ئەو كچانەی لە ماڵە باوان بێنازن، لە ماڵی هاوسەر بێچارەن

ئەو كچانەی لە ماڵە باوان بێنازن،  لە ماڵی هاوسەر بێچارەن

 

 

ڕێژەی بەرزیی ئەو تاوان و ناعەدالەتەییانەی لەسەر ئاستی دونیا بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێن، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە سەرەڕای تێپەڕینی دوو دەیە لە هەزارەی سێیەم، تا ئێستاش نەتوانراوە مۆركی مرۆڤبوون بە بەر ئافرەتدا بكرێت.

ڕۆژانە لێرە و لەوێ توندوتیژی خێزانی و چەوساندنەوەی كچان لەلایەن خودی خێزانەكانیانەوە دەبینین و دەبیستین، لە كاتێكدا ئاستی هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی قۆناغێكی باشی بڕیوە، كەچی نەتوانراوە ئازادی و پێشێل نەكردنی ماف بە باشی بەرجەستە بێت و بكرێتە ئەمری واقع.

تریسكە عوسمان خانمێكی سوور و سپی باڵا مامناوەندە و تەمەنی 38 ساڵە، وەك خۆی باسی دەكات، بە هۆی زەبر و زەنگی خێزانەكەی بەتایبەت باوك و براكانی داهاتووی داوەتە دەستی قەدەرێكی نادیار و وایان لێ كردووە، كەسێكی هەڵە بۆ ژیانی هاوبەشی هەڵبژێرێت. ئەو خاتوونە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی كە كچان هەرچەندە ژیانیان ناخۆش و ناسەقامگیر بێت، هەرگیز هەڵەكەی ئەو دووبارە نەكەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

تریسكە بەم جۆرە باسی ئازارەكانی خۆی بۆ خوێنەرانی گوڵان دەكات: «كچی گەورەی ماڵ بووم، كاتێك تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12م تەواو كرد، براكانم بە زۆر لە خوێندن دەریانهێنام، لە كاتێكدا وانەیەكم هێشتەوە بۆ وەرزی دووەم، بەڵام نەیانهێشت تاقیكردنەوەی ئەو وانەیەش بكەم، باوكیشم هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو، بگرە پاڵپشتیی براكانمیشی كرد، دایكیشم وەك زۆربەی ئافرەتانی سەردەمی خۆی بێ دەنگ بوو. ڕۆژان هاتن و تێپەڕین، ژیانم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەنگتر و تاریكتر دەبوو، تەنانەت مافی قسەكردنیشم نەبوو، وەكو كۆیلە و خزمەتكار ڕۆژ تا ئێوارە خەریكی كاری ماڵەوە بووم، ئێوارەیەك میوانمان هات، پیاوێكی پەنجا ساڵە، كە ژنەكەی مردبوو، هاتبوو بۆ داوام، من بە توندی ڕەتم كردەوە، دوای ئەو ڕەتكردنەوەیە وەك كەسێكی ناپەسند مامەڵەیان لەگەڵ دەكردم، زیاتر لە ماڵەوە دەستبەسەر كرام، دواجار كوڕێكی گەنج هاتە داوام و پێی ڕازی بووم، لە كاتێكدا دەمزانی لایەنی ماددی سفرە، دەشمزانی خێزانەكەی باش نین، بەڵام وەك تاكە ڕێگەی دەربازبوون بە هاوسەرگیرییەكە ڕازی بووم، ڕۆژانێكی زۆر سەخت و دژوارم بەڕێ كردووە. لە ئێستادا كوڕێكی تەمەن حەوت ساڵانم هەیە، هەموو سەختییەكان لە پێناوی ئەو قبووڵ دەكەم. من لە ڕابردوودا قوربانیی دەستی كەسوكارم بووم، چونكە ئەوان وایان لێ كردم كەسێكی هەڵە وەكو هاوبەشی ژیانم هەڵبژێرم، تاوەكو ئەمڕۆ باجی ئەو هەڵەیەم دەدەم، ئەمڕۆش قوربانیی دەستی كۆمەڵگەم و ناتوانم لە ئاست ئازارەكانم دەنگ هەڵبڕم، بەداخەوە قووڵترین برینەكان كەسە نزیكەكانمان دروستی دەكەن.

من وەكو قوربانییەك ئامۆژگاریم بۆ كچان ئەوەیە كە هەرگیز نەكەن هەڵەكەی من دووبارە بكەنەوە، چونكە هەڵە بە هەڵە چارەسەر نابێت بەڵكو قەبارەی كێشە و ناخۆشییەكان گەورە تر دەبن، من پێموابوو ئەگەر لە ماڵی باوكم دەربچم سەلامەت تر دەبم بەڵام وانەبوو، دەكرا لە ماڵی باوكم بە هەوڵ و پێداگیری مافی خوێندن و ژیانێكی شایستە بستێنم، چونكە هاوسەر چراكەی عەلائەدین نییە هەموو خەون و خۆزگەكانت بكات بە ڕاستی، من لەوێ ناخۆشی و ئێش و ئازاری زۆرم ئەزموون كرد بوو، بەڵام هیچ بێچارەییەك بە قەد ئەوە سەخت نییە كە هاوسەرێكی خراپت هەبێت.

 

Top