داهاتووی بەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی جەنگی ئەمریکایی و ئیسرائیلی دژی ئێران و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێمایەتی
(*)
ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بەجێبەجێکردن و پشت بەستن بە تیۆری نیوڕیالیزم (ڕیالیزمی پێکهاتەیی) بە تایبەتی سەرنجدان بە گرنگترین ئەو گریمانە و بەهایانەی کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەنارکیەت زاڵە لە پەیوەندیی و کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە سیستەمی هەرێمی دا هەروەها مانەوە(Survival) ئامانجی باڵای ئەکتەرەکانن (دەوڵەتی یان نادەوڵەتی) بن و ئەکتەرەکان بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان لە سیستەمی هەرێمیدا پشت دەبەستن بە هاوپەیمانی و بەرەکان لە هەمان کاتدا بەهۆی نەبوونی متمانە لە نێوان ئەکتەرەکان و نادڵنیاییان لە ئامانج و نیازی یەکتری دەوڵەتان هەولی زیادکردنی هێز و ئاسایشی خۆیان دەدەن.
بۆیە ئەم نووسینە هەوڵ دەدات شیکردنەوەیەکی قوڵ بکات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەکی نووسینەکە کە ئەویش بریتییە لەوەی: داهاتووی بەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەژێر سێبەری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران چی بەسەر دێت؟
بەڵام پێش ئەوەی باس لەبەرەکان بکەین پێویستە بە کورتی هەڵوەستە بخەینە سەر سیستەم و ئۆردەرەی هەرێمی (نەزمی هەرێمی) کە خۆی دەبینێتەوە لە ناساندن و شیکردنەوە و جیاوازی نێوانیان چونکە ناساندن و خستنەڕووی جیاوازی نێوانیان زۆر پێویستە بۆ ئەوەی ئەوە بخەینەروو کە سیستەم و ئۆردەر(نەزم) دوو بابەتی تەواو لەیەک جیاوازن و دەرخستنی ئامرازێکی گرنگە دەبێت بۆ تێگەیشتن لە کارلێک و پەیوەندییەکانی نێوان ئەکتەرەکان (دەولەتی یان نادەولەتی)بن لەچوارچێوەی سیستەمی هەرێمی دا و دواتر هەڵوەستە دەخەینەسەر سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وەک یەکێک لە گرنگترین هەرێمەکان لەسەر ئاستی هەرێمەکانی سیستەمی کۆمەلگای نێودەوڵەتی دا.
سەرەتا هەلوەستە دەخەینە سەر ئۆردەری هەرێمی (نەزمی هەرێمی) کە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە سالی ١٩٩١ سەریهەڵدا و ئەمریکا وەک براوەی ئەم جەنگە بە ئامانجی ڕێکخستن و کۆنترۆل کردنی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەولەتیەکان و دانانی چەند بنەمایەک دایرشت وەک دەستەبەرکردنی هاوسەنگی هێز و هەژموونی بەڵام سەبارەت بە مانای سیستەم پەیوەندی دارە بەو کارلێک و دینامیکيەی لە نێوان دەولەتان و ئەکتەرە نا هەرێمیەکان لە چوارچێوەی پەیوەندی و کارلێکە هەرێمیەکان ڕوئەدات. هەروەها بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەنەزمی هەرێمی پێناسەی چەند زانایەک بۆ ئەم چەمکە دەخەینەڕوو هەر وەک فەرید هالیدای، ٢٠٠٥ پێ واییە نەزمی هەرێمی لەرەنگدانەوەی دینامیکیاتی مێژویی ناوخۆیی و کاریگەریی سیستەمی نێودەوڵەتی سەرهەلدەدات و جەخت دەکاتەوە نەزمی هەرێمی سەربەخۆ نیە بە تەواوی لە کارکردنی و تەنیا درێژکراوە و تەواوکەری پەیوەندی نێوان زلهێزە جیهانیەکان نیە،
