مەلا ئەحمەد قامیشی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەرداری حاجی خالید لە سلێمانی بۆ گوڵان: زانایانی ئایینی هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕش و بەرگریی نیشتمانیدا بوون و مێژووی كورد شاهیدە كە میحراب و سەنگەر لێك دانەبڕاون
مەلا ئەحمەد قامیشی، لەدایكبووی ساڵی ١٩٦٦ی چوارقوڕنەیە و نیشتەجێی سلێمانییە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستەكانی قورئاندا، وەك پێشنوێژ و وتاربێژ لە چەندین مزگەوتی گرنگی سلێمانی و چوارقوڕنە خزمەتی كردووە و، لە ساڵی 2017شەوە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەرداری حاجی خالید ڕەباتییە لە شاری سلێمانی، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ ئەندامی ئەنجومەنی زانستی بووە لە وەزارەتی ئەوقاف. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخ و گرنگیی مەلا و زانایانی ئیسلامی كوردستان لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و دابینكردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی، لەم دیمانەیەدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* مەلا و زانایانی ئایینیی كوردستان بە درێژایی مێژوو نەك هەر ڕێبەرێكی ئایینی، بەڵكو چرای ڕووناككەرەوەی هزری نەتەوەیی بوون، ئایا چۆن دەڕواننە ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی كە لە نێوان ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لای زانایانی كورد هەبووە؟
- خۆشویستنی نیشتمان و هاونیشتمانیان، هەوێنێكی سرووشتی و فیتریی نێو دەروونی مرۆڤە، هەر بۆیە هەمووان ئەو خاك و ژینگەیەیان خۆش دەوێت كە تێیدا چاویان بە ژیان هەڵێناوە، ئەم سۆز و وەفادارییەش تەنیا بە دروشم نابێت، بەڵكوو دەبێت لە سایەی پاراستنی سەروەریی یاسا، دەستوور و ژینگەی وڵاتدا بەرجەستە ببێت، تا ڕێگری بكرێت لەوەی نیشتمان بكەوێتە دەست داگیركەران.
ڕێزگرتن لە بەها باڵاكان و دووركەوتنەوە لە خیانەت، تەنیا بە ئیمان و بنەماكانی ئیسلام دێتە دی، چونكە ئیمان ڕێگرە لە درۆ و خاكفرۆشی و مرۆڤ فێری پاراستنی ژینگە دەكات. لە ئیسلامدا هەركەس لەپێناو شەرەف و پاراستنی خاكەكەیدا بكوژرێت، بە شەهید دادەنرێت. پێغەمبەری ئازیز (د. خ) كاتی كۆچكردن لە مەككە، بە ئاوڕدانەوەیەكی پڕ لە حەسرەتەوە فەرمووی: (ما أطيبكِ من بلد وأحبكِ إلي، ولولا أن قومي أخرجوني منك ما سكنتُ غيركِ).
تەنانەت خاكی نیشتمان وەك دەرمان و شیفا تەماشا كراوە، وەك لە فەرموودەدا هاتووە: (بِسْمِ اللهِ تربَةُ أَرْضِنَا، بِرِيقةِ بَعْضِنَا، يُشْفَي سَقِيمُنَا بإِذْنِ رِبِّنَا). مێژوو گەواهیدەرە كە عەرەب و توركە عوسمانییەكان تا ئەو كاتەی پابەندی ئیسلام بوون، خاوەن شكۆ بوون، بەڵام كاتێك ڕوویان لە ناسیۆنالیزمی تەسك كرد، پەرتەوازە بوون. گەلی كوردیش لە سایەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا خاوەنی دەیان میرنشینی بەهێز بووە، بەڵام لەسایەی سێكۆلاریزمدا ئەو یەكڕیزییەی نەما.
