پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: ئەو وڵاتانەی كە سەرچاوەكانی وزەیان تێدایە، هەمیشە شوێنی چاوتێبڕین و پەلاماردان بوون
پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆب چاپی ئینگلیزییە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بایەخی وزە لە داڕشتنەوەی ستراتیژیەتی هاوكێشە سیاسییەكان لە ناوچەكەدا)، بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو:
وزە و سەرچاوەكانی وزە بە بڕوای من دوو ئاراستەیە بۆ گۆڕینی ستراتیژی وڵات بەرەو باش، یان خراپ، چونكە لە بوونی ئەو سەرچاوانە لە وڵاتدا تا دوا قۆناغەكانی كە بەكارهێنانیەتی لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەكان و سوودمەندبوونی مرۆڤ، كۆمەڵێك پرۆسە و قۆناغبەندی هەیە، كە هەریەكە لەو قۆناغانە پێداویستیی خۆی هەیە و تەكنیك و شارەزایی و توانای ماددی و مرۆیی و تەكنیكیی دەوێت.
ئەو وڵاتانەی كە سەرچاوەكانی وزەیان تێدایە، هەمیشە شوێنی چاوتێبڕین و پەلاماردان بوون لەلایەن وڵاتە بەهێز و خاوەن توانا تەكنیكی و پیشەسازی و مرۆییەكانەوە، بەتایبەتی ئەگەر وڵاتەكە لاواز و گەشەسەندوو نەبووبێت. ئەمە وای كردووە، بەشێك لەم جۆرە وڵاتانە تەنیا بە بوونی ئەو سەرچاوانە لە مێژوودا هۆكاری ناسەقامگیری و كێشە و پڕ ململانێ بوون. واتە شەڕی پاراستنی ئەم سەرچاوانە بووەتە سەرچاوەی كێشە بۆیان، لە هەمان كاتدا بۆ دەرهێنان و سوودوەرگرتن ئەو وڵاتانەی كە ئەو توانا تەكنیكی و ماددی و مرۆییانەیان نییە، ناچار بوون پشت بە كۆمپانیا و وڵاتی دیكە ببەستن بۆ ئەوەی هاوكاریان بن لە دەرهێنان وخاوێنكردنەوەدا، بێگومان وەك چۆن خەمی پاراستنی ئەم سەرچاوانە كاریگەریی لەسەر ستراتیژی وڵاتەكان هەیە، خەمی دەرهێنان و لەگەڵ چ وڵات و كۆمپانیایەك هاوبەشی دەكات بۆ دەرهێنانی، كاریگەری لەسەر ستراتیژ و پەیوەندیی نێوان خۆی ئەو وڵاتانەش دەكات كە بەشدار دەبن لەگەڵی لە دەرهێنان و خاوێنكردنەوەدا. ئەگەر وڵاتێك خۆی وڵاتێكی پیشەسازی نەبێت، ئەوە سوودوەرگرتنی دووبارە دەبێتە خەمێكی دیكە بۆی كە دەبێت هەناردەی بكات، هەناردەكردنیش پرۆسەیەكە سیاسەت و ستراتیژ و تەكنیكی خۆی دەوێت.
دروستبوونی هەر گرژییەك لە نێوان وڵاتی هەناردە و هاوردەكار، یان ئەو ڕێگەیەی پیایدا هەناردە دەكرێت، كاریگەری دەكاتە سەر پرۆسەی هەناردنەكە، وەك لە جەنگی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئەمریكا دروست بوو، ساغكردنەوەی لە بازاڕەكانیشدا دیسانەوە وابەستەی سیاسەت و ستراتیژی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی وڵاتەكانە. كەواتە وزە و بوونی وزە، بۆ خۆی نیعمەتە، بەڵام لە بوونییەوە تا ساغكردنەوە و بەكارهێنانی پرۆسەیەكی ئاڵۆز و پڕپێداویستی و پەیوەندییەكی ئاڵۆزە. بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە تازە گەشەسەندووەكان، ئەم پرۆسەی دەرهێنان تا ساغكردنەوە و بەكارهێنانە لە مێژوودا تائێستا سەرچاوەی زۆربەی قەیران و ململانێكان بووە. جگە لەوەی ئەو وڵاتانەی كە خاونی سەرچاوەی وزە بوون، كەمتر بەلای سەرچاوەكانی دیكەی داهات و پارەپەیداكردندا ڕۆیشتوون، یان بواری دیكەی وەك كشتوكاڵ و گەشتیاری و وەبەرهێنانی دیكە ڕۆیشتوون، ئەمەش وای كردووە لە دروستبوونی هەر بەربەستێك لە پیشەسازیی وزە و هەناردە و هاوردەیدا، ئەمان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری ببنەوە.
ئەوەی پێویستە بگوترێت، ئەوەیە كە وزە و سەرچاوەی وزە لە بوونییەوە تا بەكارهێنان، سەقامگیریی سیاسی و ئارامیی وڵاتی پێویستە، ئەمەش وادەكات ناوچە پڕ لە قەیران و ململانێكان كەمتر سوود لەم سەرچاوانە وەربگرن. هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا هەنگاوی ناوە كە سەرچاوەكانی وزە بخاتە گەڕ و بیكاتە سەرچاوەیەكی باشی ئابووری و بووژانەوەی وڵات، ئەوەش هەرێمەكەی خستە سەر نەخشەی جیهانیی وزە، بەڵام بەداخەوە ناحەزانی هەرێمەكە بەردەوام بەربەستی لە بەردەمدا دروست دەكەن، تاكو ئەو گەشەسەندنە بە خۆیەوە نەبینێت. گرنگە هەرێمی كوردستان كار بۆ سەقامگیریی ژینگەیەكی سیاسیی ئارام و پڕ لە ئاشتەوایی بكات، تاكو ڕەوڕەوەی گەشەسەندنەكەی بەردەوام بێت، پرۆسەی بازاڕگەری گرنگیشمان پێویستە تاكو جیهان و وڵاتانی دەوروبەر تێبگەیەنین كە ئەم هەرێمە دەیەوێت بەو سەرچاوە وزەیەی كە هەیەتی، گەشەسەندنێك بە خۆی و ناوچەكە بدات و بەشدار بێت لە دابینكردنی وزەی پێویست بۆ بازاڕەكانی جیهان.
