چی بەخشراوە و چی وەرگیراوە ؟
(جۆن دیوی) پەروەردەكار و فەیلەسوفی ئەمریكی دەڵێ"ئەگەر ئەمڕۆ نەوەكانمان بەو شێوازە پەروەردە بكەین كە دوێنێ پەروەردە كرابووین ئەوا پاشەڕۆژیان لێ دەدزین".
پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە جەوهەری خۆیدا لە سەر یاسایەكی سروشتی نەگۆڕ وەستاوە " مرۆڤ هەر لایەنێك بچینێت، بەرهەمی ئەو لایەنە دروێنە دەكات، بە گشتی دامەزراوە فێركارییەكان تەنیا شوێنی گواستنەوەی زانیاری و دەقە باوەكان نین. بەڵكو ناوەندی سەرەكی بنیادنانی بەها پەروەردەییەكان و سەركردایەتی و لێهاتوویی و كارامەییەكانی ژیانن بە گشتی، كاتێك دەپرسین" چی بەخشراوە و چی وەرگیراوە؟ " ڕووبەڕووی ئاوێنەیەكی ڕەخنەیی دەبینەوە كە تێدا ئاستی دڵسۆزی و توانایی تاك و كوالێتی كاركردنی بەرپرسانی ئەو كایە دەردەكەوێت. ناكرێت لە ژینگەیەكی پەروەردەییدا سستی و بێدەسەڵاتی و خۆ بەخاوەن نەزانین و بەرژەوەندخوازی تۆڕی بچێنرێت و چاوەڕێی دروێنەكردنی داهێنان و پێشكەوتن و سەركەوتنی لێ بكرێت.
دەكرێ شی كردنەوەی ئەو چەمكە لە سەر سێ ئاست بە كورتی وەربگرین.
لە ئاستی یەكەم: تاك و ویژدانی پیشەیی
لە ئاستی تاكە كەس چی (مامۆستا،بەرێوەبەر،سەرپەرشتیار،فەرمانبەر....) بەرپرسیاریەتیەكی ئەخلاقی و ویژدانی قورسی هەیە، پەروەردەی نوێ پێویستی بەو تاكە ڕەسەن و لە خۆ بوردوانە هەیە كە پێش ئەوەی بپرسن" سیستەمەكە چی پێ بەخشیوم" لە ویژدانی خۆیان دەپرسن من چیم پێشكەش بەو نەوەیە كردووە؟.
ئەو مامۆستا و پەروەردەكارانە بەگشتی تەنها بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركێكی ڕۆتینی ڕۆژانە دێنە ناو قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن بێ ئەوەی ڕۆح و داهێنان و نوێگەری و بنیاتنان ببەخشین بە كردەوە بەشدارە لە چاندنی ساردی و بێهیوایی لە دەروونی قوتابیان كە ئەمانەتی كۆمەڵگەن.
ناكرێ چاوەڕێی بەرهەم و جۆخین و دروێنەیەك بین كە خۆمان ماندووبوونمان بۆ نەكردووە. لە بیرمان نەچێت بەخشینی زانستی ڕاستەقینە و بەها بەرزەكان تەنها ڕێگەیە بۆ وەرگرتنی پێزانین و ڕێزی كۆمەڵایەتی و ویژدان ئاسودەیی.
ئاستی دووەم: پۆستە درێژخایەنەكان و كارگەی دووڕوویی كارگێڕیی:
كاتێك لە هەمان هاوكێشە " چی بەخشراوە و چی وەرگیراوە" قووڵ دەبینەوە . ناتوانین چاوپۆشی لەو دەردە كوشندە و شێرپەنجە كارگێڕییە بپۆشین كە بریتییە لە قورخ كردن و دەست بە سەرداگرتنی پۆستەكان بۆ ماوەی درێژخایەن. مانەوەی بەرپرسێك لە پێگەیەكدا بۆ ساڵانێكی زۆر... بەبێ هەبوونی هیچ بەرهەم و داهێنان و گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە. تەنها و تەنها سیست بوون و بێ كەڵك بوونی دامەزراوەكە بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو دەبێتە هۆی دروست بوونی جۆرێك لە كارگە و پیشەسازی دووڕوویی و ماستاو كردنی كارگێڕیی و بێ بەهاكردنی پڕەنسیپەكان.