كورتەی قسە، هەر كاتێك ئایین لە ژیان دوور خرایەوە، كوردایەتی دەبێتە بازرگانی و ژیان دەبێتە ژان. لە ئیسلامدا خۆشویستنی خاك بەشێكە لە دینداری، بەو مەرجەی تەنیا خودا بپەرسترێت.
* مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان پڕە لە ناوی ئەو زانا ئایینییانەی كە لە سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگایەتیدا بوون، تەنانەت بەشێكیان مەشقپێكەری پێشمەرگە بوون و لە مزگەوتیشدا پەیامی دیندارییان دەگەیاندە خەڵك، ئەم تێكەڵبوونەی «محراب و سەنگەر»ـە چ پەیامێكی گرنگی بۆ نەوەكانی ئێستا تێدایە؟
- زانایانی كوردی ئێمەش كە دەرچووی ئەو قوتابخانەیەن، لەسەر ڕێبازی ئەوان ڕۆیشتوون و شانازییان كردووە بە ناوی گوند و شار و وڵاتەكەیان بناسرێنەوە. وەك دەبینین: (ئیبن خەلەكان و زانایانی دەینەوەری شارەزووری و مامۆستای بیارە و خەتیبی سلێمانی و قەرەداغی و چروستانی جزیری و جەزەری و مەلای گەورە و مەلا محەمەدی قامیشی و.. هتد)، ئەمانە شانازی بوون بۆ گوند و شار و وڵاتی خۆیان. ئەوانەی كاتی خۆی شۆڕش و خەباتیان كردووە دژی داگیركاری ئینگلیز لە بنەماڵە ئاینییەكان بوون، بۆیە دەبینی لەقەبی دینیی شێخ و مەلایان پێوەیە وەك (شێخ مەحموود، شێخ سەعید پیران و قازی محەمەد، كە پیاوێكی مێزەربەسەر و ڕیشداری ئیسلامی بووە و، مەلا مستەفا بارزانی و.. هتد)، ئەو كەسایەتییە ئایینییانە بە هۆی دینەوە هەستیان بە ئازاری میللەت كردووە و ڕازی نەبوون بە داگیركاری و چەوسانەوە و زەلیلی، دینیش هاندەریان بووە بەرگری لە مافی ڕەوای گەلەكەیان بكەن. مەلای گەورەی كۆیە لەتاو خەمی گەلەكەی وتوویەتی: هەتا دەمرم لەبۆ كوردان دەناڵم. عیلاجیان چۆن بكەم هاوار بە ماڵم.
* زانایانی ئایینیی كوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی دژایەتیكردنی زوڵم و داگیركاریی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بوون، لە دیدی ئێوەوە بنەمای شەرعی و ئەخلاقیی ئەم ڕەتكردنەوەیەی ستەمە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- پەیامی زانایانی ئایینی هەمیشە لەسەر بنەمای دڵسۆزی و ئامۆژگاری بووە، وەك لە فەرموودەی پێغەمبەردا (د.خ) هاتووە: «الدينُ النصيحة...»؛ واتە ئایین بریتییە لە دڵسۆزی بۆ خودا، كتێبەكەی، پێغەمبەرەكەی، كاربەدەستان و سەرجەم موسڵمانان، هەر ئەم هەستی بەرپرسیارێتییە بوو كە لە ساڵی ٢٠١١دا گەلانی عەرەبی دژی ستەمكاران ڕاپەڕاند و زانایانی گەورەی وەك «یوسف قەرزاوی» بوونە پێشەنگی ئەو وەرچەرخانە.
مێژوو سەلماندوویەتی كە زانایان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ڕەتكردنەوەی نادادی بوون و لەو پێناوەدا باجی قورسیان داوە، ئەمڕۆش مەلای كورد لەسەر مینبەرەكانەوە خەڵك بەرەو دەستپاكی و دووركەوتنەوە لە گەندەڵی و خەیانەت ئاراستە دەكەن. ئەوان پێداگری لەسەر دڵسۆزی بۆ نیشتمان دەكەن، چونكە هۆشیاریی هاووڵاتیان دەبێتە هۆی ئاوەدانی و چۆڵبوونی زیندانەكان. ئەگەرچی مەلای كورد بەراورد بە زانایانی شیعە لە ڕووی دارایی و سیاسییەوە پەراوێز خراون، بەڵام هێشتا وەك پارێزەری بەهاكان ماونەتەوە.
