پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆکنووس (مەم) لادرا
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێكەوتی 10/5/2026 لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە,پەردە لەسەر پەیكەر و ئەدیب و نووسەر و ڕۆژنامەنووس محەمەد مەولود ناسراو بە (مەم)لادرا.
لە مەراسیمەکەدا (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و دكتۆر(سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان,هەروەها خاتوو (ئافەرین عەلی ئەفەندی) هاوژینی كۆچكردوو و خانەوادەی ئەم كەسایەتییە دیارە و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی و نووسەران و ڕۆشنبیران ئامادەبوون,هاوکات لەگەڵ پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئەم كەسایەتییە,پەرتووکی کۆبەرهەمەکانی ئەو نووسەرە ناسێندرا و بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.
چیرۆکنووس محەمەد مەولوود (مەم) ئەدیب و ڕۆژنامەنووسێکی دیار و ناسراوی کوردە,لە ساڵی 1927 لە شەقڵاوە لەدایکبووە و لە ساڵی 1987 كۆچی دوایی كردووە هەر لەوێش نێژراوە,سەرەتا بە شیعر دەستی بە نووسین كرد,بەڵام دواتر وەك چیرۆکنووسێکی پێشەنگ دەرکەوت و لە ساڵی 1951 یەکەم چیرۆکی بەناوی "برسێتی بەهێزترە" بڵاوکردەوە,مەم ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە دامەزراندنی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری هەولێر بووە,درووشمی ژیانی ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی بووە,ئێستاش کتێبخانە تایبەتەکەی لە مۆزەخانەی پەروەردەیی هەولێر وەك میراتێکی گرنگ پارێزراوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