بەڵام ئەمیتاڤ ئاچاریا، ٢٠٠٧ پێناسەیەکی گشتگیر تری هەیە بۆ نەزمی هەرێمی کە جەخت دەکاتەوە نەزمی هەرێمی سەرهەڵدەدات لە بەرئەنجامی کارلێک و هەماهەنگی لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی و کەلتوری لە نێوان ئەکتەرەکان (دەولەتی و نادەولەتی) لە ناوچەیەکی دیاریکراو دا ئەمەش لە بەرئەنجامی پێوەری ناسنامە و بنەمای هاوبەش و ئەزموونی مێژوویی دروست دەبێت. بۆیە خستنەڕووی ئەم شیکردنەوە و پێناسانەی سەرەوە بۆ چەمکەکانی ئۆردەر(نەزم) و سیستەم هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە ناساندن و خستنەرووی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست چونکە بەبێ تێگەیشتن لە ئۆردەر و سیستەم بەشێوەیەکی گشتی و تایبەت ئەستەمە بتوانرێ لە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست تێبگەین کە بە سیستەمێکی ئالۆز و دزەتێکراو و ناسەقامگیر دادەنرێت،
چونکە بۆ دروست کردنی هەر سیستەمێکی هەرێمی سەرەتا پێویستی بە سێ بنەمای سەرەکی هەیە ئەوانیش یەکەم هەبوونی ناوچەیەکی جوگرافیای دیاریکراو، دووەمیان پێویستە بەلایەنی کەم سێ ووڵات لە ڕووی کەلتوری و مێژوویی و کۆمەلایەتی و ئابووری هاوشێوەبن، سێیەم و دواهەمینیان ڕێژەیەکی بەرچاو لەکارلێکە جۆراوجۆرەکان لە نێوان یەکە جیاوازەکانی سیستەم بوونی هەبێت.
بەڵام دروست کردن و بەڕێوەبردنی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست تەواو جیاوازە بەوەی کە ئەم سیستەمە سیستەمێکی فرە جەمسەرە تاکو ئێستا وولاتانی زلهێزی ناوچەکە نەیان توانیوە ڕێک بکەون لەسەر دروستکردنی هاوسەنگی هێز یان دەستەبەرکردنی هەژموونی ناوچەیی لەلایەن زلهێزانی دەرەکی یان زلهێزێکی ناوچەیی ئەمەش هۆکار بووە ئەم سیستەمە بەردەوام ناکۆکی و ناتەپایی بوونی هەبێت لەکارلێک و دینامیکی نێوان وولاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی یەکدەنگی لەسەر ئاستی ووڵاتان و لە نێوان دەوڵەت و خەڵک و چارەسەرنەکردنی پرسەکان لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئەمەش هۆکار بووە دووبارە زلهیزانی نێودەوڵەتی کە پرسە نێوخۆییەکان بەکاربهینن بۆ دەستێوەردان و زیادکردنی هەژموونیان لە ووڵاتەکان و سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا.
پاشان نەبوونی یەکە و دامەزراوەی کاری هاوبەش لەنێوان ئەندامانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و بێهێزی دامەزرەوەکان و پاپەندنەبوون بە یاسا و نۆرمەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەلایەن وولاتانی ئەندام و نەبوونی دەوڵەتێکی کارا و کاریگەر لە ئاستی هەژموونی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دابێت بتوانێ سیستەمەکە بەدەمەزراوەیی بکات چونکە لە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا دامەزراوەیەک نیە کە هەموو دەوڵەتان تیادا ئەندام بن و نوێنەرایەتی ئەم سیستەمە هەرێمیە بکات ئەم فاکتەرانەش وای کردووە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە سیستەمی کێشەدار و ئالۆز بناسرێت.