شارستانییەتی ئیسلامی شانازی بە زانایانی كوردەوە دەكات، لە ئیبن ئادەم و شارەزوورییەوە تا عەبدولكەریمی مودەڕیس، تەنانەت ئەدەبیاتی كوردیش قەرزاری مەلایەتییە، چونكە نالی، مەحوی و خانی لەو قوتابخانەیەوە پێگەیشتن. هەروەها مەولانا ئیدریسی بەدلیسی یەكەم بیرۆكەی فیدڕاڵیی داڕشت و زۆربەی سەركردە شۆڕشگێڕەكانیش لە بنەماڵەی ئایینی بوون. بەداخەوە دەسەڵاتی كوردی ئێستا سوود لە عەقڵی مەعریفیی زانایان وەرناگرێت. لە كۆتاییدا، پرسی نەتەوەیی كورد بەبێ خەباتی زانایانی ڕاستەقینە، مێژووەكەی لە سەروەرییە مەزنەكان خاڵی دەبێتەوە، هەرچەندە لە هەموو سەردەمێكدا «مەلای دەربار»یش هەبووە.
* ئایا حوجرە چۆن ناوەندێكی نەتەوەیی، پێشەنگی سیاسی و نیشتمانپەروەری بۆ پاراستنی زمانی كوردی پێگەیاند؟
- بێگومان لە سەردەمی خۆیدا حوجرە مەڵبەندی سەرەكیی زانست و زانیاری و ڕۆشنبیری و نیشتمانپەروەری بووە. شۆڕشگێڕانی ڕابردووی وەك قازی و شێخی پیران و...هتد، دەرچووی حوجرەكانی كوردستان بوون، لەخواترس بوون، بۆیە دڵسۆز بوون، بەڵام ئێستا شاعیر واتەنی: مزگەوت و مینبەر و میحراب بێكەسە. هەر مەپرسە لە حاڵی خراپی مەدرەسە.
* زانایانی ئایینی چۆن وەك كۆڵەكەی ئاشتی، ڕۆڵیان لە چارەسەری كێشەكان و پاراستنی شیرازەی كۆمەڵگەدا بینیوە؟
- مرۆڤ بە سرووشتی خۆی كۆمەڵایەتییە، زانایانی ئێمە ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە پاراستنی ئاشتی و برایەتی و خزمایەتی و سوڵح و ئاشتەوایی و لە چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا، چون ئەگەر سیاسییەكان گەردنی خەڵكەكەیان بەدەستە، بەڵام زانایان لە دڵی خەڵكە موسڵمانەكەدان، بۆیە مەلای كورد مەردی مینبەر و مەیدان بووە.
* چۆن زانایانی ئایینیی كوردستان لە ڕێگەی فەتواكانیانەوە ڕۆڵیان هەبووە لە بەرگریكردن لە ماف و كەرامەتی ئافرەتی كورد و پاراستنی پێگەیان لە مێژوودا؟
- كاتێك دەمانەوێت دەربارەی ئافرەت بدوێین، یان بنووسین، لە ڕاستیدا باس لە پیرۆزیی دایك، میهرەبانیی خوشك و ئەو قوتابخانە مەزنە دەكەین كە نەوەكانی مرۆڤایەتی (ژن و پیاو)ی تێدا پێدەگەن. ئافرەت هێمای قوربانیدانی بێسنوور و سەرچاوەی سۆز و جوانییە، ئەو كەسانەی ڕێزی شایستەی لێ ناگرن و تەنیا لە ساڵێكدا دوو ڕۆژ (ڕۆژی دایك و ڕۆژی ژنان) بە چەند كاتژمێرێك پیاهەڵدان و بە چەپكەگوڵێك یادی دەكەنەوە، گەورەترین ستەمی لێ دەكەن، چونكە ڕێزگرتن تەنیا دروشم نییە، بەڵكو پیادەكردنی كرداریی مافەكانیەتی.
