د.حەسەن سابیر مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی: پێویستە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بگاتە ئاستێك كە وەك قەڵغانێكی سیاسی پارێزگاری لە هەرێم بكەن
بەپێی دەستوور، هەرێمی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی عێراق، كە گوایە دەوڵەتێكی مەركەزییە و بەرپرسە لە پاراستنی هەموو بستێكی خاكەكەی، بەڵام واقیعە تاڵەكە ئەوەمان پێ دەڵێت كە حكومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا، توانا و دەسەڵاتی بە سەر زۆرێك لەو گرووپە چەكدارانەدا نییە كە لە ناو خاكی عێراقدا تەراتێن دەكەن. ئەم گرووپە لەیاسا دەرچووانە، كە وەك هێزێكی هاوتەریب لە دەرەوەی دامەزراوە نیزامییەكان كار دەكەن، بوونەتە مەترسییەكی گەورە. ئەوان نەك هەر گوێڕایەڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق نین، بەڵكو بە ئەجێندایەكی دەرەكی هەوڵ دەدەن هەرێمی كوردستان بە زۆر پەلكێشی ناو بەرەیەك بكەن. ئامانجی ئەم گرووپانە ڕوونە؛ دەیانەوێت كورد ناچار بكەن هەڵوێستێكی توند وەربگرێت بۆ ئەوەی پاشان بیكەنە پاساو بۆ هێرشی زیاتر و تێكدانی قەوارە دەستوورییەكەی.
لە بەرانبەر ئەم هەموو فشارەدا، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و ڕێبەرانی كورد، هەمیشە سیاسەتێكی حەكیمانە و خۆپارێزییان پەیڕەو كردووە. ئەوان نەیانویستووە ببنە پشتیوانی هیچ لایەك لەو شەڕانەی كە سوودێكی بۆ گەلی كورد تێدا نییە.
بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: هەتا كەی دەكرێت تەنیا بە ددانبەخۆداگرتن و بێدەنگی بەرەنگاری ئەم هەموو پێشێلكارییانە ببینەوە؟ كاتێك هێرشكردنە سەر هەرێم دەبێتە «پیشەی ڕۆژانە»ی گرووپە چەكدارەكان، ئیتر ئەركی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە كە هەڵوێستێكی توندی هەبێت. ناكرێت بەغدا تەنیا بینەر بێت، كاتێك سەروەریی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان مووشەكباران دەكرێت. ئەگەر عێراق نەتوانێت ئەم هێزانە ڕابگرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان مافی یاسایی و سرووشتیی خۆیەتی پەنا بۆ ڕێگەی دیكە و هاوپەیمانی دیكە ببات بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناهەموارە، پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كورد سێ خاڵی جەوهەری و ستراتیژی پەیڕەو بكات:
یەكەم: دووركەوتنەوەی ڕەها لە هەر جۆرە ململانێیەكی سەربازی، تەنانەت ئەگەر شەڕمان پێ بفرۆشرێت، یان ئیجبار بكرێین، نابێت كورد ببێتە بەشێك لەو ئاگرە. پاراستنی قەوارەی هەرێم لەوەدایە كە نەبێتە ئامرازی سەربازی بۆ هیچ هێزێكی ئیقلیمی.
دووەم: بەهێزكردنی كاری دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و دراوسێ. پێویستە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بگاتە ئاستێك كە وەك قەڵغانێكی سیاسی پارێزگاری لە هەرێم بكەن. هەروەها دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ ئێران وەك دراوسێیەكی كاریگەر، دەتوانێت زۆرێك لە تێگەیشتنە هەڵەكان بڕەوێنێتەوە.
سێیەم: پاراستنی بێدەنگییەكی ستراتیژی و بێلایەنییەكی تەواو. نابێت بە هیچ شێوەیەك، نە بە چاك و نە بە خراپ، هاوكاری هیچ لایەنێكی شەڕكەر بین. بێدەنگی لە هەندێك كاتدا لە هەزاران لێدوانی سیاسی بەهێزترە و دەتوانێت هەرێم لە فیتنە و پیلانەكان بپارێزێت.
لە كۆتاییدا، هەرێمی كوردستان تەنیا بە یەكڕیزیی ناوخۆیی و پەیڕەوكردنی ئەم سیاستە عاقڵانەیە دەتوانێت لەم گێژاوە ڕزگاری بێت.
