سینی سینیانێ یارییەكی تایبەت بە شەوانی ڕەمەزان

سینی سینیانێ یارییەكی تایبەت بە شەوانی ڕەمەزان

 

 

یارییە كوردەوارییەكان هەر لەدێر زەمانەوە لەناو كورددا باو بووە، وێڕای ئەوەی كە بۆ سەرگەرمی و كات بەسەر بردن بووە، لە هەمان كاتدا هۆكارێك بووە بۆ پتەوكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. هاوكات لەگەڵ خواپەرستی و عیبادەت و ڕۆژووگرتن، لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، شەوان كپی و هێمنی جارانی نامێنێت و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان قەرەباڵغ دەبن، خەڵكی لە شەواندا ڕوو لە دەرەوە دەكەن.

 هەر لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان تیپەكانی تایبەت بە یاری سینی سینیانێ خۆیان ئامادە دەكەن و تا پارشێو یاری دەكەن. یاری سینی سینیانێ یارییەكی میللیە و لە هەولێر و كەركووك و پردێ و زۆربەی شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان، لە شەوانی مانگی ڕەمەزان ئەم یارییە دەكرێت و لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵان هەوادارانی یاری سینی سینیانێ لە شاری كەركووك باس لە مێژوو و چۆنیەتی یارییەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

عەبدولستار جەباری نووسەرە و هاوكات شارەزایە لە یاری سینس سینیانێ بەمجۆرە باسی یارییەكە دەكات: «سینی و زەرف یارییەكی كەلەپووری تایبەتە بە شارەكانی كەركووك و هەولێر و كۆیە و مێژوویەكی كۆنی نەزانراوی هەیە. ئەم یارییە تایبەتە بەشەوانی مانگی ڕەمەزان و لە قاوەخانەكان بەگشتی و لە هەندێك كووچە و كۆڵان و ماڵانیش دەكرێت. زۆر جاران گۆرانیبێژە ناودارەكانی شاریش ئامادەی دەبن و گۆرانی و مەقام دەچڕن».

گوتیشی: «ئامانج لەم یارییە بتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بڵاوكردنەوەی لێبوردەیی و خۆشەویستییە لە نێوان خەڵك. لە شوێنە گشتییەكاندا وەك قاوەخانە گەورەكان، هەمیشە دەهۆڵ و زووڕناش لە یارییەكە ئامادە دەبێت، یاریزانانی تیپە دۆڕاوەكەی ئەم یارییە، شیرینی دەبەخشن بەسەر ئامادەبوواندا، كەسانی براوەش لەكاتی بردنەوەیاندا لەگەڵ ئاوازی دەهۆڵ و زووڕناكە دەست دەگرن و هەڵدەپەڕن.

شاخەوان جەباری ڕۆژنامەنووسە و دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجەیە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «یاری سینی سینیانێ لە یاری كڵاو كڵاوێنە نزیكە كە یارییەكی كۆنی كوردەوارییە، یارییەكە لە دوو تێپ و، هەر تیپێك لە وەستایەك و دوو شاگرد پێك دێت. ئەم سینێ و زەرفە لە كەركووك دروست دەكرێت، لەلایەن چەند وەستایەك كە پێیان دەڵێن قازان چیكان، لە كەركووك ئەم یارییە لە چەند گەڕەكێكی كوردنشین و چەند گەڕەكێكی توركماننشین ئەنجام دەدرێت، لەوانە شۆڕیجە و ئیسكان و ئیمام قاسم و رەحیم ئاوا، ئەمە گەڕەكە كوردییەكانە، لە گەڕەكە توركمانەكانیش مۆسڵا و بڵاغ. چونكە ئەم یارییە تەنیا دوو نەتەوە ئەنجامی دەدەن، ئەوانیش كورد و توركمانن، زۆر جاریش یاری لە نێوان دوو گەڕەك كراوە، بۆ نموونە شۆریجە و مۆسەڵڵا، هەندێك جاریش خولی پێشبڕكێی نێوان گەڕەكەكان دەكرێتەوە.

