تەلارسازانی هۆشیاری ئەرکی سەرکردە خولقاندنی سەرکردەیە نەک کۆکردنەوەی شوێنکەوتوو
لە زۆربەی کایە فیکری سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی هاوچەرخدا چەمکی سەرکردایەتی تووشی جۆرێک لە لێڵبوونی مانا بووە زۆرجار سەرکەوتنی کارەکتەرێکی سیاسی بە پێوەری چەندایەتی (کۆکردنەوەی جەماوەر ژمارەی شوێنکەوتووان و قەبارەی چەپڵەلێدان) دەپێورێت بەڵام لە فەلسەفەی دەسەڵاتداریی ڕەسەندا سەرکردایەتیی حەقیقی بە کێشانی ڕێڕەوی پاشکۆیی ناپێورێت بەڵکو بەو تۆوە مەعریفی و سەرکردایەتییانە دەپێورێت کە لە دوای خۆی دەیانچێنێت سەرکردە ڕێبەرێک نییە کۆیلەی فیکری بەرهەم بهێنێت بەلکو تەلار سازێکە کە دەست هەلات و هۆشیاری بەسەر ئەوانی تر دابەش دەکات تاببنە هەلگری پەیامەکە لەدوای ئاوابونی خۆی
لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ئەزموونی «مەهاتما غاندی» بکەین ئەو کاتێک ڕابەرایەتیی شۆڕشی هیندستانی دەکرد هێزی لە پاوانی خۆیدا نەهێشتەوە بەڵکو تەواوی گەلی فێری دەستپێشخەری و خۆبژێوی کرد بە جۆرێک کاتێک خۆی لە کایەکەدا نەما دەیان سەرکردەی وەک «جەواهر لال نەهرۆ» سەکۆکەیان بەبێ لەرزین بەڕێوەبەر قۆرخکاریی کاتی و هەرەسی ستراتیژی
ئەو جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی کە بڕیاردان کاریگەری و هۆشیاری لە دەوری یەک جەمسەر قۆرخ دەکات ڕەنگە لە مەودایەکی کورتخاییدا جۆرێک لە سەرسامیی کاتی و پێگەی پۆپۆلیستی دروست بکات، بەڵام لە ڕاستیدا جڤاتێکی لاواز و پاشکۆ بەرهەم دەهێنێت. ئەم جۆرە پێکهاتانە بە تەواوی بەستراونەتەوە بە ژیانی فیزیکی یان سیاسیی یەک کەسەوە نەک بە نەمریی بیرۆکەکەوە. لە غیابی ئەو ناوەندەدا تەواوی گروپەکە تووشی دۆخی شۆک و داڕمان دەبێت چونکە ئەندامەکانی خوویان بە پاشکۆیی و چاوەڕوانیی فەرمان گرتووە نەک بە توانای ڕەخنەگرتن و دەستپێشخەری.
ئەم پێشاتە بە تەواوی هاوتایە لەگەل تێزی فەیلەسوفی ناودار
لاو تزۆ کەدەلێت سەرکردەی خراپ ئەو کەسەیە کەخەلک سوکایەتی پێ دەکەن سەرکردەی باش ئەو کەسەیە کە خەلک ستایشی دەکەن بەلام سەرکردەی مەزن ئەو کەسەیە کە کارەکە تەواو دەکات گەلەکەی دەلین خۆمان ئەم کارەمان کرد چاندنی هۆشیاری لە بەرامبەر دابەشکردنی وابەستەیی
لە بەرامبەردا سەرکردەی هۆشیار و خاوەن دیدگا تێدەگات کە ئەو دواناوەندی مێژوو نییە بەڵکو ئامرازێکە بۆ چاندنی متمانە سەربەخۆیی و وزەی داهێنان لە ناخی دەوروبەرەکەیدا ئەم جۆرە ڕێبەرانە لە سەرهەڵدانی هاوتەمەن و سەرکردەی نوێ تۆقینیان نییە و پێگەی ئەوانی تر وەک هەڕەشە بۆ سەر کورسیی خۆیان نابینن.
جیاوازیی نێوان ڕێبەرێک کە شوێنکەوتوو بەرهەم دەهێنێت و ئەو سەرکردەیەی کە سەرکردە دەخولقێنێت ڕێک وەک جیاوازیی نێوان کەسێکە کە ڕۆژانە نان دابەش دەکات و خەڵک لەسەر دۆخی چاوەڕوانی و سووکایەتی دەهێڵێتەوە لەگەڵ ئەو جوتیارە فەیلەسۆفەی کە نەتەوەیەک فێری چاندن و درۆێنە کردنی بەرهەمەکانی خۆی دەکات مۆدیلی یەکەم وابەستەیی و دۆخی چەقین مسۆگەر دەکات مۆدیلی دووەم نەتەوەیەکی رەسەن خوراگر زیندوو بونیاد دەنێت پەروەردەی هاوچەرخ و مێتۆدۆلۆژیای مانەوە
سەرکردەی ڕاستەقینە مرۆڤەکان بۆ گوێڕایەڵی کڵۆمکراو و کوێرانە ئامادە ناکات بەڵکو دەرگای گفتوگۆی ئاواڵا دەکات و هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەدات لێرەوەیە کە پڕۆژە قووڵەکان نەوە دوای نەوە دەمێننەوە چونکە لەسەر کارەکتەری فیزیکیی دامەزرێنەرەکەیان ڕانەوەستاون، بەڵکو لەسەر «میتۆدۆلۆژیایەکی دامەزراوەیی بونیاد نراون
ئەم چەمکە لە ئەزموونی ڕزگاریخوازیی باشووری ئەفریقادا بە ڕوونی لە کارەکانی «نێڵسۆن ماندێلا»دا دەبینرێت ماندێلا پڕۆژەکەی نەکردە قوربانیی ناوی خۆی بەڵکو سیستەمێکی پەروەردە کرد کە تە نانەت دوای خۆشی نەتەوەکە توانی هاوسەنگی سیاسی کۆمەلایەتی خۆی بپاریزێت دەرەنجام
مەترسیدارترین نەخۆشییەک کە تووشی نەتەوەیەک یان بزووتنەوەیەک ببێت ئەوەیە کە تاکەکانی ببنە «جێبەجێکاری مەکینەیی» کە لە بیرکردنەوە و بڕیاردان بترسن ئەم دۆخە نەتەوە تووشی ئیفلیجی دەکات لە کاتی قەیرانەکاندا
بۆیە چاندنی سەرکردە تەنها لێهاتووییەکی کارگێڕی نییە بەڵکو زەروورەتێکی نەتەوەیی و بوونگەراییە نەتەوەیەک کە ئامانجی ڕاپەڕین و پێشکەوتنی ڕاستەقینەیە پێویستی بەو جۆرە ڕێبەرانە هەیە کە هۆشیاری دەچێنن نەک ملکەچبوون متمانە دەخولقێنن نەک ترس و پیاوان و ژنانێک پەروەردە دەکەن کە بە شانازییەوە بارستایی پڕۆژەکە هەڵبگرن نەک تەنها ببنە ئامرازی چەپڵەلێدان. سەرکردەی مەزن فەرمان بەدواکەوتن ناکات بەلکو رێگاکە رووناک دەکاتەوە تا ئەوانی تریش بەسەربەخۆی پیدا تیپەرن

پارێزەر فیصل عبداللە فیصل