لە هەمان کاتدا هەبوونی جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایدیۆلۆجی لە نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە وا دەکات دەستەبەرکردنی هاوکاری و هەماهەنگی و سەقامگیری لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست نزیک بێت لە مەحال. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی نەتەوە و گروپ و مەزهەبی جیاواز و پەیرەو کردنی نا یەکسانی لە بەرامبەر بەشێک لەو گروپ و مەزهەب و نەتەوانەی لە ژێر دەسەلاتی نەتەوە سەر دەستەکانن بە تایبەت هەر سێ نەتەوەی سەرەکی ناوچەکە تورک و عەرەب و فارس و ناکۆکی و بێ توانایی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ئاستی ناوەخۆ لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوەخۆیی و لە ڕووی سیاسیش ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست زۆرینەی جۆرەکانی سیستەمە سیاسیەکان لەخۆ دەگرێ ئەم فاکتەرانەش هۆکار بوونە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ببێتە شوێنی ناکۆکی و ململانێ و قەیران و ژینگەیەکی پشێویی و نائارامی دروست ببێت. سەبارەت بە زاراوەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئەم چەمکە چەمکێکی ڕۆژئاواییە لەلایەن نوخبەکانی ئەمریکی و ئەوروپی داهێنراوە لە سەدەی نۆزدەمەوە و لەلایەن گەلانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دانەهێنراوە بەڵکو لەسەریان سەپێنراوە بۆ ئاماژەکردن بووە بە ناوچەکانی نێوان ئەوروپای ڕۆژهەلاتی دوور و نزیک کە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وەک ناوەندی هاوکێشەی جیهان ناوزەند کردووە. واتە ئەم چەمکە زیاتر دەربرینێكی سیاسی و جوگرافیە نە وەک تەنیا جوگرافی بێت و تایبەت بێت بە شوێنێکی دیاریکراو و جێگیر و پێناسەیەکی یەکگرتووی دیاریکراویشی نیە.
بەڵام سەبارەت بە هەلکەوتەی جوگرافیای سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەست نیشان کردن و دیاریکردنی سنوری جوگرافیا و وواتانی ناوچەی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە دیاریکراویی کارێکی زەحمەتە جونکە هەر ئيمپراتۆريەتێک و دەوڵەتێک بە گوێرەی سیاسەت ستراتیژی و بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیان دیارکردووە، بەڵام زۆرینەی پسپۆران و توێژەران کۆکن لەسەر ئەوەی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەکەوێتە نێوان هەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا کە جوگرافیایەکی جیاوازی هەیە پێک دێت لە ڕۆژهەلاتی دەریای ناوەڕاست تا کەنداوی عەرەبی لەڕۆژهەڵات و لە باکورەوە لە دەریای ڕەش و دەریای قەزوین تا بیابانی گەورە و لە باشور زەریای هیندی و شوێنی بەیەکەوە بەستنەوەی ڕۆژهەلات و رۆژئاوایە لە رێگەی وشکانی.
دواتر سەبارەت بە گرنگی جیۆپۆلتیکی ناوچەی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەبەر ئەوەی جوگرافیای ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هەڵگری کۆمەڵە تایبەتمەندییەکە زۆرینەی ناوچەکانی تری جیهان لێ بێبەشن ئەمەش وایکردووە ئەم ناوچەیە بە ناوچەیەکی ناوەندی یان بە دڵی جیهان دابنرێت و ببێتە جێگای بایەخ و گرنگی پێدانی زلهێزە نێودەوڵەتیەکان ئەویش بەهۆی دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە بەسەرچاوە سروشتیەکان بەتایبەت نەوت و غاز هەروەها گرنگی شوێن و جوگرافیاکەی لەڕووی دەریایی و وشکانی و ئاسمانی کە دەروازەیەکە بۆ جیهان. ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست خاوەن چەندان سوودی جیوستراتیژیە وەک بەستنەوەی شەرق و ڕۆژئاوا بە یەکتری و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست خاوەنی چەندان ڕێرەوی دەرەیایی گرنگن کە جێگای گرنگی پێدانی ووڵاتانی زلهێزی جیهانی و هەرێمین وەک تەنگەی هورمز و تەنگەی باب المندب و کەنالی سوێس کە بەکاردەهێنرین بۆ بواری بازرگانی لە ڕێگەی ڕێرەوی دەریاییەکانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە دەتوانرێت دەسەڵات بە سەر بازرگانی جیهان بکرێت و خاڵی بەیەکەوە بەستنەوەی هەر سێ کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا ئەمەش یارمەتی دەرە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هەژموونی و کاریگەری خۆیان لەناوچەکانی تری جیهان زیاد بکەن پاشان دەوڵەمەندی بە سەرچاوە سروشتیەکان بەتایبەت نەوت و غاز کە بە کۆنترۆڵ کردنی ئەم سەرچاوانە دەتوانێ بازاری جیهان کۆنترۆل بکات.