 یارییەكەش زیاتر بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆشە لەگەڵ ئەوەی دەبێت زۆر شارەزاییت لێ هەبێت، چونكە كێبڕكێیەكی زۆر بەهێزە، وەك چۆن ئەگەر وەستا نەبیت، نازانی دیوار دروست بكەیت، بە هەمان شێوە ئەگەر شارەزا نەبیت، ناتوانی یارییەكە ببەیتەوە، یاریەكەش پێك دێت لە وەستایەك و دوو شاگرد، بە هەمان شێوە دەبێت لێزان بێت لە دۆزینەوەی میرۆكە، یان منچوخەكە، ئەم یارییە بەتایبەتی لە شاری كەركووك باوە و لەئیستادا لە شارەكانی هەولێر و سلێمانێش ئەنجام دەدرێت».

 دایی قەمبەر پیاوێكی بەتەمەن و یاریزانێكی ناوداری كەركووكە لە بارەی ئەم یارییەوە گوتی: « لە ساڵانی سەدەی ڕابردوو شارەكانی كەركووك و هەولێر لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا تیپەكان سەردانی یەكتریان كردووە، لە كەركووك گۆرانیبێژان «سەڵاح داودە و سابیر كوردستانی و هابە»یان دەبرد لەگەڵ خۆیان بۆ شاری هەولێر و لەوێ لەگەڵ گۆرانیبێژەكانی شاری هەولێر وەك «مشكۆ و حەیدەر بەقاڵ و رەسووڵ گەردی» لە كاتی یارییەكان تا پارشیو پێشبڕكێی گۆرانی و مەقامیان دەكرد. هەروەها تیپەكانی هەولێریش بەهەمانشێوە دەهاتن بۆ كەركووك. لە نێوان تیپەكانی گەڕەكەكانی شاریش كێبڕكێ دەكرا».

مامۆستا ئەحمەد تاقانەی نووسەر لە بارەی ئەم یارییەوە دەڵێت: «ئەم یارییە لە كۆنەوە لە كەركووك و هەولێر و كۆیە و شوێنانی دیكەش كراوە. لە كەركووك پێی دەڵێن «سینی زەرف» و لە هەولێر «سینی سینیانێ» و لە كۆیە پێی گوتراوە «زەرفێن». زیاتر گوتی: « یارییەكە بە دوو تاقمی سێ كەسی واتە شەش كەس دەكرێت، 11 كاسە «زەرف»ی كانزای زەردی بە دەوری سینییەكدا بە شیلە، یان بە « لقوم» دەچەسپێندرێت، هەر تاقمە و لە كایەی خۆیدا لەژێر پەردە موروویەك لەژێر زەرفێكدا دەشارێتەوە، تاقمی بەرامبەر دەبێ بیدۆزنەوە. شێخ ڕەزای تاڵەبانیی شاعیر شیعرێكی لە بارەی ئەم یارییە هەیە، شێخ ڕەزا زیاتر لە100 ساڵ بەر لە ئێستا لە كۆیە ئەم یارییەی كردووە و لە شیعرێكدا بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش تۆماری كردووە، شیعرەكە وەك دەقێكی بەرزی ئەدەبی و وەك بەڵگەیەكی مێژوویی ئەم یارییەش سوودی لێ دەبیندرێت.