ڕووی دەمم دەكەمە ئەو ئافرەتانەی دەخوازن لە دونیا و دواڕۆژدا خاوەن شكۆ و ڕێز بن، داوایان لێ دەكەم بە چاوێكی ڕوون و زانستییەوە ورد ببنەوە لە بنەما و یاساكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە قورئان و فەرموودەكاندا. مێژووی هاوەڵان و پێشینانمان پێمان دەڵێت كە ئافرەت خاوەنی چ پلە و پایەیەكی بەرز بووە، ئەم پێگەیە بە هیچ جۆرێك بەراورد ناكرێت بە دۆخی ئافرەت لە ڕۆژئاوادا، كە لەوێدا بەناوی «ئازادی»یەوە دەچەوسێنرێنەوە و بازرگانییان پێوە دەكرێت.
لە ئیسلامدا ئافرەت و پیاو لە مرۆڤبووندا وەك یەكن و بنەمای ڕێزگرتنیش تەنیا لەسەر بنچینەی «تەقوا» و لەخواترسانە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ). پێغەمبەری پێشەوامان (د.خ) ئافرەت بە هاوبەش و نیوەی ژیان دادەنێت و دەفەرموێت: (إِنَّمَا النِّسَاءُ شَقَائِقُ الرِّجَالِ). واتە ئافرەتان هاوشان و تەواوكەری پیاوانن، وەك چۆن سێوێك ئەگەر بكرێت بە دوو كەرتی وەك یەكەوە، ژیان تەنیا بە هەردووكیان كامڵ دەبێت.
ئیسلام مافێكی وای بە ئافرەت داوە كە لە ڕۆژئاوادا لێی بێبەشن، بۆ نموونە لەوێ ناسنامەی ئافرەت دەسڕدرێتەوە و نازناوی باوكی لێ دەسەندرێتەوە و دەخرێتە سەر ناوی مێردەكەی، كە ئەمە جۆرێكە لە تیرۆری كەسایەتی، بەڵام وەك «دایك»، خوای گەورە بەرزترین ڕێزی پێ بەخشیوە و بەهەشتی خستووەتە ژێر پێیەكانی. ڕەزامەندیی خودا لە ڕەزامەندیی دایكدایە، نەك تەنیا بە دروشمی بریقەدار، چونكە وەك دەڵێن: «بە حەڵوا حەڵوا دەم شیرین نابێت».
هەروەها وەك «كچ»، ئیسلام بوو بە قەڵغان و دیاردەی زیندەبەچاڵكردنی كۆتایی پێ هێنا، وەك دەفەرموێت: (وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ). تەنانەت پەروەردەكردنی كچ و پێگەیاندنی بە ئەدەب و دین، كلیلی چوونە بەهەشتە. وەك «هاوسەر»یش، فەرمانی بە پیاوان كردووە، بە خۆشەویستی و میهرەبانییەوە سەرپەرشتییان بكەن، نەك بەناوی یەكسانییەوە كاری تاقەتپڕووكێنی دەرەوە و ماڵەوەیان بخەنە سەر شان.
لە ئیسلامدا ئافرەت مرۆڤە، نەك كاڵایەك بۆ ڕیكلامی سەر ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و پەردەی تایت و سابوون، بەكارهێنانی جەستەی ئافرەت بۆ مەرامی بازرگانی و سێكسی، نزمكردنەوەی شكۆی ئەوە. ڕێزی ڕاستەقینە لە ڕێگەی پەروەردە و زانست و ڕەوشتە جوانەكانەوە بەدی دێت، نەك بە ئازادییەكی ئاژەڵانە كە مرۆڤ بەرەو بێ ئابڕوویی ببات.
