باڵوێز جیمس جیفری نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا: ئەمریكا مۆدێلێكی بازرگانیی واقیعیی دەوێت كە هاوبەشە ناوخۆییەكان ئەركی ئەمنی بگرنە ئەستۆ و واشنتۆنیش وەك هاوبەشێكی ئابووری و تەكنەلۆژی بمێنێتەوە

باڵوێز جیمس جیفری   نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا:  ئەمریكا مۆدێلێكی بازرگانیی واقیعیی دەوێت كە هاوبەشە ناوخۆییەكان ئەركی ئەمنی بگرنە ئەستۆ و واشنتۆنیش وەك هاوبەشێكی ئابووری و تەكنەلۆژی بمێنێتەوە

 

 

لە كۆڕبەندی دیالۆگی عێراق لە ساڵی 2026 لە ئامۆژگای ئەتلەنتیك، باڵیوز جیمس جیفری نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا بەم جۆرە تیشكی خستە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا:

 

 

لەناو قووڵایی كێشە جیۆپۆلیتیكییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، عێراق وەك گۆڕەپانێكی سەرەكی بۆ كێبڕكێی نێوان واشنتۆن و تاران دەمێنێتەوە. هەرچەندە گۆڕانكاری لە ئیدارەكانی ئەمریكادا (لە ترەمپەوە بۆ بایدن) ڕووی داوە و هەستی پێدەكرێت، بەڵام بنەماكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرانبەر بە ناوچەكە، جۆرێك لە بەردەوامییان پێوە دیارە، چونكە ئەم سیاسەتانە لەژێر كاریگەریی «سرووشتیی شتەكان» و بەرژەوەندییە باڵاكانن، نەك تەنیا ئارەزووی سەرۆكەكان.

ئێران وەك گەورەترین فاكتەری ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا دەبینرێت، كە بەرنامەیەكی ڕوونی هەیە بۆ تێكدانی سەروەریی دەوڵەتانی دراوسێ، عێراق لەم هاوكێشەیەدا ئامانجی سەرەكیی تارانە. مەترسییەكە لەوەدایە كە عێراق بەرەو مۆدێلێكی هاوشێوەی لوبنان بڕوات، واتە دروستبوونی «سوپایەك لە ناو دەوڵەتدا» كە پابەندی بڕیارە نیشتمانییەكان نییە. هەرچەندە عێراق خاوەنی هەندێك بۆچوونی نیشتمانییە كە ڕێگری لە هەژموونی تەواوی ئێران دەكەن، بەڵام مەترسییەكە لەوەدایە كە كاریگەریی میلیشیاكان لە ناو جومگەكانی حكومەتی عێراقدا، تەنانەت لە ئەزموونی لوبنانیش تێپەڕی كردبێت.

ستراتیژی نوێی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، لەسەر بنەمای «هاوسەنگییەكی ئابووریی هێز» بنیاد نراوە. واشنتۆن هەوڵ دەدات لانیكەم دوو ئامانج بپێكێت: یەكەم، كەمكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر هێزەكانی و پاراستنی سەقامگیرییەكی ڕێژەیی. دووەم، هێشتنەوەی عێراق وەك لایەنێكی بێلایەن لە ململانێ هەرێمییەكاندا، ئەم دیدگایە پاڵنەری دیكەشی لەپشتە، لەوانە: بەردەوامیی شەڕی دژە تیرۆر، بەتایبەت داعش، پاراستنی پیشەسازیی نەوت و وەبەرهێنان، گرنگیدان بە پەیوەندییە تایبەت و ستراتیژییەكان لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە هەرێمی كوردستان.

ئەمریكا دەیەوێت مۆدێلێكی بازرگانیی واقیعی پەیڕەو بكات، بەو واتایەی كە هاوبەشە ناوخۆییەكان ئەركی ئەمنی بگرنە ئەستۆ و ئەمریكاش وەك هاوبەشێكی ئابووری و تەكنەلۆژی بمێنێتەوە، بە هاوكاریی كۆمپانیا گەورەكان و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم مۆدێلە لە عێراقدا، بەهۆی دەستوەردانە بەردەوامەكانی ئێرانەوە، كارێكی یەكجار قورسە. عێراق نە وەك لوبنانە كە بە تەواوی ڕادەستی گرووپەكان بووبێت، نە وەك عومانیشە كە بتوانێت هاوسەنگییەكی بێ وێنە لە نێوان تاران و واشنتۆندا ڕابگرێت، بۆیە ئەركی ئیدارەكانی ئێستا و داهاتووی ئەمریكا لە عێراقدا، بەردەوامبوونی ململانێیەكی ئاڵۆز دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان لە ناو دەریایەكی پڕ لە هەژموونی دژبەیەكدا.

Top