بۆچى دژایەتى یەک هەرێم ، یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت ، یەک هێزى پێشمەرگە دەکرێت ؟
لەڕاستیدا کاتێک پارتى دیموکراتى کوردستان بە دروشم و ستراتیژى یەک هەرێم ، یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت ، یەک هێزى پێشمەرگە، هاتنە نێو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە ، ئەو پرسە هەر لەخۆوە نەهاتووە بەڵکو لە ئەنجامى خوێندنەوەى وردبنیانەیە بۆ رووداو و پێشهاتەکان ئێستا و داهاتووى ناوچەکە ، هەنگاوێکە بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەرى و شکۆى هەرێمى کوردستان لە هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان و تێکشکاندنى هەموو ئەو مەرام و هەوڵانەیە کە نەیارانى کورد بەردەوام لەسەر ئاستى ناوخۆ ودەرەوە هەوڵى زیانگەیاندن بە کوردستان و پێشمەرگە وەک پارێزەرى ئەم دەستکەوتانە دەبینن
پێشهات و رووداوەکانى ناوچەکە و بەتایبەت ئەم چەند ساڵە بۆ کابینەى نۆیەمى حکوومەتى کوردستان ، بەهەموو شێوەیەک قەیران و ئاڵنگاریی گەورە بەرۆکى وڵاتانى ناوچەکەو جیهانى گڕتەوە ، ئەوەش کاریگەرى زۆرى لەسەر هەرێمى کوردستان و هەموو گەلى کورد دانا ، ئەم کێشە ئاستەنگانە هەر لە ڤایرۆسى کۆڕۆناوە بگرە تا قەیرانى دارایی و ئەمنى و ئینجا گوشارە سیاسى و دارایی و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان تا دەگاتە هێرش وپەڵاماردانى هەرێمى کوردستان بە درۆن و مووشەک و ئینجاش بەکارهێنانى هەندێک کەس و لایەن لە ناوخۆ بۆ دروستکردنى قەیران و سیناریۆى مەترسیدار ، لە ئێستاشدا گۆڕانکارى و پێشهاتى نوێى پەیوەست بە شەڕى ئەمەریکاوئیسرائیل دژى ئێران کە قەیرانى گەورەى لەبوارى وزە و ئابوورى بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان دروستکردووە
بەدڵنیاییەوە ، ئەو گوشارە سیاسى و دارایی وئابووریی و ئەمنییانە کە ڕووبەڕووى گەلى کورد و حکوومەتى کوردستان بوونەوە ، ئەگەر رووبەڕووى هەر دەوڵەتێکى بەهێز و خاوەن هێز و سەرمایەى دەیان ملیارد دۆلارى ببووایە ، ئێستا هیچ ئاسەواریشى نەما بوو ، لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان و کابینەى نۆیەم بە سەرۆکایەتى مەسروور بارزانى ، نەک هەر سەرکەوتووانە توانى ئیدارەى قەیرانەکان بکات لە هەمانکاتیشدا توانى لە سەر پێى خۆى بوەستێت
بەتایبەتى دواى ئەنجامدانى پرۆسەى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى10ى 2024 و سەرکەوتنى پارتى دیموکراتى کوردستان وەک هێز و حزبى یەکەمى کوردستان ، پێدەچێت نەیارانى کوردستان نەتوانن ئەم سەرکەوتن و دەستکەوتە مەزنانەى هەرێمى کوردستانیان پێ هەرس بکرێت ، هەر ئەوەشە لەماوەى 2 ساڵى رابردوو ، جارێکى تر بە سیناریۆ و ئاستەنگى مەزن کار بۆ ئەوە دەکەن زیان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان بە ڕێگەى بەکارهێنانى هەندێک کەس ولایەن و ئینجا بانگەشەى هەڵوەشاندنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە پارێزەرى قەوارەى کوردستانە بگەێنن ، ئەو زێهنیەتەى کە چەندین ساڵە بەرۆکى کوردستانى گڕتووە ، ئەویش دژایەتیکردنى ماف و دەنگ ودیموکراسییە ، شوێنى ئەویش خۆپەرستى و پۆست پەرستییە ، هەڵبەتە ئەوەش پاساوێکە بۆ ئەوەى زیان بە شوناس و ناوبانگى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکە دونیا بگات ، هۆکارێکى دیکەى سەرەکیش نەبوونى دەستوورە بۆ هەرێمى کوردستان کە ، وەک جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى هەمیشە ئاماژەى پێداوە ، دەبێت کارى سەرەکى خولى نوێی پەرلەمان نووسینى دەستوور بێت ، چونکە هۆکارى زۆربەى کێشەکان نەبوونى دەستوورە ، ئەوەشە نەیارانى کورد هەموو کارێک دەکەن تا پەرلەمان کارا نەکرێتەوە ، تا کوردستان لە نێو بۆشایی و مەترسى هەڵوەشاندنەوەى لەسەر بێت ، هەروەها خاوەن کۆمیسۆنى هەڵبژاردنى خۆى نەبێت