پێغەمبەری ئازیز (د.خ) لە دواساتەكانی تەمەنیدا وەسیەتی كرد و فەرمووی:(اسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ خَيْرًا). واتە لەگەڵ ئافرەتان باش بن. بۆیە خوشكان و دایكان، ئەگەر دەتانەوێت شكۆتان پارێزراو بێت، شوێنكەوتەی ڕاستەقینەی دایە عائیشە و فاتیمە بن، نەك دیلی مۆدێل و ئارەزووە كاتییەكان.
* ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پاراستنی میانڕەویی كوردستان و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هزری توندڕەوی لە ناو گەنجاندا چی بووە؟
- خوای بەدیهێنەر، مرۆڤی بە جۆرێك ئافەریدە كردووە، كە هەڵگری كۆمەڵێك وزە و توانای دژبەیەكە، لە چاكە و خراپە، توندوتیژی و نەرمونیانی، ئەگەر ئەم توانایانە بەپێی ڕێنماییەكان ڕێك نەخرێن، دەرهاویشتەی مەترسیداریان لێ دەكەوێتەوە كە «توندوتیژی» (العنف) دیارترینیانە. توندوتیژی پێناسەیەكی جێگیری نییە و لە هەر كات و شوێنێكدا بە جۆرێك دەردەكەوێت.
بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە سەرچاوە و هۆكارەكان بناسین كە زۆرتر لە كایەكانی (ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و فیكری)دا چڕ دەبنەوە و دەبنە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و كۆمەڵگە. توندوتیژی تەنیا لە شوێنی خۆیدا گونجاوە، وەك جێبەجێكردنی یاسا (تنفيذ الأحكام)، یان بەرگری لە نیشتمان لە مەیدانی جەنگدا، بەڵام لە كایەكانی دیكەی ژیاندا، دادپەروەری و چاكەكاری باشترین چارەسەرن، وەك دەفەرموێت: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ).
دەقە ئاینییەكان هانی موسڵمانان دەدەن بۆ نەرمونیانی و لێبوردەیی. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (إِنَّ الرِّفْقَ لَا يَكُونُ فِي شَيْءٍ إِلَّا زَانَهُ، وَلَا يُنْزَعُ مِنْ شَيْءٍ إِلَّا شَانَهُ)). نموونەی هەرە جوانی ئەمەش مامەڵەی پێغەمبەر بوو لەگەڵ ئەو پیاوەی لە مزگەوتدا میزی كرد، كاتێك خەڵكەكە ویستیان ئازاری بدەن، فەرمووی: وازی لێ بهێنن و تەنیا سەتڵێك ئاوی پێدا بكەن، چونكە: (فَإِنَّمَا بُعِثْتُمْ مُيَسِّرِينَ وَلَمْ تُبْعَثُوا مُعَسِّرِينَ).
هەڵە بە هەڵە چارەسەر نابێت. تووڕەیی كە سەرچاوەی توندوتیژییە، لە ئیسلامدا بە توندی ڕێگریی لێ كراوە. كاتێك كەسێك داوای ئامۆژگاری لە پێغەمبەر (د.خ) كرد، سێ جار فەرمووی: (لَا تَغْضَبْ). چونكە تووڕەیی كلیلی هەموو خراپەیەكە و دەبێتە هۆی پەشیمانییەكی بێسوود، تێكچوونی خێزان، تەڵاق و دەیان نەخۆشی جەستەیی وەك بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و جەڵتە.
چارەسەر لە دوو خاڵدا كۆ دەبێتەوە:
یەكەم: پابەندبوون بە ڕەوشتی بەرز. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (مَا أَكْرَمَ النِّسَاءَ إِلَّا كَرِيمٌ وَمَا أَهَانَهُنَّ إِلَّا لَئِيمٌ)). هەروەها دەفەرموێت: (لَيْسَ الشَّدِيدُ بِالصُّرَعَةِ، إِنَّمَا الشَّدِيدُ الَّذِي يَمْلِكُ نَفْسَهُ عِنْدَ الْغَضَبِ). ئازا ئەو كەسەیە كە لە كاتی تووڕەییدا بەسەر خۆیدا زاڵ بێت.
