هۆشداری سەبارەت بە قەیرانی دەروونی دەریاوانە گیرخواردووەکانی کەنداوی فارس
ڕێکخراوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی هەینی ٨ی ئایاری 2026، هۆشدارییان دا سەبارەت بە دۆخی دەروونی هەزاران دەریاوان کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ناوچەی کەنداوی فارس گیریان خواردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو ڕێکخراوانە ڕایانگەیاندووە، کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا زۆرێک لە دەریاوانان تووشی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی، هێرشی کەشتی و تەقەی دەریایی بوون و ئێستا ڕووبەڕووی کێشەی وەک دڵەڕاوکێی توند، ماندوێتی دەروونی، خەمۆکی و ترسی بەردەوام بوونەتەوە.
هەروەها ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای قەیرانی ئەم دواییە لانیکەم ١١ دەریاوان گیانیان لەدەستداوە و دوو کەشتی بازرگانیش لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوای پەرەسەندنی گرژییەکان و گەمارۆدانی گەرووی هورمز، نزیکەی 20 هەزار دەریاوان لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە و بەردەوامی نائەمنی دەریایی نیگەرانییەکانی لەبارەی تەندروستی دەروونی و سەلامەتییان زیاتر بووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