هەبوونی چەند فاکتەرێکی بەهێز هۆکاربوونە ئەم ناوچەیە ببێتە ئامانجی وولاتانی زلهێزی دەرەکی و وولاتانی بەهێزی ناوچەکە و کێبڕکێ لە نێوان وولاتە زلهێزە نێودەولەتیەکان هەبێت کە بەردەوام هەوڵی کۆنترۆڵ و هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. ئەم ناوچەیە دادەنرێت بەیەکێک لەو ناوچانەی کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاوسەنگی جیهانی هەیە بەهۆی پێگە و شوێنە جیوستراتیژییەکەی بەتایبەتی ناوچەی کەنداوی عەرەبی کە بە بەشێکی گرنگ و گەورە دادەنرێت لەڕووی جیوستراتیژی و جیوسیاسی لەڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی نێودەوڵەتی و هەرێمی. هەر لەبەر گرنگی و ستراتیژی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەیزەنهاوەر ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی بە گرنگترین ناوچەی جیهان ئەژمار کردووە.
سەبارەت بە بەرەکان چەندین بەرە بوونی هەیە لە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا کە ئەم بەرانە بریتین لە بەرەی هەرێمی سوننی عەرەبی کە یەکێکە لەبەرە سەرەکیەکانی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە بەشێوەی دینامیکی جولاو لەسەر بنەمای پراگماتیکی کاردەکات و ئامانجی سەرەکی ئەم بەرەیە دژایەتی و ڕووبەرووبونەوەی سێ لایەنی سەرەکین فراوانخوازییەکانی ئێران، بزوتنەوەی ئیخوان مسلمین و گروپە توندرەوەکان بووە. پاشان بەرەیەیەکی تر بەسەرکردایەتی تورکیا و قەتەر هەرچەندە ئەو دوو لایەنە لەڕووی ئایدیۆلۆجیایەوە لەیەکتری جیاواز بوونە بەڵام لایەنی قەتەری هاوتەریپ بووە لەگەڵ هەلوێستی تورکیا لە پالپشتی کردنی بزووتنەوە ئیسلامیەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە تایبەت بزوتنەوەی ئیخوان مسلمین.
ئەم هاوهەلوێستی و نزیک بوونەوەی قەتەر و تورکیا ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتنی بەرگری هاوبەش لە نێوانیان لە ٢٠١٤ هەروەها ڕێگای خۆش کرد لە ٢٠١٩ قەتەر لەگەل تورکیا هاوپەیمانی ببەستێت و بەرەیەکی نوێ دروست بکەن لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەناوی بەرەی تورکی و قەتەری ناسراو بەبەرەی هەرێمی ئیخوانی. ئامانجی باڵای بەرەی هەرێمی ئیخوانی گۆرینی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و پالپشتی کردنی ئیخوان موسلمین بوو بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.
بەرەکەی تریش کە بە بەرەی شەر ناوزەند کراوە لەلایەن ئەمریکاوە ئەویش بریتیە لە بەرەی هەرێمی شیعی کە بە یەکێک لەبەرە سەرەکیەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دادەنرێت بە شێوەی دینامیکی جولاو لەسەر بنەمای ئاینی و ئایدیۆلۆژیای مەزهەبی شیعی کاردەکات و ئامانجی باڵای هەناردەکردن و بڵاوکردنەوەی پرۆژەی ئەزموونی شۆرشی ئیسلامی ئێران بوو بۆ ووڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە ڕێگای سوود وەرگرتن لە ئایدیۆلۆژیای ئاینی شیعی بۆ زیادکردنی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و سەرکردایەتی کردنی جیهانی ئیسلامی لە ژێر ئایدیۆلۆژیای ڕژێمی ئیسلامی شیعی ئێران.
ئەم بەرەیە لەلایەن ئێران سەرکردایەتی و ڕایەداری دەکرێت و چەند لایەنێکی ئەکتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی لەخۆ دەگرێت کە کاریگەرییان هەیە لەسەر سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئەویش بەهۆی گرنگی جیو سیاسی و جیۆپۆلۆتیکی لایەنەکانی ناو ئەم بەرەیە لە ناوچەکە. ئەم بەرانەش دروست کراون و پێک هێنراون بە ئامانجی مانەوە و خۆ پارێزییان لە نەیارەکانیان واتە پێکهێنانی بەرەکان و کۆبوونەوەی لایەنەکان لەناو بەرەکان بەهۆی هەبوونی بەرژەوەندی و دوژمنی هاوبەش لەیەکتری کۆبووینەوەتەوە واتە بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەکرێ لەیەکتری جیاببنەوە یان بە پێچەوانەوە بە دەستبەرنەکردنی ئامانجەکانیان لەچوارچێوەی بەرەکان لە بەرەکان بکشێنەوە یان بە مانایەکی تر دەکرێ ئەندامانی بەرە جیاوازەکان بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان لەیەکتری نزیک ببنەوە واتە پەیوەندییەکانیان لەناکۆکیەوە ببێت بە هاوپەیمانی هەر وەک عێراقی دوای ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی لە دوژمناییەتیەوە گۆری بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران دا.
هەروەها بەرەیەکی تر کە ئەمریکا وەک زلهیزی نێودەوڵەتی ناوچەکە پالپشتی دەکات و کار دەکات بۆ فراوان کردنی ئەویش بریتیە لەبەرەی ئیسرائیلی لەگەڵ هەردوو ووڵاتانی عەرەبی ئیمارات و بەحرین کە بە بەرەی ڕێکەوتنی ئەبراهیمی ناسراوە کە لەم جەنگەی ئیستادا بوونی هەیە لەناوچەکە ئەندامانی ئەم بەرەیە بەتایبەت ئیمارات و بەحرین بەهۆی ئەندامیان لەبەرەکە یان بەمانایەکی تر بەهۆی هەبوونی ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل بەسەخترین و توندترین شێوە لەلایەن ئێرانەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی بۆردومان دەکرێنەوە کە بەهۆییەوە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ئەم دوو وولاتە دروست بووە.
بەڵام گۆرانکارییە هەرێمیەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە تایببەت سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و لە نێویشدا قەیرانی سوریا لە ٢٠١١ هۆکار بوو بۆ زیادبوونی ڕۆلی بەرەی بەرخودان(هلال شیعی) بە سەرپەرشتی ئێران لە دوای ئەوە بەرەی هەرێمی عەرەبی سوونی هاندا بەتایبەت سعودیە و ئیمارات بۆ ڕووبەرووبوونەوە و دژایەتی کردنی فراوانخوازیەکانی بەرەی هیلالی شیعی بەسەرپەرشتی ئێران لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئەم فراوانخوازیەیان بە مەترسی دەزانی بۆسەر بەرژەوەندی و مانەوەی ڕژێمەکانیان. هەروەها هەردوو وولاتی ئیمارات و بەحرین وەک بەشێک لە بەرەی هەرێمی سووننی عەرەبی ستراتیژی دبلۆماسی بە تایبەت لە ئەنجامدانی ڕێکەوتنامەی ئەبراهامی لە ساڵی ٢٠٢٠ لەگەل ئیسرائیل و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان کاریگەری دروست کرد لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانی بە ئامانجی ڕووبەرووبونەوەی فراوانخوازیەکانی ئێران لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا. لە بەرامبەر دا بەرەی بەرخودان بە ڕابەرایەتی ئێران ئەم ڕێکەوتنامەیان بە مەترسی بۆ سەر مانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست جونکە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی بەهۆی ئەم ڕێکەوتنە ئیسرائیل بە بەشێک یان هەبوونی پەیوەندی بەهێز لەگەل بەرەی هەرێمی سووننی عەرەبی دەزانن، بۆیە بەرەی هەرێمی سوننی عەرەبی دەکرێ سوود وەرگرێت لە تواناکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ لە بارودۆخی پێویست دژی فراوانخوازییەکانی ئێران لە ڕێگای بەرەی بەرخودان کە نەیاری هاوبەشی ئیسرائیل و بەرەی هەرێمی سووننی عەرەبی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا.
بەڵام سەرەرای ئەوەی بەرەی هەرێمی سووننی عەرەبی ئەندامانی بە بەراورد بە بەرەکانی تر فراوانترە بەڵام بە بەرەیەکی لەرزۆک دادەنرێت، بەهۆی هەبوونی دیدگای جیاواز لە نێوان لایەنەکانی ناو بەرەکە سەبارەت بە پرسەکانی ناوچەکە و نەبوونی متمانە لە نێوان ئەندامانی بە تایبەت لە نێوان سعودیە و ئیمارات و نەبوونی ستراتیژی و پلانێکی یەکگرتووی بەڵکو زیاتر تەکتیکین تەنیا بە هەبوونی بەرژەوەندی هاوبەش لە هەندێکی پرسی ناوچەکە پەنایانە بردۆتە بەر دروست کردنی ئەم بەرەیە و بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان بەرەکەش کۆتایی پێ دێت. چونکە هەر وەک ڕۆن و ئاشکرایە هاوپەیمانی و بەرەکان لە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا بەردەوام لە گۆڕاندان و ووڵاتان زیاتر سەربەخۆیانە پەیڕەوی سیاسەتی خۆیان ئەکەن.
پاشان هەبوونی ناکۆکی و ململانێ لە نێوان بەرەی هەرێمی سووننی عەرەبی و بەرەی هەرێمی ئیخوانی وای کرد ئەم دوو بەرەیە لە بەرامبەر بەرەی هەڕێمی شیعی(بەرەی بەرخودان) لاواز دەربکەون و بەرەی هەرێمی شیعی زیاتر ڕۆلی هەبێت لە دینامیکی جولاو و ڕوداو پێشهاتەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا. بۆیە ڕووداوی هێرشی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆپەری ٢٠٢٣ و وەڵامەکانی ئیسرائیل ڕوداوی نوێ کاریگەر بوون لە تێکچوونی هاوسەنگی هێز و زیادبوونی ئەنارکیەتی سیستەمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و کارکردن بۆ لەناوبردنی بەرەی هەرێمی شیعی و داڕشتنەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هەروەها ئەم ڕووداوە گۆرانکاری گەورەی دروست کرد لە ڕوداو و کارلێک و دینامیکی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە هۆکاربوون بۆ لاواز کردنی حزب اللە لبنانی دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لبنان و تیرۆرکردنی ئەمینداری حزبەکەی حسن نصراللە لە ڕێکەوتی ٢٨ی سێپتێمپەری ٢٠٢٤ لەلایەن ئیسرائیل و گۆرین و نەمانی ڕژێمی بەعسی سوری لە ٢٠٢٤ بۆیە سەڕەرای جیاوازی سیاسەتیان لە بارەی پرسە هەرێمیەکان بەڵام ڕوداوی ٧ی ئۆکتۆپەر ٢٠٢٣ و لاوازبوونی بەرەی هەرێمی شیعی کاریگەرییان هەبوو لە نزیک بوونەوەی بەرەی هەرێمی سووننی عەرەبی و بەرەی هەرێمی ئیخوانی لە بابەتی پرسی سوریا جونکە لە کۆتایی هەردوو بەرە ڕەزامەند بوون لەسەر کۆتایی هێنان بە ڕژێمی بەعسی سوری سەڕەرای نەبوونی دیدگای هاوبەش لەسەر داهاتووی سوریا.
