خاکى کوردستان بۆ فرۆشتن نابێ

خاکى کوردستان بۆ فرۆشتن نابێ


خاک و نەتەوە و نیشتیمان تەواوکارى یەکترن و زەروورەتن بۆ دەستنیشانکردنى کەسایەتى مرۆڤەکان و مێژوو وسەروەرى نەتەوەکەمان و زمان و کەلتوور و شوناس، بەهەمان شێوە گەورەترین وپیرۆزترین بەرپرسیاریەتى مرۆڤن کە بیانپارێزێت .گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن هەر لە دێرزەمانەوە بەدەست ستەمکارى داگیرکەرانەوە ڕووبەڕووى ئازارى زۆر بووەتەوە بەتایبەت کە خاک و نەتەوەکەى لەت لەت ودابەش کراوە و زیاتر لە یەک سەدەیە خەبات و قوربانى دەبەشێت لە پێناو رزگارى و ئازادى، دژى داگیرکەران دەوەستێتەوە و کۆڵ نادات لە دەستهێنانى ماف و ویستە رەواکانى
ئێستا گەلى کورد نیوەى خاک و نیشتمانى لە دەستى خۆى دایە ، بەڵام دەبینن هەر جارەوە بە پیلانگێرى وسیناریۆیەک دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان هەوڵى تێکدان و لاوازکردنى دەدەن ،چونکە چاویان بە ئازادى و پێشکەوتن و گەشەسەندنى ئەم قەوارەیە هەڵنایەت و هەر بۆیە چەندین جارى بە هەمو جۆرە چەکێکى سیاسى و سەرباز ى وئابوورى پەلامارى دەدەن ، بەڵام خۆڕاگرى و بەهێزى گەلى کورد و سیاسەتى ژیرانەى سەرکردایەتییەکەى ڕێگەى نەداوە خەونى دوژمنان بێتەدى
نێوەکەى دیکەى کە پیلانگێرى و نەخشەى شوومى دوژمنان و گڵۆپى سەوزى یەکێتییەکەى باڤڵ تاڵەبانى پێش 9 ساڵ لە پێناو سەودایەک و بەرژەوەندییەکى کەسى کەوتە چەنگى نەیارانى کوردستانەوە ، لە بیریان چووە و مێژووییان نەخوێندۆتەوە ، کە کەرکووک شارێکى کوردستانییە ، کە تێیدا بیرەوەرى گەلێکى لەنێو قوڵایی دڵیدا هەڵگرتووە و خاوەن سەنگ و پێگەیەکى بەهێز لەڕووى جوگرافیا و کانزا و ئابوورییەوە ، بۆیە لەدەستدانى لە پێناو بەرژوەندى و حەزێکى کەسى وحزبى و رادەستکردنى بەو داگیرکەر و نەیارانەى کە هەرگیز چاویان بە خاک و ئازادى کوردستان هەڵنەهاتووە هەڵنایەت ، جگە لە پیلانگێرى و خیانەت و گەوجاندنى بەرامبەر هیچى دیکە نییە ، نابێ دوژمنان ئەوەیان لەبیر بچێت زۆر لەمێژە هەوڵى گۆڕینى شوناس و دیمۆگرافیاى کەرکووک ئیتر چ بە خیانەت بێت یان سیناریۆى داگیرکەران یان دەستکەوتێکى سیاسى دەدرێت ، هەندێکیان بە ئاشکرا و هەندێکى دیکەشیان بە شاراوە دەردێت ، وەک چۆن لە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 ، یەکێتیەکەى باڤڵ تاڵەبانى دەرگەى بۆ بەغدا و میلیشیا وپاسداران کان کردەوە و بەهەموو جۆرە چەک و جبەخانەیەک ، ئینجا بە گڵۆپى سەوزى تاران و ئەنقەرە ، کەرکووک نیوەى خاکى کوردستان داگیرکرا ، ئێستاش ئەو رادەستکردنەى لەسەر خۆیەى کەرکووک بەرامبەر ئەو سازشەى یەکێتییە بۆ نەیارانى کوردستان ، ئینجا لە پاڵ ئەوەش دروشمى شارى پێکەوەژیان دەکرێت ، لەکاتێکدا رۆژ نییە سووکایەتى بە کورد نەکرێت و موڵک و ماڵى لە وشارە کوردستانییە داگیر نەکرێت ، ئەوەى ئێستاش بەرامبەر کەرکووک روودەدات ، ئەنجام ڕێککەوتنى ساڵى 2024ى ئۆتێڵ رەشیدى بەغدایە ، لە هەمانکاتیشدا سووکایەتیکردنە بە کورد و دەنگدەران و پێکهاتە ڕەسەنەکانى و خیانەتێکى دیکە بۆ زیانگەیاندن بە پێگە و شوناسى کوردستانیبوونى کەرکووک