تەواوی شیعرەكە نۆ دێڕە شیعرە، من تەنیا سێ دێڕی یەكەمی ئەو شیعرە وەك نموونە دەهێنمەوە. ناونیشانی شیعرەكە «لە كاتی زەرفێندا»یە و دەڵێت:

ئەی مەلا قەت تۆ لە زەرفێندا وەها ئازا نەبووی

یا لە حیزیی بەختی من، یا مۆرەكەت مووی پێوە بوو

حاڵ لە سێ خاڵی نییە، تو خودا بەڕاستی پێم بڵێ

مووی سمێڵت یا بەرت، یا كلكی یابووی پێوە بوو

وا دەزانم مووی ڕزیوی پێستی دەباغخانە بوو

چونكە ئاساری كەتیرە و جەوت و مازووی پێوە بوو

دیارە شێخ لە یارییەكەدا دۆڕاوە، بۆیە بەو مەلایە دەڵێ كە یارییەكەی لێ بردووەتەوە (كە نازانین كێیە) ئەی مەلا تۆ لە زەرفێن «سینی زەرف»دا قەت وا ئازا نەبووی، یا لە بەختەكەی منە، یا ئەو مۆرە (موروو)ەی شاردبوومانەوە تۆ بۆ فێڵ، مووت پێوە لكاند بوو لەژێر زەرفەكەوە دەركەوێ و بیبینی و بزانی مورووەكە لەژێر كام زەرفەدا شاردراوەتەوە، بە مەبەستێكی تر شێخ دەڵێت: مۆر ـ ەكەت، واتە كونە ڕەنگ مۆرەكەت. مووی پێوەیە بۆیە بەختت هەیە.

ئەوەشیان دیارە كە دەڵێت ئەم كارە دەبێت یەكێك بێ لەم سێ خاڵانەی خوارەوە، بەڕاستی وەرە پێم بڵێ: مووی سمێڵتی پێوە بوو؟ یا مووی بەرت، یان كلكی هێسترت پێوە كردبوو؟!.

ئینجا شێخ خۆی وەڵام دەداتەوە و بە مەلا دەڵێ: وابزانم مووی ڕزیوی ئەو پێستانە بوو كە لە كاتی خۆشەكردنیاندا لە دەباغخانە كەتیرە و جەوت و مازووی لێدەدەن مووەكانی لێ ببێتەوە. چونكە ئەو بابەتانەی پێوە بوو. ئەم شیعرەش بەڵگەیەكی بەهێزە دەیسەلمێنێت، كوردەكان 100 ساڵ پترە یاری سینی و زەرف یان زەرفێنیان كردووە».

یارییە كوردەوارییەكان هەر لەدێر زەمانەوە لەناو كورددا باو بووە، وێڕای ئەوەی كە بۆ سەرگەرمی و كات بەسەر بردن بووە، لە هەمان كاتدا هۆكارێك بووە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و هێوركردنەوەی ڕووح لە شەكەتی و ماندوو بوونی كاروبارەكانی ڕۆژ، چونكە زیاتر شەوانە بە دەستەجەمعی لە ماڵان یارییەكان ئەنجام دراون، وەك سینی سینیانێ و كڵاوكڵاوێنە و جۆرەكانی دۆمینەكردن و دامە و...هتد، هەڵبەت هەر تیرە و ناوچەیەك كۆمەڵێك یاری كۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیانیان هەیە.

لە مانگی ڕەمەزاندا، دەرفەتێكی گونجاوە و دیسانەوە یارییە كوردەوارییەكان سەرهەڵدەدەنەوە و جەماوەر و بەكارهێنەریان دەبێت، دیسانەوە هەم بۆ كات بەسەر بردنە و هەم چونكە زۆربەی یارییەكان كۆمەڵین ئیدی شەونشینی خۆش دەكات، بەڵام جیاواز لە جاران كە لە ماڵان ئەنجام دەدرا و هەر شەوەی دەچوونە ماڵێك ئیدی بەدەم یاری كردنی پیاوانەوە، ئاقرەتەكانیش باوی و مێوژ و شەوچەرەیان ئامادە دەكرد، بەڵام وەك دەزانن ئێستا یارییەكان لە دەرەوە لە پارك و كافتریا و شوێنە گشتییەكان ئەنجام دەدرێن.

سینی سینیانێ یارییەكی تایبەت بە شەوانی ڕەمەزان
Top