پێشمەرگە واتە ئیرادە و بوونى کورد و کوردستان
هێزى پێشمەرگەى کوردستان، جگە لە پاشخانە مێژووییە سەد ساڵەکەى و خۆرسکى هەڵقووڵاویی گەلێکى ئازادیخواز و دژى ستەمکارى و داگیرکراو ، لە هەمانکاتیشدا ، لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە 2003 و نووسینەوەى دەستوور لە ساڵ 2005 هێزێکى دانپێنراوە لە نێو سیستەمى بەرگریی عێراقى فیدڕاڵدا ، ئەوەش ئاماژەیە بە ڕەنگدانەوەى دانپێدانانى فەرمییە لەڕووى ئەمنى و سەربازى لە چوارچێوەى پێکهاتەى فیدراڵیی عێراقدا، ئەوەش ئاماژەیە بە راستییەکى حاشاهەڵنەگر کە پێشمەرگە ، نە چەکدار و نەمیلیشیاییە ، بەڵکو هێزێکى ڕێکخراو و دەستوورى و یاساییە ، کە ئاوێتەى مێژووی خەباتى کوردوکوردستانە و پێکەوە گڕێدراون ، بۆیە نەیارانى پێشمەرگە و کوردستان هەندێک جار هەوڵ دەدەن ، لەسەنگ و شووناسى پێشمەرگە کەم و بچووک بکەنەوە ، بۆیە بە میلیشیا ناوى دێنن ، کە ئەوەش خۆى لەخۆیدا ، پێشێڵکردنى دەستوور و یاسا و ئەو راستییە سیاسی و سەربازییە کە پێشمەرگەى کوردستان لە سەر دامەزراوە
بەدڵنییاییەوە ، کاتێک باسى هەڵوەشاندنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و بە میلیشیا ناوى دێنن ، ئەوە نەک هەر هەڵەیەکى سیاسى و ستراتیژى گەورەیە ، بەڵکو سووکایەتییە بە خەبات و تێکۆشانى سەد ساڵەى گەلى کوردە ، کە لە پێناو ئازادى و ڕەتکردنەوەى داگیرکارى و ستەمکارى ڕووبەڕووى گەورەترین پرۆسەى کۆمەڵکوژى و وێرانکارى و هەوڵى لەناوبردن و سڕینەوە بووەتەوە ، دەبێ نەیارانى پێشمەرگەش ئەو راستیە بزانن ، کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، گروپێکى چەکدارى و میلیشیایی نین کە بە بڕیارى دەوڵەت و زڵهێزێک بۆ مەرامێکى تایبەت دروست بووبێت ، بەڵکو پێشمەرگە هێزەکە ئاوێتەى مێژوویی خەبات و تێکۆشان و بەرخودانى کورد و بەرجەستەکردنى ئیرادەى گەلى کورد, کە هەمیشە ڕەتیکردۆتەوە خۆى بۆ دوژمنانى کوردستان بچەمێنێتەوە ، هێز ڕووبەڕووى دڕندەترین ڕژێمە ستەمکار و داگیرکەرەکان بووەتەوە و بۆ ئەنفال و کیمیاباران و تیرۆر و کۆڕەو و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن چۆکى دانەناوە ، هێزێک کە دەیان ساڵە لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئازادى و شکۆمەندى گەلى کورد ڕووبەڕووى ڕژێمە ستەمکار و فاشیزەکان بووەتەوە
هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى ، لە یەکەم هەنگاویدا ، لە نێو حکوومەتى کوردستان لە ساڵى 1992 بووە خاوەن وەزارەتى پێشمەرگە ، ئەوەیش وەک دامەزراویەکى فەرمى و هەروەها لە ساڵ 2005 یش هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان پێى دەستوورى هەمیشەیی چوونە نێو سیستەمى نوێی بەرگرى لە عێراقى فیدڕالیدا و کەسیش نەیار و دژى نەوەساتەوە ، چونکە ڕۆڵێکى گرنگ و بەهێزى بۆ چەسپاندنى سیستەمى فیدراڵیی لە عێراقى نوێیدا بینى ، لە ساڵى 2014 یش دواى شکستە گەورەکەى سوپاى عێراق بەهۆى پەلامارى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش ، ئەوەى توانى کوردستان و عێراق بەتایبەتى لە کەوتن و شکست بپارێزێت ، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو بۆ بەرگریکردن و لە هەموو جیهان ، کە مێژوویی هاوچەرخ بەخۆیەوە بینیوێەتى ، هێزێک بە بەخۆێن و گیانى ڕێگرى لە بڵاوبوونەوە مەترسى تیرۆریستان گڕت ،
