هەر وشەیە ناخی مرۆڤ گەشاوە و پوکاوە دەکات
(ئەفلاتون) گەورە فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ"وشە دزێوەكان تەنیا لە خۆیاندا خراپ نین، بەڵكو ناخی مرۆڤەكانیش بە خراپە ژەهراوی دەكەن".
بێگومان وشەی ناشیرین و سەرزەنشت كردن و سەركۆنە كردن و تا دوایی لە ژینگەیەكی پڕ لە توندو تیژی و بێزاریدا هەمیشە وزەی نەرێنی و ناخی ژەهراوی دروست دەكات، وا دەكات هەرگیز مرۆڤ متمانەی بە خۆی نەبێت و بەرەوتێكچوونی كۆی ڕەفتارەکانی دەچێت و شێواو و پەرتەوازەو بێ بەرهەم دەبێت. بە پێچەوانەوە وشەی جوان و هاندان و دەستخۆشی دەروونی مرۆڤ ڕێك دەخاتەوە و هاوسەنگی دەروونی بۆ دروست دەكات و دەبێتە كەسایەتیەكی بەرهەمدار و جوان و پڕ وزەی ئەرێنی.
لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە ئەگەر لە ناو خێزان و دامەزراوەكان(قوتابخانە، زانكۆ، فەرمانگە)زمانی گفتوگۆ و ئاراستەكردن زمانێكی ئەرێنی و ڕێز بێت، ئەوا كلتورێكی تەندروست و جوان و پڕ بەرهەم بنیات دەنرێت.
دەگێڕنەوە زانایەكی ژاپۆنی (ماسارۆ ئیمۆتۆ)توێژینەوەیەکی ئەنجامدا لە یەك سەرچاوەی ئاو دوو كوپ ئاوی هێنا. لە كوپی یەكەم هەرچی قسە و وشەی جوان و باش و ئەرێنی بوو بە ئاوەكەی ناو كوپەكەی گوت. وە بە ئاوی كوپی دووەم هەرچی قسە و وشەی خراپ و نەرێنی و ناشیرین بوو بەو ئاوەی گوت. دواتر ئاوەكانیان هێنا و خستیە ژێر مایكرۆسكۆپدا و سەدان جار گەورەی كرد و تەماشای ئاوەكانی كرد دیتی ئەو ئاوەی ناو كوپی یەكەم کریستالەکانی كە وشەی جوان و ڕەونەق و هاوسەنگیان دروست كردووە، بەڵام ئاوەكەی تر ناو كوپی دووەم كە هەرچی وشەی نارێك و ناشیرین و نەرێنی و خراپیان پێگوتووە كریستاڵەكانی شێوا و ناشیرین و خراپ دەردەكەون. ئەو زانایە ئەو توێژینەوەی كە ئەنجامیدا لە لە پەرتووكێك نووسی بە ناوی (نامە شاراوەكانی ئاو)، ئەو كتێبە وەرگێردرا وە بۆ (۲۳)بیست و سێ زمانی جیاواز لە جیهان بە ملیۆنەها دانەی لێ فرۆشراوە و دەكرێ بەردەستی بخەین، لە ئەنجامدا لەم توێژینەوە پێمان دەڵێت كە وشە كاریگەری لە سەر ئاو دروست دەكات و ئاو كاریگەرە بە قسە و وشە.
لێرەدا گرینگە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا قسەی ئەرێنی و باش و گونجاو بكات هەرگیز سەركۆنە و سەرزەنشتی خۆی نەكات. لەگەڵ ئەوەشدا لە خێزان و قوتابخانە و زانكۆی و فەرمانگەكان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدابین بە قسە و وشەی ئەرێنی و جوان و باش و هاندان قسە بكەین لەگەڵ ئەوانیتر.
جەستەی مرۆڤ سییەكان زیاتر لە 80%ی ئاوە ڕێژەی ئاو لە خوێن زیاتر لە 82% وە لە پێستی مرۆڤ ڕێژەی ئاو زیاترە لە 70% وە لە مێشك و دڵ زیاتر لە 73% لە ئێسك زیاترە لە 30% ، وە هەروەها بە گشتی ئاو لە جەستەی مرۆڤ نزیكەی 70% یان زیاتر دەبێت ئەو هەموو ئاوە جۆراوجۆرەی لە ئەندامە جیاوازەكانی مرۆڤ بوونیان هەیە كە ڕێژەكەی زۆرە هەر قسەی خراپ و نەرێنی كاریگەری خراپ و نەرێنی دروست دەكات لە سەر مرۆڤ. هەست بە خەم و ئێش و ئازار و نا ئومێدی دەكات. بۆیە هەرگیز نابێ قسەی خراپ و نەشیاو لەگەڵ خۆمان بكەین و لەگەڵ ئەوانیتریش بكەین، نەڵێین من گرفتم هەیە یان بەردەوام سەركۆنەی خۆت و نزیكەكانت بكەی، هەردەم پێویستە قسەی باش و ئەرێنی و هاندان لەگەڵ خودی خۆمان و نزیكەكان و دەوروبەرمان بكەین تاوەكو بە شێوەیەكی جوانتر و باشتر و پڕ بەرهەم و پڕ وزەی ئەرێنی دەربكەوین. لە بیرمان نەچێت مرۆڤەكان وەك ئەو كریستاڵە ئاویانەن كە بە وشەیەك دەبوژێنەوە و دەگەشێنەوە و بە وشەیەكیش دەشێوێن و و سیس دەبنەوە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن