کەرکووک لە بەردەم قەیرانی تەندروستیدا؛ پێویستی بە ٥ هەزار قەرەوێڵە و ٨ نەخۆشخانە هەیە
لە کاتێکدا شاری کەرکووک ساڵ بە ساڵ بەخێرایی گەورەتر دەبێت و ژمارەی دانیشتووانی لە زیادبوونی بەردەوامدایە، پێویستییەکانی کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیش بە هەمان ڕێژە ڕوو لە هەڵکشانن. ئەم گەشەیەی دانیشتووان و فراوانبوونی شار، پلاندانان و ستراتیژییەکی درێژخایەن دەخوازێت بۆ زیادکردنی ژمارەی نەخۆشخانەکان، قەرەوێڵەکان و کادرە تەندروستییەکان، تاکو هاووڵاتیان بە گوێرەی پێویستییەکانیان خزمەت بکرێن.
د. شاسوار عەلی لە لێدوانێکی تایبەتیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کەرکووک لە ئێستادا پێویستی بە نزیکەی ٥ هەزار قەرەوێڵەی نەخۆشخانە هەیە، بەڵام ژمارەی قەرەوێڵە بەردەستەکان تەنها ١٣٠٠ قەرەوێڵەیە. بەپێی ئەم ئامارە، شارەکە کورتهێنانێکی گەورەی هەیە و پێویستە بە لایەنی کەم ٣٥٠٠ قەرەوێڵی تر زیاد بکرێت تاکو بتوانرێت خزمەتگوزارییە پزیشکییە سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی گونجاو دابین بکرێن.
بە وتەی د. شاسوار، کەرکووک پێویستی بە هەشت نەخۆشخانە هەیە کە لە ڕووی قەبارە و توانای خزمەتگوزارییەوە هاوشێوەی نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری بن، تاکو بتوانرێت خزمەتگوزارییەکی شیاو بۆ هەموو پارێزگا دابین بکرێت.
د.شاسوار ئەوەشی ڕوونکردەوە کە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان ئێستا تەنها بە دروستکردنی بینای نەخۆشخانە کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستی بە کادری مرۆیی زۆریش هەیە. چونکە بۆ هەر قەرەوێڵەیەک نزیکەی چوار کارمەندی تەندروستی پێویستن و بۆ هەر ١٠ قەرەوێڵەیش دەبێت لایەنی کەم یەک پزیشک دابین بکرێت. بەم پێیە، زیادکردنی ٣٥٠٠ قەرەوێڵە واتای پێویستی بە هەزاران کارمەند و سەدان پزیشکی تازەیە.
ئەم دۆخە تەنها تایبەت بە کەرکووک نییە، بەڵکو بەشێکە لە کێشە گشتییەکانی کەرتی تەندروستی لە عێراقدا. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەس. هەروەها بۆ هەر ١٠ هەزار دانیشتوو تەنها ١٠.٢ پزیشک هەن، کە نیشانەی کورتهێنانێکی دیارە لە کادری پزیشکیدا.
لە هەمان کاتدا، بۆ هەر ١٠ هەزار دانیشتوو نزیکەی ٢٦.٥ پەرستار و مامان هەن، لە کاتێکدا ژمارەی جێگاکانی نەخۆشخانەکان تەنها ١٣.٨ جێگا بۆ هەر ١٠ هەزار کەسە، کە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بە نزم دادەنرێت.
ئامارەکان ئەوەیش دەخەنە ڕوو کە عێراق نزیکەی ٢٨١ نەخۆشخانەی گشتی و ٢٧٦٥ ناوەندی تەندروستیی سەرەتایی هەیە، بەڵام خێرایی گەشەی دانیشتووان و زیادبوونی داواکارییەکانی هاووڵاتیان وا دەکات پێویستی بە پلاندانان و وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی تەندروستی هەبێت.
شارەزایان پێیان وایە کە داهاتووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرکووک و عێراق بە گشتی، پەیوەستە بە توانای دامەزراوە فەرمییەکان لە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ، زیادکردنی ژمارەی قەرەوێڵەکان، فێرکردن و دامەزراندنی کادرە پزیشکییەکان و دانانی ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە گرنگە. ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەگیرێن، لەگەڵ بەردەوامبوونی زیادبوونی دانیشتووان، فشار لەسەر سیستەمی تەندروستی زیاتر دەبێت و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ هاووڵاتیان ئاڵۆزتر دەبێت.

ئارام شێرکۆ