پێدەچێت نەیارانى پارتى و بارزانى مێژووییان نەخوێندبێتەوە ، ئەوانەى خەونى لەناوبردنى ئەم ڕێباز و قوتابخانەیان دەبینى و هەوڵى بچووکردنەوەیان دەدا ، بە دیکتاتۆر و داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانیان چۆن سەریان لە چیا بەرزەکانى کوردستان دا و هەڵدێران و بەڵام پارتى رۆژ بەرۆژ بەهێز مایەوە و بۆیە وێراى هەموو کۆسپ و تەگەرە و پیلان و گەلەکۆمەکییەکان لەسەر ئاستى ناوخۆیی و جیهانى گەلى کورد بە رابەرایەتى بارزانى ، خەونى نەیارانى پووچەڵکردەوە و چونکە پێشمەرگە پارێزەرى قەوارە و رەمزى خەبات و بەرخودانى نەتەوەیەک و پارێزەرى قەوارەى کوردستانە
ئێستا گەلى کورد لە قۆناغێکى مێژووییدایە ،پارتى دیموکراتى کوردستان هەموو هەوڵەکانى خستۆتەگەڕ لە پێناو ئەو بەڵێنانەى کە بەخەڵکى کوردستانى داوە و ئێستا چاوەرێن ، بەتایبەتى قۆناغێکى نوێى ئاوەدانى و باشکردنى ژیانى خەڵکى کوردستان هەر لە زاخۆ و تاهەڵەبجە ، بەتایبەتى پاساو هێنانەوە بۆ پۆست و شوێنک و جگە لە زیانگەیاندن بە سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان هیچ مانایەکى دیکە ناگەێنێت ، بزانن نەیارانى کورد ، چۆن لەو بۆشاییە سوود وەردەگرن تا پەڵامارى جومگە و ستوونەکانى دیکەش بدەن بەتایبەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە پارێزەرى هەموو دەستکەوتەکانە و بۆیە زۆر گرنگە هەر چى زووتر کوردستان خاوەنى حکوومەتى نوێی خۆى بێت و لە بەرامبەر هەموو هەرەشەکانى بەغدا و نەیارانى کوردستان ، دەبێت هەموو لایەنەکان ئەو قسەیەى سەرۆک بارزانى ، کە رابەرى نەتەوەیی کوردوکوردستانە بکەینە بەردى بناغە بۆ کابینەى نوێی حکوومەتى کوردستان ، ئەویش یەک پەرلەمان ، یەک هەرێم ،یەک حکوومەت و یەک هێزى پێشمەرگەمان هەبێت
ئێستا کوردستان لەسایەتى خوا و خۆڕاگرى گەلى کورد و بوونى سەرکردایەتییەکى حەکیمانە و بەتایبەتى رابەرایەتى سەرۆک مسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێم و مەسروور بارزانى ، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان، لە هەموو روویکەوە کوردستانى گەیاندۆتە ئاستێکى بەرز ، هەر لە بوارى کارەبا تا ئاو و ئاسانکارى لە بەڕێوەبردن و بانک و ئابوورى و بارزگانى و کشتوکاڵ و ڕێگاوبان و تەندروستى و پەروەردە و گەشتیارى و هتد .. ئەوەش هۆکار بوو کە گەلى کوردستان ، هەمیشە دەنگ و متمانەیان بە پارتى دیموکراتى کوردستان ببەخشن و چاوەروانییان زیاتر بێت بۆ ئەوەى حکوومەتێکى کوردستانى بەهێزتر و کاراتر هەبێ زیاتر کار بۆ باشترکردنى ڕەوشى ژیانى خەڵکى کوردستان بکات، ئەوانەشى ئاستەنگ بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت دروست دەکەن ، هەمان ئەو کەسانەن کە پاڵنەرى نەیارانى کورد و پێشمەرگەن ، ئەوانە ئەو کەسانەن هەمیشە بەکرێگیراوى نەیاران و دوژمنانى کوردوکوردستان و چاویان بەسەروەرى و ئازادى و پێشکەوتن و گەشەسەندنەنەکانى ئەم گەل ونیشتمانە هەڵنایەت

رێبوار حەمەلاو شوانی