دووەم: چارەسەركردنی خێرای كێشەكان بە سۆز و میهرەبانی. وەك چۆن پێغەمبەر (د.خ) كێشەی نێوان حەزرەتی عەلی و فاتیمەی كچی بە نەرمونیانی چارەسەر كرد.
لە كۆتاییدا، خێزان بەردی بناغەی كۆمەڵگەیە، بەڵام جێگەی داخە ڕێكخراوەكانی منداڵان نەیانتوانیوە چارەسەری ڕیشەیی بۆ منداڵانی كار و بێسەرپەرشت بدۆزنەوە. ڕۆژهەڵاتناسی وەك (جۆن ئێسپۆزیتۆ) ددان بەوەدا دەنێت كە ئیسلام ئایینی میهرەبانی و پێكەوەژیانە و لە توندوتیژی دوورە.
* ڕۆڵی مینبەری مزگەوت لە چەسپاندنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قبووڵكردنی یەكتر لە نێوان ئایینە جیاوازەكانی كوردستاندا چییە؟
- بەهۆی ململانێی سیاسی و تەماحی پلەوپۆست، دووبەرەكی و دابڕانێكی زۆر كەوتووەتە نێوان مرۆڤەكان و فەرهەنگی پێكەوەژیانی شێواندووە. لێرەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە تەبایی و برایەتی ئامانجی سەرەكی ئێمەی موسڵمانە، چونكە پەیامی خودا بۆ ئاوەدانكردنەوەی زەوییە. تەنیا بەرنامەی ئاسمانییە دەمانكاتە یەك لە پەرستنی یەك خودا، یەك پێشەوا و یەك قیبلەدا. ئێمە لە جومعە، جەماعەت، حەج و هەموو خۆشی و ناخۆشییەكاندا كۆدەبینەوە، تا بیسەلمێنین لە یەك سەرچاوەین، وەك پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (كُلُّكُمْ لِآدَمَ وَآدَمُ مِنْ تُرَابٍ).
خودای گەورە داوای یەكڕیزی و برایەتیمان لێ دەكات و دەفەرموێت: (وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا). ئایینەكەمان هەموو ڕێگرەكانی پێكەوەژیانی وەك دەمارگیری و ڕەگەزپەرستیی حەرام كردووە، چونكە ئاشوب دەنێنەوە. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (لَا تَقَاطَعُوا وَلَا تَدَابَرُوا وَلَا تَبَاغَضُوا وَلَا تَحَاسَدُوا وَكُونُوا عِبَادَ اللَّهِ إِخْوَانًا، وَلَا يَحِلُّ لِمُسْلِمٍ أَنْ يَهْجُرَ أَخَاهُ فَوْقَ ثَلَاثٍ). قورئان دەفەرموێت: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ)؛ لێرەدا برایەتی ئیمانی لە هەموو لایەنگرییەكی حزبی و نەسەبی گەورەترە.
لە دیدی ئیسلامدا، مرۆڤەكان، یان برای ئیمانین، یان برای مرۆیی، ئەمەش لووتكەی قبووڵكردنی یەكترە. مێژووی ١٣ سەدەی كوردستان گەواهی ئەوەیە كە دێر و كەنیسەكان پارێزراو بوون. ساسۆن حەسقێل، كە كەسایەتییەكی جووی هەڵەبجەیی بوو، دەڵێت: «لە كوردستاندا هەرگیز نەبیستراوە كەسێك لەبەر ئایینەكەی كوژرابێت». گرفتەكە لێرەدایە، ئەوان ئێمەیان قبووڵ نییە و وێڕای ئەم مێژووە پڕ لە میهرەبانییە، بە «تیرۆریست» ناومان دەبەن.
