هەرەسی یاسا و سێبەری درۆنەکان: کاتێک چەک جێگەی سەروەری دەگرێتەوە
پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیداری مردنی ڕێککەوتنی نیشتمانی و ڕاگەیاندنی فەرمیی داڕمانی پارێزبەندییە لە عێراقدا. کاتێک پایەیەکی باڵای وڵات کە هەمیشە وەک نیشانەی هاوسەنگی و گفتوگۆ ناسراوە، بەو شێوەیە دەکرێتە ئامانج، ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەمووان کە لەژێر سێبەری ئەم بارودۆخەدا هیچ کەس و هیچ دامەزراوەیەک پارێزراو نییە.
لە ڕوانگەی بنەماکانی بەڕێوەبردنی وڵات و یاسای دەستوورییەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ماددەی یەکەمی دەستوورن کە جەخت لە سەروەریی تاقانەی دەوڵەت دەکاتەوە. ئەو کۆمەڵە چەکدارانەی لەژێر پەردەی پاراستنی نیشتماندا کار دەکەن، لە ڕاستیدا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئارامیی گشتی؛ چونکە بە سەرپێچیکردن لە ماددەی نۆییەم و قۆرخکردنی چەکی قورس لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، واتای دەوڵەتدارییان لای هاووڵاتییان پووچەڵ کردووەتەوە. ئەمە یاخیبوونێکی ئاشکرایە لە دژی شەرعییەتی ئەو قەوارە سیاسییەی کە بەپێی ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ی دەستوور دانی پێدا نراوە.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە دەیسەلمێنێت کە بڕیاری پاراستنی وڵات لە دەستی دەسەڵاتی گشتی دەرچووە. بێدەنگیی ناوەند یان تەنیا دەرکردنی بەیاننامەی ئیدانەکردن بەبێ سزادانی تاوانباران، جۆرێکە لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە ماددەی ١١٠، کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی گشتی و سنوورەکانی خستووەتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ. ئەگەر هێزی یاسا نەیەتە پێشەوە بۆ ڕاگرتنی ئەم سەرکێشییانە، عێراق چیتر شوێنی دامەزراوەکان نابێت، بەڵکو دەبێتە بارمتەی ئەو هێزانەی کە بەرژەوەندیی دەرەکی لە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە دەبینن. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم بێسەروبەرییە بهێنرێت، پێش ئەوەی زمانی چەک بە تەواوی جێگەی زمانی ژیری و یاسا بگرێتەوە.

سەنار شێرۆكی