سەرۆک بارزانی ، پارێزەری قەوارە و نەتەوەکەی لە ئاڵۆزی و پیلانگێرییەکاندا
بە پێی هەڵدانەوەی مێژوو و لە هەموو ئەو قۆناغە سەخت و هەستیارانەی کە ڕووبەڕووی نەتەوەی کورد دەبێتەوە ، بەتایبەتی لەکاتی ئاڵۆزی و جەنگ وململانێیەکانی ناوچەکە وجیهاندا ، گرنگی ڕابەرایەتیکردن و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان و پارێزگاریکردن لە گەل و نیشتیمان وهەنگاونان بەرەو کەناری دڵنیایی ، ئەوا ئاماژەن بە بوونی سەرکردایەتییەکی حەکیمانە
ئەم رووداو و پێشهاتانە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ دۆزی رەوای گەلی کورد بووە ، بەشێوەیەک ئەگەر خوێندنەوەی وردبینانە و بابەتییانە بۆ ئەم گۆڕانکاری و ئاڵنگارییانە نەکرابایە دیار نەبوو دۆزی کورد بەرەو چ ئاقارێک برۆیشتبایە ، لەو نێوەدا ، ڕێباز و ڕابەرایەتی بارزانی و بەتایبەتی لە قۆناغ و مێژوویی نوێدا سەرۆک مسعود بارزانی ، کە درێژەپێدەری ڕێباز و قوتابخانەی کوردایەتیی و بارزانییە ، بەو ئەزموونە مێژوویی و خوێندنەوە ستراتیژیانە دوێنی و ئەمڕۆ لەڕووی خەباتی پێشمەرگایەتی وسەربازی و سیاسی و دیپلۆماسییەوە توانیوێتی لە سەختترین هەلومەرجەکاندا لە پاڵ نەتەوە و نیشتیمانەکەیدا بوەستێتەوە
هەوڵ و تێکۆشان و پێشمەرگایەتی و رابەرایەتی بارزانی بۆ ماوەی زیاتر لە شەش دەیە ، هۆکارن بۆ دروستبوونی سەرکردەیەکی کارێزما و ژیری لێکەوتۆتەوە کە زۆر بە وردبینانە و لۆژیکانە و لە سەر خۆ هەنگاو لەگەڵ پێشهات و رووداوەکان دەکات ، ئامانج و ستراتیژی بارزانی ، بەدەستهێنانی هەموو مافەرەواکانی گەلی کورد ، ئاشتی و پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان و لەهەمانکاتیشدا پارێزگاریکردن لەسەروەری قەوارەی کوردستان و دەستکەوتەکانی وهەنگاونان بەرەو ئامانجی گەورەتر وکوردستانێکی پێشکەوتووتر و بەهێزتر
لەلایەکی دیکەوە، لە نێو هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە ، هەردەم سەرۆک بارزانی پێیوایە ، ئەگەر هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و فیدڕاڵی و دەستوور جێبەجێ نەکرێ ، ڕێگری لە دەستوەردانی دەرەکی نەەگیرێت ، ئەوا رۆژ بەرۆژ عێراق بەرەو لاواز بوون و هەرەسهێنان دەروات و وەک ئێستا شوێنی گروپ و میلیشیا وەلائیی و نایاسایی و تیرۆریستەکان دەگڕنەوە ، بۆیە عێراق ئێستا لە نێو قەیرانی نەبوونی سەرکردایەتی و جێبەجێنەکردنی دەستوورە و لاوازییە لە بەڕێوەبردن و خۆ دزینەوەیە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان بۆ چارەسەری هەموو کێشە قووڵەکان
بۆیە گرنگە بەڕەچاوگرتنی هەموو رووداو و پێشهاتەکان ، بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتیمان ، هەموو هێزو لایەنە کوردستانییەکان لە ئاست بەرپرسیاریەتی مێژوویی دابن ، تا کو دوژمنان نەتوانن بەڕێگەی دروستکردنی درز و ناکۆکیی نانەوە زیان بە دۆزی کورد بگەێنن ، چونکە لەرابردوو ، ئەم لێکترازانانە کاریگەری نەرێنیان لە سەر ئاست و توانایی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەرەوا دەستوورییەکانی و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان داناوە ، هەر ئەوەشە هەمیشە سەرۆک بارزانی خوازیارە بە یەکدەنگی و تەبایی کوردستان داکۆکی لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت و ڕێگریش لە هەموو سازش و پێشێڵکردنی مافەرەواکانی بگیرێت ،
