جێگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان

جێگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان

 


ئاسایشی نەتەوەیی بە گشتی ڕەهەندی جوراوجوری لە خۆی گرتووە، هیچ وڵاتێک بە تەنیا لەسەر ژمارەی سەرباز و چەک و تەقەمەنی بونیات نانرێت، بەڵکوو لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە تا چ ڕادەیەک دەوڵەت لە ناوخۆیدا سەقامگیرە.

شایانی باسە هەرێمی کوردستان کە لەنێو کێشەی نێوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا گوزەر دەکات، سەقامگیری سیاسی بووەتە مەرجی سەرەکی بۆ بەهێزبوونی پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان و مانەوەی هەرێم بە سەنگێکی بەهێزەوە، بۆیە یەکدەنگی ویەکهەڵوێستی پێویستە شوێنی لە یەکترازانی سیاسی و پەرتەوازەیی بگرێتەوە .

گرفتی سەرەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بڕیارە سیاسییە چارەنوسازەکان بە هۆی ململانێی حزبە سیاسییەکانەوە دوا دەکەون. حزبە سیاسیەکان پێویستە بیر لە بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێم بکەنەوە بۆ ئەوەی هەم لە بەغدا و هەم لە بەرامبەر دەوڵەتە هاوسنورەکان ڵااواز دەرنەکەوێت تاکو ڵااوازی پێگەی سیاسی هەرێم نەبێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لەبەر ئەوەی هەر بوشاییەک کە بێتە ئاراوە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمدا هۆکارە بۆ دروست بوونی دەرفەت بۆ ناحەزانی کوردستان و ڕووبەڕووی دەستوەردانی دەرەکی دەبێتەوە.

هەرێمی کوردستان سنورێکی درێژی هەیە لەگەڵ ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا بۆیە هەرکاتێ هەرێم لە ناخوداڵاواز بێت
گوشاری سەربازی، ئابوری، سیاسی و …تد لە دەرەوە زیاد دەبێت، کەواتە سەقامگیری سیاسی کە خۆی لە ڕێکخستەوەی نێو هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە بە گشتی دەبێتە زەرورەتێکی حەتمی.

دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە گشت قۆناغەکاندا ڕووبەڕووی تیرۆر بوتەوە لە لایەن دەوڵەتە دیکتاتۆرە سەردەستەکانەوە و، لە قۆناغی ئێستاشدا هەڕەشەی تیرۆریزم جا چ لە لایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بێت یانیش دەست و پەنجەکانیان کە خۆیان لە چەندین ڕێکخراو گروپی جیاجیا پێکهاتوون هەمیشە بە دوای بوشاییەکاندا دەگەڕێن تاکۆ بتوانن بە ئاسانی زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم بگەیێن و نمونەش زورن…

هەر بۆیە بوونی هەرێمێکی سەقامگیر لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە زۆر گرنگە، پێویستە هەم لە سەر ئاستی بیروڕا سیاسیەکان و هەمیش پێکهاتەکان بە گشتی هەست بە بەرپرساریەتی نیشتیمانی بکەن با خۆمان بە دەستی خۆمان نەبینە هۆکاری ڵاوازی پێگەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان.

ئەنجام:
لەپێناو بونیاتنانی کوردستانێکی بەهێز ستڕاتیژیەتی حزبە سیاسییەکان دەبێ بریتی بێت لەوەی کە کوردستان لە هەمویان گەورەترە و بەرژەوەندی باڵای کوردستان لە سەروی هەر بەرژەوەندیەکی تەسکی حزبیەوە دابنێن و لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان کۆدەنگ بن، چونکە سەقامگیری “سیاسی و کومەڵایەتی” وەک دوو باڵی فڕینن بۆ هەرێم کە ئەگەر یەکێکیان بشکێت ئەوی دیکە ناتوانێت هەرێم بەرز بکاتەوە.

Top