بۆ چى تیرى ژەهراوى نەیارانى کوردستانى بەهێزتر بەرەو رووى مەسروور بارزانییە
بەدرێژایی مێژوویی دوێنێ شۆڕش و خەباتى گەلى کورد ، بینیمان کە چۆن دوژمنان وداگیرکەران هەر چوار پارچەى کوردستان بە هەموو جۆرە چەک و ئامرازێک و سیناریۆیەک هەوڵیان دەدا تا مەشخەڵى کوردایەتى و کاروانى تێکۆشمانمان بۆ گەیشتن بە ئازادى و سەربەستى بوەستێنن ، بەڵام گەلى کورد بە بوونى سەرکردایەتییەکى خاوەن بیروباوەر و متمانەبەخۆ و بە دۆزى رەواگەى گەلەکەى ڕێگەى نەدا خەونى نەیارانى کورد بێتە دى تا گەیشتن بە ئەمڕۆى حکوومڕانى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى کابینەى نۆیەم، بەسەرۆکایەتى مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، کە هەڵگرى پەیامى ئاوەدانى و پێشکەوتن و گەشەسەندنى کوردستان بوو لە هەموو بوارەکانى خزمەتگوزارى و توانی وەرچەرخانێکى مێژوویی و شۆڕشێکى گەورە لە بونیاتنانەوە دروست بکات ، ئەوەش نەیاران و داگیرکەرانى تووشى هیستریا کردەوە
هەنگاوەکانى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لە ڕووى خزمەتگوزارى گشتى و ئینجا پرۆژە ستراتیژییەکانى وەک ئاو و کارەبا و ڕێگاو بان و چاکسازى ئیدارى و دارایی لەگەڵ ئەوەى کوردستانى لە قۆناغێکى چەقبەستوویی و گۆشەگیرى بردە قۆناغێک کە لە بە هیچ کاتێکى دیکە بەراوەرد ناکرێت ، ئەوەش وایکرد کە نەیارانى کوردستانێکى بەهێزتر نەتوانن هەرسى بکەن و ئەو گۆڕانکارییانە وەک مەترسییەک ببینن بۆ سەر بەرژوەندییە کەسى و حزبییەکانیان و لەهەمانکاتیشدا وڵاتانى نەیارى کوردستانیش ، بۆیە بە هەمو جۆرە چەکێکى میدیایی و سایکۆلۆژى و هەتا سەربازى و ئابووری لە سەر ئاستى ناوخۆیی و دەرەکى پەڵاماریاندا ، لە ئێستاشدا کە سەروبەندنى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى کوردستانە و ساڵێک زیاتر بە سەرهەڵبژاردنى پەرلمانى کوردستان دەرباز بووە ، نەیارانى کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە ناتوانن جارێکى تر بەرامبەر ئەو هەموو پلان و کارنامە و کارە ستراتیژییانەى کە ئامادەن بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیی و سەرۆکوەزیرانى مەسروور بارزانى ئامادەى کردووە ، چاویان هەڵنایەت
چونکە کاتێک مەسروور بارزانى ، دەوڵەتدارى و حکوومڕانى و بەڕێوەبەرى وڵات دەکات ، ئەوا دوژمنان و بەکرێگیراوەکانیان باش دەزانن ، هیچ بەرژوەندییەکیان نامێنێتەوە و دەستى مافیا و نەیارانى کوردستان ناگاتە ئەوەى زیان بە گەلى کورد بگەێنن ، کاروانى پێشکەوتنى کوردستان گەشەسەندن و وەرچەرخانى مێژوویی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت ، هەر بۆیە ئاراستەى مووشەک و درۆن و تیرە ژەهراوییەکانیان و درۆ و چەواشەکارییەکانیان بەرەو ڕووى سەرۆکوەزیرانى کوردستانە ، چونکە مەسروور بارزانى و هەنگاوە و کارەکانى لەسەر بنەماى دژە گەندەڵى و بەرژوەندى کەسى و حزبى نییە بەڵکو جێبەجێکردنى ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکى مێژووییە و ئەویش بەڕێگەى پلان و ستراتیژ لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى گەل ونیشتیمان
بۆ ئەوەى لە بیروباوەرى مەسروور بارزانی دایە ، نەک هەر درێژەدانە بە خزمەتکردن و جێبەجێکردنى کارووپرۆژەکان، لەهەمانکاتیشدا جێبەجێکردنى ستراتیژى ( یەک هەرێم، یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت ، یەک هێزى پێشمەرگە ) ، هەڵبەت بە هاوبەشى هەموو ئەوانەى کە هاوبەشى راستەقینەن بۆ خزمەتکردنى گەل ونیشتمان و پشتیوانیکردن لە کاروبەرنامەکانى حکوومەتى کوردستان نەک دروستکردنى کۆسپ و ئاستەنگ و ئینجا جێبەجێکردنى خەونى نەیارانى کوردستان بۆ لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان و قەیرانسازى و چەواشەکارى لە بەرژوەندى دوژمنانى ئەم قەوارەیە
مەسرووربارزانى، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، ڕێگەى راست و خزمەتکردن و گەشەپێکردنى ئەم نیشتمانەى بە روون و ئاشکرایی دیار کردووە ، هەنگاوەکانى بە پێى هەلومەرج و گۆڕانکارى و پیشهاتەکانە ناوچەیی و جیهانییەکان ، ئەویش بە ئیرادە و باوەرێکى پۆڵایین بە دۆزێکى رەوا و پشتیوانى خوا وگەلەکەى و رژدبوون لە بەدیهێنانى ئامانجەکانى کوردستانێکى بەهێزتر وگەشەسەندووتر ، بۆیە کاتى ئەوە هاتووە هەموو ئەوانەى خەون بە شکستپێهێنان و راگڕتنى کاروانى ئاوەدانى حکوومەتى کوردستان دەبینن ، باش بزانن ئەم کاروانە چیتر بە چەواشەکارى و پەلاماردان نەک هەر بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە بەڵکو بەهێزتر لە جاران ، بەرەو پێشەوەیە و باشتر دوژمنان و بەکرێگیراوەکانیان پەند وانە لە مێژوو وەربگرن و پێشهات و رووداوەکانى ناوچەکە و جیهانیش کوردستانى بەهێزتر و دۆزە رەواکەى زیاتر بەرەو پێشەوە دەبن ، بۆیە زۆر بوون ئەوانەى لە دۆێنى هەوڵى رێگری و شکستپێهێنانى بارزان و ڕێبازى بارزانیان دا و لە سەر چیا سەرکەشەکانى کوردستان هەڵدێران و ئاسەواریشیان نەما ، ئەوەى ئێستاش چەند بارەبوونەوەى مێژووییە و چونکە دژایەتیکردنى مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، جگە ڕیسوایی هیچى دیکەیان بۆ نامێنێتەوە و کاروانى کوردستانى بەهێزتریش هەر بەرەو لووتکەیە .

رێبوار حەمەلاو شوانی