لە ڕۆژی جیهانيی منداڵاندا دەستەبەری مافەكانی منداڵانی كوردستان دەخرێتە بەرباس
ڕۆژی یەكی حوزەیرانی هەموو ساڵێك لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەك ڕۆژی جیهانیی منداڵان ناسراوە و بەشێوازی جیاواز پێشوازی لەو ڕۆژە دەكرێت، لە هەرێمی كوردستان وەك زۆربەی وڵاتانی دیكە یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەكرێتەوە و لە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ڕێكخراوی تایبەت بە منداڵان دامەزراون، كە هەر یەكەیان بەپێی قەوارە و توانا كاریان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی منداڵ كردووە و بە یاساش هەوڵ دراوە توندوتیژی خێزانی بەتایبەت بەرامبەر بە ئافرەت و منداڵ كۆنتڕۆڵ بكرێت. لەم ڕوانگەیەوە دەپرسین ئایا منداڵانی كوردستان بەو مافانەیان ئاشنان كە لە جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵ دا هاتووە؟ تاچەند مافی پاراستنیان دەستەبەر كراوە؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەر ڕۆژی (20ی تشرینی دووەمی1954) لە وڵاتی سوویسرا یەكەم كۆنگرەی جیهانی تایبەت بە منداڵان بەست، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كۆدەنگییەك لەسەر ژیانی منداڵ لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهاندا هەبێت و دواتر لە ڕۆژی (20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989)دا نەتەوەیەكگرتووەكان لەكاتی یادكرنەوەی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا بەئامادەبوونی نوێنەرانی نزیكەی (191) دەوڵەت یاداشتی بەرگری مافەكانی منداڵان واژۆ كرا .
ناسكە ئەحمەد پارێزەرە و لە دەستپێكی ڕاپۆرتەكەدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە پێوەری جیهانی بۆ دیاریكردنی تەمەنی منداڵ 18 ساڵە واتا بەو كەسە دەوترێت كە 18 ساڵی تەواو نەكردبێت، گوتیشی: «هەر بەگوێرەی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵان كە لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكان دەرچووە و لە ساڵی ١٩٩٠ كەوتۆتە بواری جێبەجێكردن، نزیكە 191 وڵات واژۆی لەسەر كردووە و عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە، جارنامەكە كۆمەڵێك ماددە لەخۆدەگرێت و تێیدا بە شێوەیەكی ڕوون باسی مافەكانی منداڵان و ئەركی دەوڵەتان لەهەمبەر پاراستنیان دیاریكراوە. لەوانە دابینكردنی ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەران و ڕەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ منداڵان و پاراستنی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەكان و دەستگەیشتنی منداڵان بە زانیارییەكان لە ڕێگەی میدیا بینراو و بیستراوەكان، لە بەشێكی تری مافەكان لەم جاڕنامەیەدا هاتووە ڕێزگرتن لە بیروڕای منداڵان بەگوێرەی تەمەن و بەشداریكردن لە چالاكییە تایبەتەكان پارستنی ناسنامەی منداڵ و پەروەردە و خوێندن و لە هەمووشی گرنگتر جەختكردنەوە لە پارستنی منداڵان لە توندوتیژی و كارپێكردنی منداڵان. سەبارەت بە ئاشنابوونی منداڵانی كوردستان بەم مافانە كە لەم جاڕنامەیەدا هاتوون، دەكرێت بڵێین لە ئاستێكی باش نابیندرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك هۆكار سەرەكیترینیان نەبوونی پڕۆگرامێكی تایبەت لە خوێندن و كەمتەرخەمی ڕاگەیاندن لە ئاستی هەڵمەتی هۆشیاری لەهەمبەر ئەم پرسە و نەبوون و كەمی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بەم بابەتە و نەبوونی یاساییەكی تایبەت بە پاراستنی مافەكانی منداڵان لە عێراق و كوردستان، لەگەڵ هەموو ئەمانەش نەبوونی ژینگەی لەبار لەناو خێزاندا، ئەگەر تێبینی بكەین تاڕادەیەك دیاردە و حاڵەتی پێشێلكردنی مافی منداڵان لێرەولەوێ بەرچاو دەكەوێت، بەتایبەت كارپێكردنی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ و 18 ساڵ لە دەرەوەی خێزان كە پێچەوانەی جاڕنامەی گەردوونی و یاسا ناوخۆییەكانە وەكو یاسای نەوجەوانان و یاسای كار، هەروەها سواڵكردن بە منداڵان كە زۆربەی كات لە ترافیك و شەقام و شوێنە گشتییەكان بەرچاو دەكەون، ئەمەش بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ سەرپێچی یاساییە و سزای بۆ دیاریكراوە. هەروەها زۆربوونی بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 15 ساڵ و 18 ساڵ كە پێشێلی یاسای باری كەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی١٩٥٩ی عێراق و ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەرێمە. جگە لەوەی بێبەشكردنی منداڵان لە خوێندن لە هەندێك خێزان جیاكاری لە توانای ماددی خێزانەكان لە ناردنی قوتابیان بۆ قوتابخانە تایبەت و حكومییەكان بەو مانایەی دەستەبەركردنی جۆرە پڕۆگرامێكی خوێندنی ئاست بەرزتر بۆ هەندێك منداڵ و نەبوونی بۆ هەندێكی دیكە بە هۆكاری توانای دارایی، ئەمەش جیاركارییە لە نێوان منداڵان لە هەمان ژینگەدا كە لە ئێستادا زۆرە. پاراستنی مافەكانی منداڵان پێویستی بە هەڵمەتێكی هەمەلایەن و كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەسەر ئاستی خێزان و ڕاگەیاندن و ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و قوتابخانەكان هەیە».
نیشتمان هەڵەبجەیی چالاكی مەدەنییە و لەمبارەیەوە دەڵێت: «مافی ناسنامە و هاوڵاتیبوون، هەموو منداڵێك مافی هەیە دەستبەجێ دوای لەدایكبوونی ناوی لێبنرێت و ناسنامەی فەرمی پێبدرێت. لە كوردستاندا ئەم پرۆسەیە لە ڕووی یاساییەوە ڕێكخراوە، بەڵام هەندێك جار منداڵانی ئاوارە یان ئەوانەی لە ناوچە دابڕاوەكانن بەهۆی كێشەی كارگێڕییەوە لەم مافە بێبەش دەبن.
مافی پاراستن لە توندوتیژی و پشتگوێخستن، بەپێی بەندە نێودەوڵەتییەكان، دەبێت منداڵ لە هەر جۆرە توندوتیژییەكی جەستەیی و دەروونی بپارێزرێت. لە واقعدا، سەرەڕای هەبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، هێشتا بەشێك لە منداڵان لەناو خێزان یان قوتابخانەدا ڕووبەڕووی سزای جەستەیی دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە كاراكردنی زیاتری دامەزراوە چاودێرییەكان هەیە.
قەدەغەكردنی كارپێكردنی زۆرەملێ، منداڵان دەبێت لەو كارانە بپارێزرێن كە ڕێگرن لە خوێندنیان یان زیان بە تەندروستییان دەگەیەنن. بەداخەوە، دیاردەی كاركردنی منداڵان لەسەر شەقامەكان، فرۆشیاریی گەڕۆك، و كاركردن لە پیشە پیشەسازییەكاندا وەك چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل هێشتا بەدی دەكرێت.
هەرچەندە لە كوردستاندا قوتابخانە حكومییەكان هەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری، نەبوونی ژینگەی گونجاوی خوێندن لە هەندێك ناوچە و تێچووی پێداویستییەكان، بەشێك لە منداڵان لە خوێندن دادەبڕێن.
دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی، كوتانە سەرەكییەكان، و دابینكردنی شوێنی یاری و كات بەسەربردن لە مافە بنەڕەتییەكانن. لێرەشدا جیاوازی لە نێوان ناوچە شارییەكان و گوندەكاندا هەیە لە ڕووی كوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستی و كات بەسەربردنەكانەوە.
ئێستا كە سەیری ئەم خاڵە یەكگرتووانە دەكەین، لێرەوە ئێمە وەك هاوكار پێكەوە دەتوانین گفتوگۆكەمان بەردەوام پێبدەین. بۆ ئەوەی زیاتر بچینە ناو قووڵایی بابەتەكە و بپرسین، چۆن دەكرێت مافەكانی منداڵ بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە بۆ ئەوەی منداڵان خۆیان نەوەیەكی هۆشیار بن؟
ئایا حكومەت و ڕێكخراوەكان پێویستە چی بكەن بۆ ڕێگریكردن لە كاركردنی منداڵان لەسەر شەقامەكان؟ پێویستە هەموومان كار بۆ دۆزینەوەی ئەو وەڵامانە بكەین».
مامۆستا كەوكەز سرێشمەیی لە ڕوانگەی شەرعەوە بەمجۆرە باس لە مافەكانی منداڵ دەكات: خوای گەورە ئاگادارمان دەكاتەوە كە ئاگاداری منداڵەكانمان بین و پێمان دەڵێت منداڵ دیاری خودایە پێشكەش بە دایك و باوكان دەكرێت، لە سورەتی شورا دەفەرمووێت (لِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ يَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ إِنَاثًا وَيَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ الذُّكُورَ (49) أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرَانًا وَإِنَاثًا وَيَجْعَلُ مَنْ يَشَاءُ عَقِيمًا إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِير) واتا خوای پەروەردگار بە هەندێك دایك و باوك كچ دەبەخشێت و بە هەندێكیش كوڕ دەبەخشێت و هەندێكیش كوڕ و كچیان پێكەوە پێ دەبەخشێت، هی واش هەیە خوا بە حیكمەت و لێزانی خۆی هیچیان پێ نابەخشێت و خوا زانایە چی بۆ بەندەكانی باش و گونجاوە، هیچ شتێكیش لە دەسەڵاتی ئەو خوایە عاسێ نابێت، كە منداڵ دیاری خوای پەروەردگار بێت پێویستە پارێزگاری لێبكەین، زۆرجار كە دیارییەكمان لەلایەن كەسێكی ناسراو پێدەگات دڵمان پێی خۆش دەبێت و پشتاوپشت دەیپارێزین، لە كاتێكدا منداڵ كە دیاری خودایە لە هەموو شتێك بە نرخ ترە و بە هەموو سەروەت و سامانی دنیا ناكڕدرێت، خوای گەورە منداڵ بە سۆما و بیلبیلەی چاو وەسف دەكات، لەبەر ئەوە پێویست دەكات بە باشی ئاگاداری منداڵەكانمان بین و وەكو چاومان بیانپارێزین، هەروەها خوای گەورە دەفەرمووێت المال والبنون زینة الحیاة الدنیا واتا ماڵ و سامانی حەڵاڵ و منداڵی چاك و گوێڕایەڵ ژیانی دنیا جوان دەكەن.
پێغەمبەری خوا درودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت پیاو شوانی ماڵەكەیەتی و خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا لێپێچینەوەی لەسەر ئەو كارەی لەگەڵدا دەكات، پێعەمبەران سەلامی خوایان لەسەر بێت بە خاتەمی پێغەمبەرانیشەوە حەزرەتی محەمەد مستەفا درودی خوای لەسەر بێت هەموویان شواناتیان كردووە، شوان چەند سیفەتێكی هەیە، شوان لەگەڵ مەڕەكانی زۆر بە بەزەییە و لەوەڕی باش و جێگەی مانەوەی باش بۆ مەڕەكانی مسۆگەر دەكات، هەروەها مەڕەكانی لە گورگ دەپارێزێت، ئەگەر مەڕێك نەخۆش بێت خەمی بۆ دەخوات و دەرمانی دەكات، بۆ ئاسوودەیی مەڕەكانی شمشاڵیان بۆ لێدەدات، شوان چاودێری مەڕەكانی دەكات دەزانێت ئەگەر مەڕەكان زیان بگەینن خەڵك یەخەی مەڕەكان ناگرن یەخەی شوانەكە دەگرن، شوان بە نووكە گۆچانێكی بچووك نەك بە فیشەك و تێهەڵدان مەڕەكان لە زیان دەپارێزێت، هەروەها لە نەخۆشی گوازراوە دەیانپارێزێت و ڕێگە نادات تێكەڵی مەڕی نەخۆش ببن، چاوی هەموو مەڕەكان دەبینێت ئەگەر یەك مەڕ دیار نەبێت بەدوایدا دەچێت، كەواتە پێویستە باوك بە بەزەیی بێت بۆ منداڵەكانی، منداڵ كە گەورە بوو هەست بە بۆشاییەك دەكات لە دەروونیدا ئەو بۆشاییە بەوە پڕ دەبێتەوە كە باوك دەستی بەسەردا بهێنێت و ماچی بكات و لە باوەشی بگرێت، ئەوكات منداڵەكە ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ دەبێتەوە، ئەگەر وا نەبوو منداڵ پەنا بۆ دەرەوە دەبات، پەنا بۆ هاوڕێی خراپ دەبات، هەر دایك و باوكێك ڕەحم بە منداڵەكانی نەكات، ئەوانیش كە گەورە بوون ڕەحم بەو دایك و باوكە ناكەن.
پێغەمبەرمان لە فەرموودەیەك دەفەرمووێت (ليس منا من لم يرحمْ صغيرَنا ، ويُوَقِّرْ كبيرَنا) واتا ئەو كەسە لە ئێمە نییە كە ڕەحم بە منداڵان نەكات و ڕیزی گەورانیش نەزانێت».
ئیڤان مامەند چالاكی بواری كۆمەڵی مەدەنییە و سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «كاتێك باس لە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵ دەكەین، باس لە دەستوورێكی مرۆڤایەتی دەكەین كە بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە و ئارام بۆ منداڵان داڕێژراوە. بەڵام ئەگەر بە ڕاشكاوی و بە چاوێكی ڕەخنەگرانە سەیری واقعی دەورووبەری خۆمان بكەین لە كوردستان، دەبێت بپرسین ئایا منداڵانی ئێمە چەندە بەم مافانە ئاشنان؟ و تا چەند مافی پاراستنیان لە واقعدا دەستەبەر كراوە؟
واقعی تاڵ پێمان دەڵێت كە مەودایەكی گەورە لە نێوان «ئەو یاسایانەی لەسەر كاغەز نووسراون» و «ئەو ژینگەیەی منداڵی لێ گەورە دەبێت» هەیە. ئاستی ئاشنایەتی منداڵانی كوردستان بە مافە سەرەتاییەكانی خۆیان لە ئاستێكی لاوازدایە، منداڵێك كە نەزانێت مافی ڕادەربڕین، مافی پاراستن لە توندوتیژی، و مافی یەكسانی هەیە، چۆن دەتوانێت لە كاتی پێشێلكارییدا بەرگری لە خۆی بكات؟
• سیستمی پەروەردە هێشتا نەبووەتە بزوێنەری چاندنی ئەم هۆشیارییە لە ناخی قوتابییاندا.
• میدیای كوردی (بەتایبەت میدیای منداڵان) زیاتر كات بەسەربردنە نەك پەروەردەی یاسایی و دابینكردنی هۆشیاری كۆمەڵایەتی.
• لە ناو خێزانیشدا، زۆرجار چەمكی «ماف» وەك سەرپێچی یان یاخیبوون سەیر دەكرێت و تەنیا جەخت لەسەر «گوێڕایەڵی» دەكرێتەوە.
مافی پاراستن (Protection Rights) یەكێكە لە كۆڵەگەكانی جاڕنامە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام لە واقعی ئێمەدا بە چەندین شێواز پێشێل دەكرێت، لەوانە:
لێدان و توندوتیژی دەروونی هێشتا لای بەشێك لە خێزانەكان وەك ئامرازێكی «پەروەردە» سەیر دەكرێت، و دابونەرێتی كۆمەڵایەتیش زۆرجار ڕێگرە لەوەی ئەم كێشانە بگەنە دادگاكان.
فرۆشیاری لە ترافیكەكان و كاركردنی منداڵان لە ناوچە پیشەسازییەكان، نیشانەیەكی ڕوونی شكستی ئەم پاراستنەن، شوێنی منداڵ كورسی خوێندنە، نەك شەقام و ناوچەی پیشەسازی مەترسیدار.
لەم سەردەمەدا كە ئینتەرنێت بووەتە بەشێك لە ژیانی منداڵان، منداڵی كورد بە تەواوی بێبەرگرییە لەبەردەم مەترسییەكانی جیهانی مەجازی (وەك چەوساندنەوەی ئۆنلاین و هاوڕێیەتی مەترسیدار)، چونكە نە چاودێرییەكی توندی خێزانی و نە یاسایەكی توند بۆ پاراستنیان لەم فەزایەدا هەیە.
منداڵان بڕبڕەی پشتی داهاتووی ئەم نیشتمانەن. بۆ ئەوەی مافەكانیان تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەز نەبێت، پێویستمان بە كاركردنی ڕاستەقینەیە، بابەتەكانی مافی منداڵ بە زمانێكی سادە بخرێنە ناو پڕۆگرامەكانی خوێندنەوە. سزادانی توندی هەر لایەن یان خێزانێك كە منداڵ دەچەوسێنێتەوە یان بەكاری دەهێنێت بۆ كاری تاقەتپڕوكێن و گۆڕینی بیركردنەوەی كلاسیكی خێزان بەرامبەر مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵدا».
