فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گقتوگۆ: جیهان بە ساتەوەختێکدا تێدەپەڕێت کە هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرەو لەبەریەکهەڵوەشانەوە دەچن

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گقتوگۆ:  جیهان بە ساتەوەختێکدا تێدەپەڕێت کە هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرەو لەبەریەکهەڵوەشانەوە دەچن

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا «کوردستان لەناو گێژاوی شەڕێکی نەخوازراودا» بەمجۆرە دید و بۆچوونەکانی خۆی خستەڕوو:

 

جیهان بە ساتەوەختێکدا تێدەپەڕێت کە هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرەو لەبەریەکهەڵوەشانەوە دەچن، دروست وەک ناونیشانی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی کە لە شوباتی ئەمساڵدا لە میونشن بەڕێوەچووە «بەرەو لەبەریەکهەڵوەشان Under Destruction». ئەم کۆنفرانسە دروست دوای یەک مانگ لە ڕاگەیاندنی بۆردی ئاشتی «Board of Peace» بەڕێوەچوو. مەغزای ئەم «بۆردی ئاشتی»یە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەمیشەییەتی و بەتەنیا خۆی دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە، ئەوەیە کە ئەم بۆردە ئۆتۆماتیکی دەبێتە جێگرەوەی کۆی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و کۆی ئاژانسەکانییەوە، هەروەها دەبێتە جێگرەوەی کۆی هاوپەیمانییە سەربازی و ئابوورییەکان وەک هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی و یەکێتیی ئەورووپای ئێستا. هەروەها ئەم بۆردە کراوەیە بۆ کۆی دەوڵەتانی جیهانیش بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە ببنە ئەندام، بۆ ئەوەی پێکەوە بڕیاری قورس و یەکلاکەرەوە لەسەر کۆی کێشە جیهانییەکان بدەن. کاری یەکەم و کردەیی ئەم بۆردەش بە دووبارە بنیاتنانەوەی غەزە دەست پێ دەکات کە بڕی» ٥» ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و هەر ئەم بۆردەش سەرپەرشتیی خەرجکردنی دەکات. ئەمەش ئەو مانایە دەبەخشێت کە گۆڕانکارییەکانی ئەمجارەی سیستمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست پێ دەکەن.

لە دوای غەزە، بەرنامەی دۆناڵد ترەمپ کە ڕاشکاوانە و بەبێ شاردنەوە ڕایگەیاندووە «دەوڵەتانی ناوچەکە مەزنتر دروست دەکەینەوە»، ئێستا بەکردەیی تۆم باراک نوێنەری تایبەتی سەرۆک ترەمپ وەک حاکمی مەدەنی «لوبنان، سووریا، عێراق» گوتار دەدات. لە کۆڕبەندی «وزەی ئەمریکی – سووریا» کە لە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦ لە ئامۆژگای ئەتڵەنتیک بەڕێوەچوو، ڕاشکاوانە سەبارەت بە سووریای ئێستا گوتی: «کێ مەزەندەی دەکرد دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد و تەنیا لەماوەی ١٨ مانگدا و لەژێر سەرکردایەتیی ئەحمەد شەڕع، سووریا بگاتە ئەم ئاستە گەورەیەی سەقامگیری کە بتوانین وەک ئێستا باس لە وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی وزە بکەین». ئەمەش مانای ئەوەیە کە سووریا ئێستا ناڕاستەوخۆ لەژێر ماندێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.

سەبارەت بە عێراقیش، بێگومان هەموو لایەک ئاگادارن کە دۆناڵد ترەمپ بە تەنیا تویتێک لە تۆڕی سۆشیاڵ میدیا کۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی ڕاگرت و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: «عێراق دەوڵەتێکی مەزنە بەڵام نازانن خۆیان بەڕێوەبەرن و نابێت نووری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیران هەڵبژێرن». ئەم تویتە ماوەی چەند مانگە پرۆسەی سیاسیی عێراقی ڕاگرتووە، بەڵام لە ئێستادا دەیانەوێت جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن و هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو هەڵبگرن، کە ئەمەش هەنگاوێکە پێ ناچێت بۆ عێراق بەخێر بشکێتەوە.

