قەوارەى کوردستان و ئیرادەى گەلى کورد لە سەروى هەموو ئیرادەیەکى دیکەوەیە
گەلى کورد وەک نەتەوەیەک خاک و ماف داگیرکراو ، دەیان ساڵە چەندین شۆڕش و راپەڕین و بە هەزاران قوربانى و دەریاییەک خوێنى بەخشیووە لە پێناو ئازادى خاک و بەدیهێنانى مافى سەربەخۆیی و حکومڕانى وەک هەموو گەلە ئازادیخواز و ڕەسەنەکانى دیکە ناوچەکە و جیهان ، هەر بۆیە دواى بڕینى هەوراز و نشێوێکى زۆر و خۆڕاگرى بەرانبەر بە دڕندەترین و ستەمکارترین دوژمنان و داگیرکەران توانی بگاتە ئەمڕۆى قەوارەى هەرێمى کوردستان و چەندین دەستکەوتى دیکە مێژوویی و گرنگ کە نەک تەنها جێگەى شاناز و ئومێدى بەشێکى ئەم نیشتیمانەیە بەڵکو هیواى هەموو نەتەوەیی کوردە ، هەر ئەوەشە وایکردووە بەدرێژایی 35 ساڵ حکوومڕانى گەلى کورد ، نەیارانى کوردستان جۆرها سیناریۆ و پیلانگێرییان بۆ نەهێشتن و لاوازکردنى سەنگ و پێگەى کوردستان بەکارهێناوە ، بەڵام ئیرادەیەکى بەهێز ئەم گەلە و بوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانە ،ڕێگەى نەداوە خەونى ناحەزانى کوردستان بێتەدى
ئەزموونى حکوومڕانى کوردستان لە یەک هەنگاویدا تا بە ئێستاش نموونەیەکى جوانى دیموکراسییە لە سەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، ئەوەش وایکردووە ، ناحەزانى کوردوئەم ئەزموونە چاویان بە حکومڕانى هەرێمى کوردستان هەڵنەیەت ، ئەوەش چ بە شێوەى راستەوخۆ و چ ناڕاستەخۆ خەونى زیان گەیاندن بە قەوارەى هەرێمى کوردستان و سەروەرییەکان کە خۆى لە یەک هەرێم ، یەک پەرلەمان ،یەک حکوومەت و یەک هێزى پێشمەرگە دەبینێتەوە بگەێنن ، چونکە ڕێگریکردن لە کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت بە دوو جومگەى ستراتیژى و گرنگى قەوارەى هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکانى خزمەتگوزارى و دەرکردنى یاسا و دەستوور و ئینجا بوارەکانى پەسەندکردنى بودجە و خزمەتگوزارییەکان چاودێرى کردنى کارەکانى حکومەت و بەرژوەندییە گشتییەکان هەژمار دەکرێت
هیچ پاساوێک نییە ئەگەر سیناریۆى نەیارانى کورد و حزبایەتى بەرتەسک نەبێت ، چونکە بەرژوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان دەخوازێت و گەورەتر لە پۆست و بەرژوەندى بەرتەسکى حزبى و ئەمەش پێمان دەڵێت : دەبێ هەموو هێزولایەنەکانى ڕێزى لە ئیرادە و دەنگى خەڵکى کوردستان بگرن , لە هەمان کاتیشدا هەڵبژاردنەکان کاریگەرى یان وەک پرۆسەیەکى دیموکراسى لە سەر پشک و پۆستى پەرلەمانى و حکوومەت هەیە ، هەموو ئەمانە وادەکات چ حزبەکانى بەشداربوون لە پرۆسەى حکوومڕانى و چ ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵ و پێگەى خۆیان هەبێت لە نێو پەرلەمان و حکوومەتیشدا ، ناکرێت ئۆپۆزسیۆن خۆى وەک دژایەتى گەل و نیشتیمان نیشان بدات و خزمەتى ناحەزانى کورد بکات و لە هەمانکاتیشدا ئەو حزبانەى کە لە نێو حکوومەتدا هاوبەشن خۆیان لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان بشارنەوە ، ڕۆڵ و ئەداى هەندێک کەس ولایەن لە ماوەى ساڵانى رابردوو نەک هەر لە خزمەتى بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان نەبوو بەڵکو هەنگاوەکانیان زیانگەیاندن بووە بە پرۆسەى دیموکراسى و قەوارەى هەرێمى کوردستان ،
لە هەموو دونیایی دیموکراسیدا دابەشکردنى پۆستەکان لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ، ئەوەش وەک نەرتێکى دیموکراسى بە پێى ڕیزبەندییەکان ، ئینجا حزبى یەکەم و متمانەپێکراوى خەڵکى کوردستان لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە حکوومەتێکى کاروکاریگەر پێکدەهێنێت ، ئەمڕۆ خەڵکى کوردستان لە هەموو کات و ساتێکى دیکە هوشیارتر وبە ئاگاترە ، واتە هەموو کات دەنگ و متمانەى خۆى بەو لایەنە دەبەخشێت کە هەمیشە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانى و خزمەتکردنى بەشێوەیەکى باش جێبەجێ دەکات ، بەڵام ئەوانەى کە هەموو پۆست بۆ خزمەتى خۆیان و حزبەکەیان بەکاردێنن و رۆژ بە رۆژیش ئاستى جەماوەریی و کورستییەکانیان کەمتر دەبێتەوە و هەمیشە لە پێناو بەدەستهێنانى پۆست کێشە و ئاڕیشە بۆ دروست دەکەن ، ئەوان لە خەیاڵى خۆیان بەهێزن بەوەى ئەگەر بەهەڕەشە پۆستێک بەدەست بێنن , بەڵام نازانن پێچەوانەى ئیرادەى گەل و دیموکراسین
بۆیە ، کاتى ئەوە هاتووە چیتر کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان لە پێناو بەرژوەندى کەسى و حزبى دوا نەخرێت ، پێوەستە لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتمان هەر حزب و لایەنێک ڕۆڵ کاریگەرى خۆى ببینێت ، چونکە ئیرادەى خەڵکى کوردستان لەسەروى هەموو ئیرادەیەکى دیکەوەیە، بۆیە یان وەک ئەنجامەکانى هەڵبژاردن ، پەرلەمان کارا و حکوومەتێکى نوێى کوردستان پێکبهنڕێت یانیش هەڵبژاردنێکى دیکە ئەنجام بدرێت و کوردستان لە چەقبەستوویی سیاسى کە تەنها لە بەرژوەندنى و قازانجى نەیارانى کوردستان و چاوچنۆکەکەنە،ڕزگار بکرێت

رێبوار حەمەلاو شوانی