لە بیرمان نەچێت زۆر جاران لەو دۆخانەدا كاتێك بەرپرسێك دەزانێت لە ڕووی ئەكادیمی و پیشەییەوە هیچ شتێكی نوێی پێی نییە ببەخشێت. بۆ پاڕاستنی پێگە و كورسییە لەرزۆكەكەی پەنا بۆ دروستكردنی تۆڕێكی پارێزەر دەبات كە ئەو دەوروبەرە كارگێڕییە تەنها لە سەر بنەمای تەسلیم بوون و ستایشی نا بەجێ دروست بوون ڕاستییەكانی لێ دەشارنەوە و ڕێگر دەبن لە گەیشتنی دەنگی حەق و ڕاستی و ڕەخنەی بنیاتنەر و كەسانی دڵسۆز.
دەرئەنجام لەو جۆرە ژینگانە پێوەری هەڵسەنگاندن سەرەوژوور دەبێتەوە و كەسانی بێ بەرهەم و دوو ڕوو و بەرژەوەندخواز نزیك و قیت دەبنەوە و، كەسانی دڵسۆز و ڕاستگۆ و خاوەن ویژدان و بوێر كە دەیانەوێ بە ڕاستگۆیی كاربكەن و بەرهەم و ماندووبوونیان دیار بێت پەڕاوێز دەخرێن. كە ئەوەش گەورەترین زەبرە لە پڕەنسیپی دادپەروەری.
ئاستی سێیەم: بەرپرسیارییەتی كارگێڕیی و پرسە یاساییەكان
لێرەدا هاوكێشەی " چی بەخشیە چی وەرگرتییە: دەبێتە پێوەری سەرەكی بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە. جێگای داخێكی قوولە كە زۆر جاران لە سیستەمە كارگێڕییەكاندا پۆست و پلە و دەسەڵات وەك ئامراز و هۆكارێك بۆ دەستكەوتی كەسی و پێگەی كۆمەڵایەتی سەیر دەكرێت، نەك وەك ئەرك و بەرپرسیاریەتی و بەخشین و ئەمانەت و چاكسازی .
لە بیرمان نەچێت پۆستە درێژخایەنە بێبەرهەمەكان بەكردەوە ژەهر دەخاتە ناو دەمارەكانی كۆمەڵگە و ناكرێ چاوەڕێی دروێنەی چاكسازی و گەشەپێدان بین، لێرەدا پێویستە پڕەنسیپی " چی كەمە و چیت پێشكەش كردووە ، ببێتە بنەمای مانەوە یان لادانی هەر بەرپرسێك".
لە كۆتاییدا لای هەموومان ڕوونە كە پەروەردە كێڵگەیەكە ناكرێت كەمتەرخەمی و تەمبەڵی بچێنرێت و چاوەڕێی دروێنەی بەرهەم و لێهاتوویی بكرێـت. هەموومان چ تاك لە پێگەی خۆیدا و چ بەرپرس لە لوتكەی دەسەڵاتی كارگێڕییدا دەبێت ئەوە بزانن كە كۆمەڵگە چاو كراوەیە و مێژوو هاوسەنگی نێوان " ئەوەی بەخشراوە و ئەوەی وەرگیراوە" تۆمار دەكات. كاتی ئەوەیە جورئەت و بوێری ئەوەمان هەبێت و پێوەرەكان بە ئاراستەی دادپەروەری و لێپرسینەوەی توند بگۆڕین بۆ ئەوەی پاشە ڕۆژێك دروێنە و دابین بكەین كە شایستەی نەوەكان و مرۆڤی كوردستان بێت.
ئەوكات كوردستان هەمیشە خاوەن دەنگی ڕەسا و ڕەسەن و ویژدانی ئاسودە و پێنوسی بڕشت دەبێت.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی
