زمان، شکۆ و بەرپرسیارێتیی سیاسی
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەو ڤیدیۆیەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو بووەتەوە و تێیدا سەرۆکی یەکێتی لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکدا وشەی "حوشتر" بەکاردەهێنێت، بووەتە جێگەی تێڕامانی من. بە بڕوای من، ئەم دیمەنە تەنیا هەڵەیەکی سەرپێی نییە، بەڵکو دەلالەتی قوڵی سیاسی و مۆراڵیی هەیە.
وەک کەسێک کە بە وردی چاودێریی ڕەوتە سیاسییەکان دەکات، بەم شێوەیە لەو ڕووداوە دەڕوانم:
زمن پێوایە زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ناوەوەی مرۆڤ و پێکهاتەی عەقڵییەتی ئەو کەسەیە کە قسە دەکات. کاتێک سەرکردەیەک زمانەکەی دادەبەزێت بۆ ئاستی سووکایەتی، ئەوە دەرخەری شکستێکی فیکری و پاشەکشەی عەقڵانییەتی سیاسییە.
ئەو حزبەی کە خۆی بە میراتگری قوتابخانەی "سۆشیال دیموکراسی" دەزانێت، نابێت سەرکردەکەی بەو شێوەیە لەبەردەم کامێراکاندا کەرامەتی مرۆیی و مافی ڕۆژنامەنووسێک پێشێل بکات. بە بۆچوونی من، ئەمە دژایەتییەکی ڕاشکاوە لەنێوان دروشمە ڕازاوەکان و عەقڵییەتێکی خێڵەکی کە ناتوانێت بەرگەی ڕەخنە بگرێت.
من ڕۆژنامەنووس وەک نوێنەری ویژدانی گشتی دەبینم. بۆیە کاتێک بە غروورەوە سووکایەتی بە پرسیارێک دەکرێت، لە ڕاستیدا سووکایەتی بە ڕای گشتی و تێکدانی پەیمانی کۆمەڵایەتییە. ئەم ڕەفتارە پەیامێکی مەترسیدارە کە بە کۆمەڵگەی دەڵێت: "ئێوە شایەنی وەڵامی عەقڵانی نین".
بە کورتی، ئەم دیمەنەی لە سۆشیاڵ میدیا بینیم، نیشانەی داڕمانی هۆشیاریی دەستەبژێرێکە کە پێویستە بە زمانی عەقڵ و یاسا بدوێن، نەک بە زمانی زبری بازاڕی. پێویستە ڕەخنەگرتن لەم جۆرە ڕەفتارانە بەردەوام بێت بۆ گەڕاندنەوەی ڕێز بۆ شکۆی ڕۆژنامەنووسان و کایەی گشتی.

سەنار شێرۆكی