پاشان هەر ئەو ڕووداوانە وای کرد پێگە و ڕۆلی روسیا بەهۆی گۆرینی ڕژێمی سوریای بەعسی لاواز ببێت و بەرپابوونی جەنگی ١٢ی ڕۆژی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ٢٠٢٥ کاریگەرییان هەبوو لە بەرزبوونەوەی پێگەی هەرێمی ئیسرائیل و لاوازبوونی پێگە و ڕۆلی بەرەی بەرخودان بە سەرکردایەتی ئێران لە ڕوداوەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا. ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لاواز کردن و نەهێشتنی توانا هێرشبەرییەکانی ئێران لە ناوچەکە بە ئامانجی نەهێشتنی مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە ٢٨ ی شباتی ٢٠٢٦ هێرشی فراوان بکەنە سەر ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکە ئەمەش کاردانەوەی ئێرانی لێکەوەتەوە لەبەرامبەردا ئێران هێرشی کردە سەر هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە و جەنگەکە تاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە.
لەهەمان کاتدا لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە دەری دەخات هاوسەنگی هێز لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست نەماوە ئەویش بەهۆی زیادبوونی ئەنارکیەتی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و لە ئێستادا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل هەنگاو دەنرێت بۆ دروست کردنی پرۆژەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی نوێ و کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی. لەهەمان کاتدا پالپشت بە قۆناغەکانی دروست بوون و بونیاتنانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەبینین ئەم سیستەمە بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندی وولاتانی زلهێزی نێودەوڵەتی بونیاتنراوە و لە دەرەوەی بنەماکانی دروست کردنی سیستەمی هەرێمی ئەوەش بەهۆی پێکدادانی بەرژەوەندی زلهێزە دەرەکیەکان و هەرێمیەکان و نەبوونی دیدگای هاوبەش و هەماهەنگی لە نێوان زلهێزە هەرێمیەکان و بێ هێزی دامەزراوە هەرێمیەکان و دەستێوەردانە بەردەوامەکانی دەرەکی پاشان نەبوونی شوناسێکی هاوبەش کە ئاماژە بێت بۆ سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەمەش وای کردووە ئەم سیستەمە لە دروست بوونی تاکو ئێسا دوربێت لە هاوسەنگی لە نێوان ئەکتەرە هەرێمیەکان و توانای لە خۆگرتن و چارەسەرکردنی پرسە هەرێمیەکان نەبێت بەڵکو زیاتر وابەستە بووە بە ململانێ نێودەولەتی و هەرێمیەکان،
ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ هەوڵەکانی زلهێزانی نێودەولەتی و هەرێمی بۆ بنیاتنانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە ئەوەش هاوتەریپە لەگەل گریمانە و بنامەکانی ڕیالیزمی نوێ کە جەخت دەکاتەوە ئەنارکیەت زاڵە لە پەیوەندییە هەرێمیەکان ئەوەش بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی باڵا لەسەرووی دەسەڵاتی دەوڵەتە زلهێزەکان. بۆیە زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان هەوڵی زیادکردنی هێزیان داوە بۆ دەستەبەرکردنی هەژموونی هەرێمی و ڕێگری کردن لە دروست بوونی هاوسەنگی هێز ئەمەش هاوتەریپە لەگەڵ گریمانەکانی ڕیالیزمی هێرشبەری کە جەخت دەکاتەوە هەژموونی هەرێمی باشترین ئامرازە بۆ مانەوە لە سیستەمی هەرێمی دا. زۆڕینەی ئەندامەکانی بەرە جیاوازەکانی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا لە ڕووی ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی ئاینی و نەتەوە و دیموگرافیاوە هاوبەش و یەکگرتوونین بەڵام بوونی نەیاری هاوبەشی هەرێمی و بەرژەوەندی هەرێمی و گۆرینی بارودۆخیان لە ناوچەکە هۆکار بوونە بۆ کۆبوونەوەی ئەو لایەنانە لەناو ئەم بەرانە.
هەروەها ئەندامەکانیان لە ئەندامبوونیان لەناو ئەم بەرانە نابنە پاشکۆی هیچ لایەنێک بۆیە ئەم بەرانە تیشک دەخەنە سەر دوو بنەمای سەرەکی ئەوانیش ئامانجی هاوبەشی هەرێمی و پاڵپشتی کردنی هاوبەش لە پرسەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا بۆیە بەشێوەیەکی گشتی هەموو ئەندامەکانی بەرەکان لە بارودۆخێکی نالەبار و ئامانجێکی دیاریکراو ڕەزامەندبوونە بە ئەندام بوون لە بەرەکان بۆیە دەکرێ بە دەستەبەکردنی ئەم ئامانجانە و ڕزگاربوون و دەربازبوونیان لە باردۆخی ناهەموار ڕازی نەبن بە مانەوە لە بەرەکان بە لاوازی پێگەکەیان واتە دەکرێ هەنگاو بنێن بۆ گۆرینی بارودۆخیان یان تەنانەت دەرجون لە بەرەکان واتە هاوپەیمانی نێوان ئەندامانی بەرەکان تەکنیکین نەوەک لەسەر بنەمای ستراتیژی بێت.
لەکۆتایی دەتوانین بلێین بە جێبەجێ کردنی گریمانە و بنەماکانی تیۆری نیوڕیالیزم لەسەر بابەتەکە بۆمان دەردەکەوێت داهاتووی بەرەکان لەسایەی ئەم جەنگەی لەناوچەکە لە نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران بوونی هەیە ناڕۆشن و ناسەقامگیرن و ئەگەری گۆرین و جێگۆرکی ئەندامانی بەرەکان هەیە لە نێوان خۆیان دا ئەمەش بە ئامانجی مانەوە و زیادکردنی هێز و ئاسایشیان لەلایەن ئەندامانی بەرە جیاوازەکانی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ئەمەش بەهۆی نەبوونی متمانە و نادڵنیایی ئەندامەکان لەیەکتری چونکە دەبینین سەرەڕای هەبوونی چەندین ڕێکەوتنامە و هاوپەیمانی ستراتیژی بەرگری لە نێوان بەشێک لە ئەندامان و ڕایەدارانی بەرەکان لەگەل دەوڵەتە زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان،
وەک ڕێکەوتنی ستراتیژی بەرگری هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ووڵاتانی کەنداو و بەشێک لە ووڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و هەروەها ڕێکەوتنی ستراتیژی بەرگری هاوبەشی نێوان پاکستان و سعودیە و دواهەمینیانیش ڕێکەوتنی بەرگری هاوبەشی نێوان تورکیا و قەتەر بەڵام لەم جەنگەی لە ناوچەکە بوونی هەیە ڕێکەوتنەکان بەهیج شێوەیەک جێ بەجێ نەکراون و دەوڵەتە زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان پاپەندنەبوونە بە پاراستنی ووڵاتانی ناوچەکە لەو هێرشانەی لەلایەن لایەنە بەشداربووەکانی جەنگەکە دەخرێتە سەر وولاتانی ناوچەکە ئەمەش زیاتر ئاسایش و سەقامگیری سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەبات.
(*)
ماستەر لەسیاسەت و پەیوەندییە نێودەولەتیەکان.

ئهرکان جمهوری ساتی