ئەوەى بەرامبەر بە کەرکووکى کوردستان دەکرێت ، جگە لە خزمەتى کورد نەیارانى کوردستان لە بەغدا ، تاران ، ئەنقەرە و ئینجا دروستکردنى کۆسپ و ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوورى بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەى بۆ باوەشى هەرێمى کوردستان هیچ پاساوێکى دیکە هەڵناگرێت ،چونکە ئەوانەى ئەو مامەڵە و سەودا مەترسیدارە بەرامبەر بە کەرکووک دەکەن ، دژى ئاساییکردنەوەى دۆخى ناڵەبارى کەرکووکن ، دژى پێشکەوتن و پێکەوەژیان و گەشەسەندنى کەرکووکن ، خەونى ئەوان جێبەجێکردنى ئەو پیلانگێرییە کە هەر لە ساڵى 2007 وە بە جوڵاندنى هێزى دیجڵە و دواتر بەکارهێنانى داعش لەساڵى 2014 و ئینجا پیلانگێرى 2017 و ڕێککەوتننى 2024 و 2026 ژوورە تاریکەکان ، هەموو بۆ ئەو مەرامەیە پاشگوێخستنى جێبەجێکردنى دەستوور و پێشێڵکردنى مافى کەرکووکییانە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسى خۆیان ئەویش گەڕانەوە بۆ نێو هەرێمى کوردستان
بەدڵنییاییەوە ، پارێزگاریکردن لە شوناسى کەرکووک ، بەرپرساریەتییەکى مێژووییە ، پشت بە پشت وەک میراتێکى گرانبەها دەبێ ناسنامەى کوردستانیبوونى کە بەرهەمى خوێنى هەزاران شەهید و پێشمەرگە و ڕۆڵەى ئەم کوردستانەیە پارێزگارى لێبکرێت , یاریکردن بە ئاگرى کەرکووک نەک تەنها عێراق دەسووتنێت ، بەڵکو هەموو ناوچەکە بەگڕى باباگورگور دەسووتنێت ، چونکە ئەوانەى خەونى گۆڕین و دەستکاریکردن شوناسى کەرکووک دەبینن ، باش دەزانن دەستبردنە بۆ ئاگرێک کە هەموو هاوسەنگییەک نەتەوەیی و سیاسى دەسووتنێت ،مێژوویش سەلمێنەرە ، کەرکووک و هەر بەستێکى خاکى کوردستان بەڕێککەوتننامەى ژێربەژێر و ژووەرە تاریکەکان و کاتى ناتوانێت شوناسى کوردستانیبوونى بگۆڕێت
ئەوانەى سەد ساڵ پێش خەونى بێ دڵ کردنى کەرکووکیان دەبینى ، و ئێستاش بە چاوساغى کەسانێکى لاواز دەیانەوێت مامەڵە و سەودا بە کەرکووک و خاکى کوردستانەوە بکەن ، دەبێ باش بزانن مێژوو و گەلى کوردستان لێیان خۆش نابێت ، چونکە هیچ بستێکى خاکى کوردستان بۆ فرۆشتن نییە و ناسنامەى کەرکووک و مێژوو وخەڵکە ڕەسەنەکەشى هەر بە کوردستانییوون دەمێنێتەوە و پیلانى دوژمنانى ناوخۆیی ودەرەکیش بەرامبەر کەرکووک و کوردستان هەر شکستخواردووە و بۆیە دەڵێم ، لە دوێنێ و لە ئێستا و لە نە لەرابردووشدا خاکى کوردستان بۆ فرۆشتن نەبووە و نابێ

 

Top