مرۆڤ و مێزی دەسەڵات کێ مانا بەکێ دەبەخشێت؟

مرۆڤ و مێزی دەسەڵات کێ مانا بەکێ دەبەخشێت؟

 

(ئیمامی علی كوڕی ئەبوتالب) خەلیفەی ڕاشدین خودا لێ ڕازی بێت دەڵێ"بەهای مرۆڤ بەو ئیشەیە كە بەباشی ئەنجامی دەدات، نەك بەو ناونیشانەی كە هەڵیگرتووە".

زۆرجاران مرۆڤەكان لە ناو باق و بریقی ناوونیشانە كارگێڕیی و پلە و پۆستە جۆراوجۆرەكاندا ون دەبن و خۆیان خۆیان نادۆزنەوە و وا هەست دەكەن ئەو پۆست و پلە و پایە و ناوونیشانەی كە هەیانە ئەبەدییە و بەشێكە لە بوونیان .
یانیش لە بەر نەدیتكەیی خۆیان وا دەزانن ئیتر تەواو تا مردن هەر لەگەڵیانە و هی خۆیانە و لەوانەیە هەندێ جار بیر لەوە نەكەنەوە كە دەمرن ، بەڵام ڕاستیە تاڵەكە ئەوەیە "پۆست و پلە و پایە و ناوونیشان تەنها میوانێكی كاتین"ئەوەی دەمێنێتەوە و دەبێتە ناسنامەی ئەبەدی بۆ هەركەسێك ئەو دڵسۆزی و ئەمانەت پارێزی و ڕاستگۆییە كە لەكاتی ڕاپەراندنی ئەركەكەیدا نیشان دەدات. مرۆڤی گەورە ئەو كەسەیە كە شكۆ و كەرامەت دەبەخشێتە كورسیەكەی ، نەك كورسیەكە شكۆ و كەڕامەت و هێز بەو ببەخشیت.
لەوانەیە زۆر كەس بتوانێت ببێتە خاوەنی پۆست و ناوونیشان، بەڵام هەموو كەس ناتوانێ‌ ببێتە خاوەن كەسایەتیەكی كاریگەر و دڵسۆز و ڕاستگۆ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بۆ دەسەڵات و پۆست و ناوونیشان و خۆبادان و بڕیاردەركردن كار دەكەن كەسانی قێزەوەن و نەویستراون هەركاتێ كورسیەكەی جێهێشت كەس یادیان ناكاتەوە. بە پێچەوانەوە ئەوانەی بە دڵسۆزی و ئەمانەت پارێزی و بە عەشق و بەرپرسیاریەتیەوە كار دەكەن شوێن پەنجەیان لە هەموو كەلێن و قوژبن و گۆشەی كارەكانیان دیارە و تەنانەت دوای نەمانیشیان كارەكانیان، ناوییان بە زیندوویی و درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
لە بیرمان نەچێت هەر كاتێك كارەكان بە دڵسۆزی و بەرپرسیاریەتیەوە ئەنجام دەدرێن،داهێنان لە دایك دەبێت. دڵسۆزی تەنها پابەند بوون نییە بە كاتژمێرەكانی كاركردنەوە، بەڵكو پابەندبوونە بە ویژدانەوە.کۆمەڵگە پێویستی بەو کەسانەیە کە لەپشت مێزەکانەوە "خەمخۆری بە ویژدان"بن نەك تەنها "فەرمانبەر" هەمیشە مرۆڤ بەو شتانەی دەناسرێتەوە كە دەیانبەخشێت و ئەنجامیان دەدات، نەك بەو ناوونیشانانەی كە كۆیان دەكاتەوە. هەمیشە مرۆڤی ڕاستەقینە ئەوەیە كردەوەكانی پێناسەی كەسایەتی دەكەن و دەبنە ناسنامە بۆی.
هەموومان دەزانین ناوونیشان و پۆست و پلە ئامڕازن، نەك ئامانج، چونكە ناوونیشان و پۆست دەرفەتێكن بۆ خزمەتكردن، نەك مایەی شانازی و خۆ بە گەورە زانین.
مێژوو ئەوەی سەڵماندووە كە ناوە درەوشاوەكان ئەوانە نین كە خاوەن بەرزترین پلە بوون، بەڵكو ئەوانەی كە بە دڵسۆزییەكی بێوێنەوە خەریكی ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان بوون. دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و بەرپرسیاریەتی لە كار جۆرە ناسنامەیەك بۆ مرۆڤ دروست دەكات كە هیچ گۆڕانكارییەكی كارگێڕیی ناتوانێت بیسڕێتەوە.
ئاشكرایە دڵسۆزی لە ناوونیشان گرنگترە، چونكە متمانە دروست دەكات، خەڵك متمانە بەكاری باش دەكەن، نەك بە ناوونیشانی گەورە، وە كاریگەری بەردەوام جێدەهێڵی و ئارامی و هێوری دەبەخشێتە دەروون، چونكە كاتێ‌ مرۆڤ كە دەزانی ئەركەكەی بە باشترین شێوە و بەبێ كەمتەرخەمی ئەنجام داوە. خاوەن ویژدانێكی ئاسودەیە و ئەوەش گەورەترین دەستكەوتە.
لە كۆتاییدا گرینگە هەموومان هەوڵ بدەین ناوەكانمان بە كردەوەكانمان بناسرێن، نەك بەو ناوونیشان و پۆست و پلەیەی لە سەر مێزەكانمان نوسراوە و یان هەڵمان گرتووە، دڵسۆزی و كاروكردەوە وكەسایەتی ڕێز و شكۆ بۆ مرۆڤ دروست دەكات،
نەك ناوونیشان و پۆست و پلەی كاتی.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top