خوێندنەوەیەک بۆ پارادۆکسی چێژ و تەنهایی لە جیهانی مۆدێرندا

خوێندنەوەیەک بۆ پارادۆکسی چێژ و تەنهایی لە جیهانی مۆدێرندا


لە جیهانی مۆدێرندا، مرۆڤ لەبەردەم پارادۆکسێکی ئاشکرادایە؛ سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و گەشەی شارستانییەوە زیاتر لە هەموو کاتێک بە دەوروبەرەکەی بەستراوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەست بە تەنهاییەکی قووڵ دەکات. ئەم ژینگەیە وای کردووە چێژە جەستەییەکان چیتر تەنها بۆ چێژ وەرگرتن نەبن، بەڵکو ببنە جۆرێک لە 'پەناگەی دەروونی' بۆ ڕاکردن لەو بێماناییەی کە مۆدێرنیتە بەسەر تاکدا دەیسەپێنێت. لێرەوەیە کە چێژ وەک سڕکەرێک بەکاردێت بۆ کپکردنی ئەو دڵەڕاوکێ بوونییەی کە لە ناخی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا چەکەرەی کردووە."
کاتێک مرۆڤ لە ناخی خۆیدا تووشی هەستی نامۆبوون و بێمانایی دەبێت و ڕووبەڕووی ئەو بۆشاییە سامناکە دەبێتەوە کە فەیلەسوفە بوونگەرایەکان بە "دڵەڕاوکێی بوون"ناوی دەبەن، ئەوان پێیان وایە تاک بەشێوەیەکی نائاگایانە پەنا بۆ غەریزە دەبات تا ئەو درزە قووڵانەی ڕۆحی پێ پڕ بکاتەوە. لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، ئەم کردارە لە مرۆڤدا وەک "میکانیزمێکی بەرگری" دەبینرێت؛ چونکە سێکسواڵیتە چیتر تەنها کردارێکی سۆزداری نییە، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ کپکردنی ئازارەکان و ڕاکردن لەو برینە کۆنانەی کە پەراوێزخروان لە قۆناغەکانی گەشەکردندا .
ئەم هەوڵە نائاگایانەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەونە سۆزدارییانەی کە هەرگیز نەهاتوونەتە دی، هەروەها ئەم بابەتە لە ژێر ڕۆشنایی "تیۆریی وابەستەیی"دا شیکاری بۆ بۆکراوە. لە ڕوانگەی تیۆرییەوە ئەو تاکەی لە سەرەتای تەمەنیدا لە تینوێتیی سۆزدا ماوەتەوە و ژینگەیەکی پڕ لە متمانەی بۆ نەڕەخساوە، لە گەورەییدا جەستە دەکاتە دواین پەناگە بۆ سەلماندنی بوونی خۆی؛ چونکە کاتێک زمان و ڕۆح لە دەربڕینی برینە ناوەکییەکان پەککەوتە دەبن، جەستە دەبێتە تاقە زمان بۆ هاوارکردن. ئەمەش وا دەکات تاک بکەوێتە ناو بازنەیەکی داخراوەوە؛ بۆ ساڕێژکردنی ئەو هەستانەی کە پشتگوێخراون، هەروەها بەردەوام بەدوای پەیوەندییە کاتییەکاندا دەگەڕێت. ئەم دۆخە ڕێک گوزارشتە لە چەمکی "خولیای دووبارەکردنەوەی زۆرەملێ"ی فرۆید؛ واتە مرۆڤ بۆ سارێژکردنی زەبرە دەروونییەکانی ڕابردوو، نائاگایانە هەمان بارودۆخی تێکشکاو دووبارە دەکاتەوە، بەو ئومێدە وەهمییەی کە ئەمجارە بتوانێت سەرکەوتوو بێت.
بەڵام بەهۆی داڕمانی ئاستی "خۆشویستنی خود"، مرۆڤ بەرەوڕووی پارادۆکسێکی کوشندەوە دەبێتەوە بە جۆرێک هەر کەسێک لێی نزیک بێتەوە بێنرخی دەکات، چونکە لە قووڵایی ناخیدا وا بڕوا دەهێنێت کە هیچ کەسێکی خاوەن بەها ئامادە نییە ببێتە هاوبەشی کەسێکی وەک ئەو. ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانێکی بێوچان بەدوای جەستەی نوێدا لە پێناو گەیشتن بە چێژێکی کاتی سڕکەرێکی کاتی . هەر کە تینی چێژەکە دەشکێت، تەنهاییەکە بە هێزێکی وێرانکەرتر دەگەڕێتەوە؛ چونکە چێژێک کە مانایەکی مرۆیی لەپشت نەبێت، تەنها مرۆڤ لە خۆی نامۆتر دەکات.
لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەشەوە، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەیە کە زیگمۆنت باومان بە "مۆدێرنیتەی شل" ناوی دەبات؛ سەردەمێک کە تێیدا مرۆڤەکان وەک کاڵایەکی بەسەرچوو تەماشا دەکرێن و پەیوەندییەکان قووڵیی خۆیان لەدەست دەدەن. لە سایەی کولتووری کاڵاگەریدا، مرۆڤ وەک "ئۆبژەیەک"بۆ تێرکردنی حەز دەبینرێت نەک "سوژەیەکی" خاوەن ئیرادە. لێرەدا چێژی جەستەیی نەک هەر تەنهاییەکە سارێژ ناکات، بەڵکو وەک خوێ دەکرێتە سەر برینەکان؛ چونکە ئەو گەرمی و ئارامییەی کە مرۆڤ لێی دەگەڕێت، تەنها لە ڕێگەی ئاشت بوونەوە لەگەڵ "خودی ڕاستەقینە"
لە کۆتاییدا، ئەمە گەورەترین شکستی مرۆڤی سەردەمە: جەستەی کردووەتە دیوارێک بۆ دابڕان نەک پردێک بۆ گەیشتن بە ئەویتر. چێژ بەبێ ئینتیمای ڕۆحی وەک خواردنێکی خەیاڵییە؛ تێر ناخوات، بەڵکو تەنها تینوێتییەکەت بۆ ژیان و مانا قووڵتر دەکاتەوە.

Top