لە هەمانکاتیشدا سەرۆک بارزانی ، هۆشداری داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەر جۆرە پشگوێ خستنێکی دەستوور و قۆرخکاری سیاسی و هەموو ئەو پێوەر و بنەمایانەی کە دەتوانێت عێراق بەرەو قەیرانێکی زۆر قووڵتر لەوەی ئێستا ببات ، بەتایبەت پەراوێز خستنی دەستوور کە مەرجی مانەوە و سەقامگیرییە ، بۆیە سیاسەتی پەراوێز خستن و مامەڵەکردن بە زێهنیەتی زۆرینەی فاشیزمی عێراق بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات
هەموو هەنگاوە لۆژیکانە و ژیرانەی سەرۆک بارزانی لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەتایبەت لە نێو هەموو ئەو گڕژی و ئاڵۆزییانەدا کوردستانی کردۆتە نموونەیەکی جوان و گەشەسەندووە ، ئەوەش بۆ ئەو بەرێوەبردنە سەرکەوتووانە و هاوسەنگانە دەگەڕێتەوە کەتێیدا بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە ونیشتیمان بە پارێزراوی ماوەتەوە و ڕێگریشی کردووە لەوەی کوردستان تێوە بگڵێت لە نێو شەڕو ململانێیە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە
هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی وردبینانەی سەرۆک بارزانی بۆ رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان ، بۆ راستییەکی حاشاهەڵنەگر دەگەڕێتەوە ، دروستبوونی هەر جۆرە شەڕوناکۆکییەک لەنێو خاکی عێراقدا ئاگری شەڕەکە بەرفراوانتر دەکات و سەقامگیری هەموو ناوچەکە تێکدەدات ، بۆیە ، هەرگیز بە زێهینیەتی کاڵی هەندێک کەس ولایەنی خاو لە سیاسەت و بەرژوەندیخواز مامەڵە ناکات ، بەڵکو بۆ ئەم قۆناغەش ڕاگرتنی هاوسەنگی و پارێزگاریکردنێتی لە ئاشتی و سەقامگیرییە لە کوردستان و عێراق بە گشتی
[4/14/2026 10:13 AM] Rebwar Shwani: بەخوێندنەوەی زانستیانە بۆ هەنگاوەکان و رابەرایەتیکردنی سەرۆک بارزانی بۆ ئیدارەدانی ئەو ڕووداو و پێشهات و ئاڵنگارییانە ، بۆمان دەردەکەوێت ، ئامانج و ستراتیژیی دوور خستنەوەی ئاگری جەنگ و ئاڵۆزییەکانە لە کوردستان و عێراق و لە هەمانکاتیشدا هۆشداریدانە لە بەڵارێدا بردنی سیستەمی فیدڕاڵی عێراق بەرەو ئاقاری تاکڕەویی و دەسەڵاتی میلیشیایی مەزهەبی وتایفی و جێبەجێکردنی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشییە کە تەنیا ڕێگەی سەقامگیری و متمانە و ئاشتیە وئەوش لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی سیاسی ، پارێزگاریکردن لە هاوسەنگی و فەراهەمکردنی داهاتوویەکی ئارام و بۆ کوردستان و پووچەڵکردنەوەی هەموو ئەو پیلانگێرییانە کە هەندێک کەس ولایەن لە عێراق خەونی پێوە دەبینن .

رێبوار حەمەلاو شوانی