* چۆن دەڕواننە ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پاراستنی زمان و كولتووری كوردی لەو سەردەمانەی زمانەكە قەدەغە بوو، كە لە ڕێگەی نووسین، وتار و پۆشاكی ڕەسەنەوە خزمەتی گەورەیان بە فەرهەنگی كورد كردووە؟
- ئێمەی كورد، هاوشێوەی نەتەوەكانی دیكەی جیهان، خاوەنی كولتوور و ڕەسەنایەتییەكی تایبەتین، كە وەك ناسنامەیەكی مێژوویی لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. دوای ڕاپەڕین و ڕزگاری، ئومێدمان وابوو خەباتمان بەرهەمی نەتەوەیی هەبێت و دڵسۆزیمان بۆ نیشتمان بسەلمێندرێت، بەڵام مەخابن ئێستا چەمكی كوردایەتی بۆ بەرژەوەندیی حزبی و بازرگانیی سیاسی شێوێندراوە و لە ناوەڕۆك و نیشتمانپەروەری بەتاڵ كراوەتەوە.
تەوەری سەرەكیی من جلوبەرگی كوردییە، كە مۆركی شانازیمانە، كەچی ئێستا وەك نیشانەی دواكەوتوویی سەیری دەكرێت، كاتێك بە پۆشاكی ڕەسەنەوە دەردەكەویت، وەك نەخوێندەوارێك دەبینرێیت، تەنانەت ئەگەر پلەی زانستیی بەرزیشت هەبێت. میدیا و ناوەندە فەرمییەكانمان ئەوەندە لە كولتووری بێگانە نزیكن، بینەر نازانێت ئەمە دامەزراوەیەكی كوردییە. پۆشاكی كوردی تەنیا بووەتە نمایشی كاتیی ڕۆژانی نەورۆز و ڕیكلامی میدیایی.
جارێكیان لە دادگا، كارمەندێك بەهۆی جلەكانمەوە بە كەم سەیری كردم، كاتێك زانی بڕوانامەی بەكالۆریۆسم هەیە، سەری سوڕما، ئەمە ئەو بێگانەپەرستییەیە كە پێغەمبەر (د.خ) وەك موعجیزەیەك باسی كردووە و دەفەرموێت: (لَتَتَّبِعُنَّ سَنَنَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ شِبْرًا بِشِبْرٍ وَذِرَاعًا بِذِرَاعٍ...). ئێمە بەو جۆرە كوێرانە بووینەتە پاشكۆی مۆدێلە ڕۆژئاواییەكان. پێویستە چاوێك بە خۆماندا بخشێنینەوە و بە كردەوە شانازی بە ڕەسەنایەتیی خۆمان بكەین، نەك تەنیا ساڵی یەك ڕۆژ بە ڕواڵەت جلوبەرگی كوردی بپۆشین.
* لە سایەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو ئازادییەی هەیە، ئەركی ئێستای زانایانی ئایینی لە بەهێزكردنی «هزری نەتەوایەتی و گیانی نیشتمانپەروەری» و پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكاندا چییە؟
- خودای میهرەبان بە نیعمەتی ئیسلام و ئیمان ڕێزی لە گەلی كورد گرت. كورد لە ساڵی (١٨)ی كۆچی و لە سەردەمی خەلیفە عومەردا، بە ئاشتی باوەشیان بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردەوە و لە كۆیلایەتیی ستەمكاریی فارس و ڕۆم ڕزگاریان بوو. بوونی هاوەڵێكی وەك «جابان یان گاوان»ی كوردی لەلای (رسول الله ص)، بەڵگەیەكی مێژووییە كە كورد هەر لەگەڵ گزنگی ئیسلامدا بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە ئامادەیی هەبووە. زانایانی كورد وەك شانازی و وەفایەك بۆ نیشتمان، نازناوی شار و گوندەكانی خۆیان (وەك شارەزووری، قەرەداغی، نۆدشی و بێتوشی) بەكار هێناوە، ئەمەش وەڵامێكی ڕوونە بۆ ئەوانەی نیشتمانپەروەری لە باوەڕداران دادەماڵن، چونكە لە سایەی ئیسلامدا كورد خاوەنی چەندین میرنشین بوو، بەڵام لە ژێر سێبەری عەلمانییەتدا خاكەكەیان دابەش كرا. كوردان بەهۆی بێزاری لە چەوسانەوەی ساسانییەكان، بە قەناعەتێكی تەواوەوە ئیسلامیان هەڵبژارد و تا ئێستاش زۆربەیان لەسەر مەزهەبی (ئیمام شافیعی)ن. ئێستاش بەداخەوە ئەم گەلە چل ملیۆنییە بێ قەوارە و دەوڵەت ماوەتەوە و لە بێكەسیدا دەژین.
