێك خۆى له خۆیدا پاڵنه‌رێكه بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ له په‌یژه‌كانى كاركردندا به بۆێرى هه‌نگاو بنێت و بۆ گه‌یشتن به لووتكه زیاتر خۆى ماندوو بكات چوونكه هه‌ست به‌وه ده‌كات ئاڵنگارى له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنى و سه‌ركه‌وتنى نین یان لانیكه‌م كه‌من. ئه‌مه‌ش خۆى ده‌بێته ئه‌گه‌رى تێركردنى به‌شێكى به‌رچاوى پێداویستییه‌كانى سایكۆلۆژى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مادییه‌كانى، كه بۆ بره‌ودان به كاره‌كه‌ى به پێویست و گرنگ هه‌ژمار ده‌كرێن.
كادرى سیاسى، له هه‌موو ئاسته‌كان، ده‌توانن به بڕوایه‌كى پته‌و و له‌سه‌ر بنه‌ماكانى دیمۆكراسى و نیشتمانپه‌روه‌رى به دڵسۆزانه كار بكه‌ن و له نێو سه‌ركردایه‌تى و خه‌ڵكدا ببن به جێگه‌ى متمانه، و له‌و رۆانگه‌یه‌وه ببن به هۆكارى پێشكه‌وتنى خۆیان و ئه‌و پارته سیاسییه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ى كه كارى تیایدا ده‌كه‌ن، و كوردستان له ئێستادا، له هه‌موو كاتێك زیاتر، پێویستى به‌و جۆره كه‌سانه‌یه كه به دوور له به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه تایبه‌ته‌كان و ناوچه‌گه‌رێتى، یارمه‌تیده‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌یان بن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه مه‌زنانه‌ى، كه له رابردوودا خه‌ڵكى جیاواز به رێبه‌رایه‌تى بارزانیى نه‌مر و له ئێستادا جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و شه‌هیدانى كوردستان خه‌باتیان له پێناودا كردووه و ئۆمێدى ئایینده‌ى كوردستان بن. *پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*