هه رێمێک ڕەگی لە خوێندا بێت، بە ڕەشەبای لێدوان نالەرزێت

هه رێمێک ڕەگی لە خوێندا بێت، بە ڕەشەبای لێدوان نالەرزێت

 

 

مێژووی ئەم نیشتمانە بە مەرام و بەرژەوەندیی کاتیی هەلپەرستان نەنووسراوەتەوە، تا ئەمڕۆ بە زمانی هەڕەشە و سێبەری مەرجدارکردنی داهاتووەکەی، سەرەوژێر ببێت.
ئەم هەرێم و قەوارەیەی کە ئەمڕۆ وەک حەقیقەتێکی شەرعی، یاسایی و مێژوویی لەسەر نەخشەی ناوچەکە ڕاوەستاوە، بەرهەمی ڕێککەوتنێکی سەرپێیی، سازشێکی سیاسی، یان خێرخوازیی و بەخشیشی چاوچنۆکەکانی مێژوو نییە. ئەم قەوارەیە هاوکێشەیەکی پیرۆزە ، هاوکێشەیەکە مۆرکی خوێنی گەشی هەزاران شەهیدی پێوەیە. ئەم نیشتمانە لە ناخی فرمێسکی قەتیسبووی دایکانی ئەنفال، خۆڵەمێشی گوندە خاپوورکراوەکان، برینی قووڵ و ساڕێژنەبووی ئەنفالی بارزانییەکان و گەرمیان، و هاواری کڕۆزاوەی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەوە لەدایکبووە.
کێ هەیە بتوانێت هاوکێشەیەک لێک هەڵوەشێنێتەوە کە ڕەگی لە جەرگەی مێژوودا بێت؟
جێگەی سەرنج و لە هەمان کاتدا مایەی شەرمەزارییە ، کەسانێک دەبینین کە لە تەواوی تەمەنیاندا دڵۆپێک عارەقەیان بۆ پاراستنی یەک بست لە خاکی ئەم نیشتمانە نەڕشتووە، کەسانێک کە نەک خەمی نەوەکانی ئەم خاکەیان نەبووە، بەڵکو هەمیشە تەنها تەماشاکەری ئازارەکانی بوون، کەچی ئەمڕۆ دێن و بە زمانی یان جێبەجێکردنی مەرجەکانمان، یان کۆتاییهێنان بەم قەوارەیە دەدوێن.
ئەم جۆرە لێدوانە شەرمنانە و هەرزانانە، تەنها بازدان نییە بەسەر هێڵە سوورەکاندا، بەڵکو بێڕێزییەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایە بەو ڕووبارە خوێنەی کە بۆ سەرفرازی و سەربەخۆیی ئەم گەلە ڕژاوە. لێرەوە بە دەنگێکی بەرز دەڵێین: کەس مافی ئەوەی نییە لەبری خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم خاکە و قوربانییانی دەستی زوڵم، بڕیار بدات یان مەرج دابنێت.
پەیامی ئێمە ڕوون، بڕبڕەدار و یەکلاکەرەوەیە:
ئەوانەی خەونی نەمان و سستکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارە پیرۆزە دەبینن و هیوای لەناوچوونی دەخوازن، پێویستە لەو خەواڵووییە سیاسییە بەئاگا بێنەوە و بزانن کە گەلی ئێمە هۆشیارە و چیتر باجی بێدەنگی نادات. هەر دەنگ و زمانێک، بیەوێت مێژووی پڕ لە داستانی ئەم میللەتە بچووک بکاتەوە، دەبێت لە ڕێگەی یاساوە بە توندترین شێوە وەڵامی بدرێتەوە و لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕەوڕەوەی مێژوو فڕێبدرێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی چیتر هیچ لایەن و کەسێک جورئەتی ئەوە نەکات ناوی ڕووخانی قەوارەیەک بێنێت کە بە قورسیی چیایەک لە خەبات و قوربانی ڕاوەستاوە.
ئەم خاکە لای خاوەن و پارێزەرە ڕاستەقینەکانی، هێڵی سووری بێ گەڕانەوەیە ، بەڵام لای ئەوانەی تەنیا وەک دەستکەوت و دەسکەلایەکی کاتی لێی دەڕوانن، گرێکوێرەیەکە کە دەیانەوێت بە ئارەزووی نەیارانی ئەم گەلە یاریی پێبکەن. مێژوو، کە دادوەرە بێبەزەییەکەیە، پێشتر چەندین جار سەلماندوویەتی و دیسانیش دەیسەلمێنێتەوە: کێ وەک شاخ لە باوەشی خاکەکەیدا دەمێنێتەوە، و کێش دەبێتە پەراوێزێکی شەرمەزار و فەرامۆشکراوی ناو زبڵدانی مێژوو..

Top