* وەك زانایەكی ئایینی، پەیامتان بۆ گەنجانی كوردستان چییە، بۆ ئەوەی بتوانن لە نێوان پابەندبوونی ئایینی و دڵسۆزی بۆ خاك و نەتەوە هاوسەنگییەكی دروست، دروست بكەن؟
- زۆر جار لە ناوەندە جیاوازەكاندا دەبیسترێت كە ئیسلام و كوردایەتی وەك دوو جەمسەری دژبەیەك وێنا دەكرێن، یان ئیدیعا دەكرێت، ئیسلام تەنیا بۆ عەرەبە و مافی نەتەوەكانی دیكەی فەرامۆش كردووە، ئەمە تێگەیشتنێكی چەواشەكارانەیە، چونكە ئیسلام جیاوازیی ڕەگەز و زمان بە نیشانەی گەورەیی خودا و مایەی جوانیی ژیان دەزانێت.
قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ). لێرەدا بانگەوازەكە گشتگیرە و بۆ هەموو مرۆڤایەتییە، جەخت دەكاتەوە كە بنەڕەتی هەمووان یەكە و نەتەوە تەنیا بۆ ناسین و هاوكاریی یەكترە. زمان و ڕەنگی جیاوازیش بەڵگەی دەسەڵاتی خودان: (وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ). كەواتە زمانی كوردی دیاریی خودایە و هەر هەوڵێك بۆ سڕینەوەی، دژایەتیكردنی ویستی پەروەردگارە.
پێغەمبەری خودا (د.خ) مۆدێلێكی بەرزی نیشتمانپەروەری بوو، كاتێك بە ناچاری مەككەی جێ دەهێشت، بە سۆزێكی قووڵەوە فەرمووی: «واللهِ إنكِ لأحبُّ أرضِ اللهِ إليَّ، ولولا أني أُخرجتُ منكِ ما خرجتُ». ئەمە دەیسەلمێنێت كە خۆشەویستیی زێد و نەتەوە، نەك هەر گوناه نییە، بەڵكوو بەشێكە لە سرووشتی پاكی مرۆڤ.
ئەگەر نەتەوەكانی دیكە خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی خۆیان بن، بۆچی دەبێت ناوی كوردستان لەسەر نەخشە قەدەغە بێت؟ ئیسلام لایەنگری یەكڕیزییە، بەڵام یەكڕیزییەك كە مافی هەموو گەلان تێیدا پارێزراو بێت. ئەو ستەم و نەهامەتییانەی بەسەر كورددا هاتوون، دەرەنجامی سیاسەتی نادادپەروەرانەی دەسەڵاتە سێكۆلار و نەتەوەپەرستەكانە، نەك ئایین. ئیسلامی ڕاستەقینە داكۆكیكاری زمان، جلوبەرگی ڕەسەن و شكۆی هەموو گەلانە. بۆیە كوردایەتی و دینداری دوو لقی یەك دارن و پێكەوە ناسنامەی ئێمە تەواو دەكەن.