بۆیە ، ئەوانەى پێشمەرگە بە میلیشیا ناو دەهێنن ، ئەوا هەمان ئەو کەسە فاشیزمانەن کە لە رابردووش ، بە پێشمەرگەیان دەگووت تێکدەر ، ئەوەش نکۆڵیکردنە لە راستیە مێژووییەکان و خەبات و قوربانیدانى گەلى کورد ، چونکە بە پێى دەستوورى هەمیشەیی عێراق مادەى 117 دانى بە هەموو دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان داناوە و هەروەها بە پێى مادەى 121 ، ماف بەهەرێمى کوردستان دەدات بۆ دروستکردن و ڕێکخستنى هێزەکانى ئاسایش و پاسەوانى هەرێم ، کە ناوى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە نێو سیستەمى بەرگرى نیشتیمان داناوە و ئەوەش ئاماژەیە هێزى پێشمەرگە ، هاوبەشێکى دەستوورى و ئەمنى وسەربازییە لە نێو عێراقدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و پارێزگاریکردن لە سەقامگیریدا , هەروەها لە سەر ئاستى نێودەوڵەتیشدا ، زڵهێزانى وەک ئەمەریکا وئەورووپا ، مامەڵەى فەرمى و مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان دەکەن ، و ئێستاش وەک هێزێکى یاسایی هاوپەیمان شەڕى دژى تیرۆ دەکەن ، پێشمەرگە ئەو هێزەیە پارێزگاری لە ئاشتى و سەقامگیرى و پێکەوەژیانى پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان بۆ دانپێندانانى جیهانى هەیە و کەس ناتوانێت نکۆڵى لەو راستییە بکات
ئەوەى لەمێژە یەکلا بووتەوە ـ، پێشمەرگە نوێنەرایەتى مێژووى خەبات و قوربانیدانى نەتەوەیەک دەکات ، پێشمەرگە بە دەستوور و یاسا و هەڵگرى شەرعییەتى گەلى کوردە ، بۆیە ، میلیشیا ئەو کەسانەنن ، مورتەزەقە و بەکرێگیراو و لەدەرەوەى دەستوور و یاسان ، بەهێز چەک و مافیایی هەژموونى خۆیان بۆ تاڵانکارى و حەزەکانیان بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنن و کارى قۆرخکارى لە جومگەکانى دەوڵەت دکەن ، بۆیە هەر هەنگاوێکى هەڵە بۆ بە میلیشیا ناوهێنان و وەڕگرتنەوەى متمانە لە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان ، واتە ڕەتکردنەوەى بنەماکانى فیدراڵییەتى ، هاوبەشى و پێشێڵکردنى مێژوویی قوربانیدانى گەلى کورد کە لە پێناو بەرگریکردن لە ئازادى و دیموکراسیخوازى کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئەنجامى داوە
بەدڵنییاییەوە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، نە تاقمێکى میلیشیایی و نە سەربازییە ، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردن لە هەموو ئەو هەڕەشە و مەترسیانەى ، کە ڕوویان لەکوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات ، هێزێکى بەرگریکردن و تێکۆشەرە و کەس ناتوانێت نکۆڵى بکات و پاشگویی بخات

رێبوار حەمەلاو شوانی