کرۆک و فاکتەری سەرەکیی ئەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساوە، تێنەگەیشتنە لە چەمکی «سەپاندنی ئاشتی بە زەبری هێز peace through strength». ئەمەش ڕاشکاوانە مانای ئەوەیە ئەگەر داواکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بە زەبری هێز جێبەجێی دەکات. ئەم گوتارە کە لەدوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە لە ساڵی ١٩٤٥وە، چەمکێکی نامۆیە بە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت پڕەنسیپەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی و دەستووری یەکێتیی ئەورووپا. لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە ئەمساڵ لە مانگی کانوونی دووەم لە داڤۆس بەڕێوەچوو، ئۆرسۆلا ڤۆندەر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتییەکە بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند کە ئێستا یەکێتیی ئەورووپا لەناو شەڕێکی گەورەی «ئابووری و بازرگانی»یە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. هەروەها دەوڵەتانی ناتۆش دیسان کەوتوونەتە ژێر گوشار بەوەی دەبێت بەشداریی داراییان بۆ هاوپەیمانییەکە بەرز بکرێتەوە بۆ ٥٪ی داهاتی گشتیی دەوڵەتانی ئەندام. هەموو ئەم مەرجانەش دۆناڵد ترەمپ بە شانازییەوە دەڵێت «ئەوەی دەمەوێت جێبەجێیان کردووە». ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت: خەریکە دەوڵەتانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا لە چەمکی ئاشتی بە زەبری هێز تێدەگەن، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێک دەوڵەت هەن کە نایانەوێت وەک خۆی لەم چەمکە تێبگەن!

ئەگەر لەناو کۆی ئەم گۆڕانکارییە گەورانە هەڵوەستەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان بکەین کە ئێستا کەوتووەتە ناو شەڕێکی نەخوازراوەوە و لەناو ئەم شەڕەشدا هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت بەفەرمی بێلایەنیی ڕاگەیاندووە و ڕایگەیاندووە نابینە بەشێک لەم شەڕە، ئەوا ئەم هەڵوێستە پێویستە هەموو لایەک وەک خۆی تێی بگات کە پێشێلکردنی بێلایەنیی دەوڵەتێک یان قەوارەیەک لەناو شەڕی نێوان دەوڵەتەکاندا کارێکی ئاسان نابێت و دەبێت بیر لە میکانیزمێک بکرێتەوە کە بەرگری لە هەڵوێستی «بێلایەنیی شەڕ»ەکە بکرێت. لە ئێستادا لەسەر ئاستی هەموو کوردستان پشتیوانیی گەورە بۆ بەرگری لە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان لە دروستبووندایە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هەتا ئێستا لەسەر ئاستی دیپلۆماتی و سیاسی پشتیوانیی بۆ هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، بەڵام پشتگیریکردنی سیاسی و دیپلۆماتی بۆ بەرگری کردن لە بێلایەنیی هەرێم بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەڵکشێت بۆ هەنگاوی کردەیی. هەروەک چۆن تۆم باراک لە کۆڕبەندی وزەی ئەمریکی و سووریا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: «لە عێراقدا، هەرێمی کوردستان کێشە نییە، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە هەرێم خاوەن سامان و گەلی خۆیەتی، کەچی حکومەتی فیدراڵی دەست بەسەر داهاتەکاندا دەگرێت و تەنها بڕێکی ‹تەرخانکراو› بەپێی ئارەزوو و ویستی ناوەند بۆ هەرێم دەبڕێتەوە، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە بنەمای ڕاستەقینەی دابەشکردنی داهاتەکانەوە نییە. لە ئەنجامی ئەمەدا، هەرێم کەوتووەتە ژێر گوشاری پرۆسەی بودجەوە کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نییە، بگرە ڕووبەڕووی چەندین گەمارۆ و سزاش دەبێتەوە.. لەمەش زیاتر، من ناڵێم حکومەتی عێراق بە کەیفی خۆی مامەڵە دەکات، بەڵام میلیشیا چەکدارەکان دزەیان کردووەتە ناو حکومەت، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بۆردومان دەکەن کە ئەمەش قبووڵکراو نییە».

 

Top