پەری خدر كاكەڕەش: جێگەی دڵخۆشییە چەندین خانمی خاوەنكارمان هەیە
ئافرەتی كورد وێڕای ئەركی دایكایەتی و پەروەردەكردنی منداڵ چەندین كار و فرمانی دیكەی بە جورئەتەوە ئەنجامداوە، ئەو لە دێرزەمانەوە بۆ پەیداكردنی بژێوی خێزان و منداڵەكانی دەستباری لەگەڵ پیاو گرتووە و شانی داوەتە بەر سەختی و ناخۆشییەكان.
پەری خدر كاكەڕەش خانمە بلۆگەرێكی گەنج و شۆخ و شەنگ و پڕ وزەیە، ئەو تەمەنی 32 ساڵە و لە سلێمانی گەڕەكی سابونكەران لە دایك بووە، خوێندنی تەواو كردووە و بووە بە مامۆستای قۆناغی سەرەتایی، لە ئێستاشدا لە وڵاتی بەریتانیا لەگەڵ هاوژینەكەی دەژێت، ماوەی چەند ساڵێكە هاتۆتە ناو بواری سۆشیال میدیا و وەكو بلۆگەرێك كاری ڕێكلام دەكات، لە دیدارێكدا چیرۆكی سەركەوتنی خۆی لە كارەكەیدا بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەرچەندە من خۆم مامۆستای قۆناغی سەرەتاییم بەڵام بە حوكمی ئەوەی كە حەزم لە بواری سۆشیال میدیا بوو توانیم لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەربكەوم و وەك بلۆگەرێك لەو بوارەی كە حەزم لێیەتی خزمەت بكەم، ئامانجم لە كارەكەم ئەوەیە كە خزمەت بە هاوزمانەكانم لە تاراوگە بكەم، هەر ئەو هۆكارەش وای كرد بێمە ناو ئەو بوارە، وەكو خانمێك حەز دەكەم لە داهاتوودا هەنگاوی گەورەتر بهاوێژم و بە چاكترین و جوانترین شێوە خزمەتی هاوزمانەكانی خۆم بكەم لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا بن، ئەویش بە ناساندنی بەرهەمی باش و بازاڕ و ماركێتی گونجاو لە ڕووی نرخ و كواڵێتییەوە، بەتایبەت بۆ ئەو كوردانەی كە لە تاراوگە تازەن و شارەزاییان لەسەر شوێنەكانی بازاڕكردن كەمە.
ئێستاش سوپاس بۆ خوا توانیومە لە ڕێگەی ئەم پەیجەوە كارێك بۆ خۆم بنیات بنێم و بتوانم ڕێنیشاندەرێك بم بۆ كوردەكانی تاراوگە، هەروەها لە پاڵ ئەم كارەم ڕێكلامیش بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانی كوردستان دەكەم بۆ ئەوەی هاوزمانەكانم سوودی لێ وەربگرن».
هەروەها گوتی: «بە خۆشحاڵییەوە كاركردنی ئافرەت لە ئێستادا لە ئاستێكی زۆر باشدایە سوپاس بۆ خوا چەندین خانمی دەستڕەنگین و بە توانامان هەیە كە خاوەنكار و بزنسی خۆیانن و توانیویانە جێ دەستیان هەبێت بۆ دابین كردنی داهاتێكی سەربەخۆ بۆ خۆیان، هاوكات یارمەتی دانێكیش دەبێت بۆ هاوسەرەكانیان، تاوەكو بتوانن بە هەردووكیان ژیانێكی شایستە دروست بكەن و ببنە پشت و پەنا بۆ یەكتر، من بەشبەحاڵی خۆم حەز دەكەم ئافرەت هۆشیار بێت و لە چوارچێوەی ماڵ دەربچێت و بێتە ناو كۆمەڵگە و ئیش بكات، تاوەكو بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە هەمووان بڵێت منیش هەم».
پەری خدر كاكەڕەش سەبارەت بە هاندەر و پاڵپشتیكردنی خێزانەكەی گوتی: «دایكم و هاوسەرەكەم زۆر هانیاندام تاوەكو متمانە بە تواناكانم بكەم و بێمە نێو دنیای سۆشیال میدیا، هەموو خێزانەكەم هاوكارمن بە تایبەتی (هاوسەرەكەم) ئەگەر هاوسەرەكەم پاڵپشتیمی نەكردایە نەم دەتوانی بەم شێوەیە بەردەوام بم، لێرەوە سوپاسی دەكەم.، بۆ ئەو هەموو پشتگیری و یارمەتیدانەم، لە هەموو دەرچوونەكانم شار بە شار هاوكار و هاوسەفەرمە، هەر ئەو وێنەو ڤیدیۆكانم بۆ دەگرێت.
هاوكات دایكیشم هەمیشە وەك شاخێك لە پشتم وەستاوە، بەردەوام هانم دەدات و ئامۆژگاریم دەكات و گڕوتینم پێدەبەخشێت، ئامۆژگارییەكانی وای كردووە ڕێگە نەدەم قسەی خەڵك كارم تێ بكات و لە پێشكەوتنەكانم ساردم بكاتەوە، بوونی دایكم لە ژیانمدا سەرچاوەی هێز و متمانە و بەردەوامیمە.
هەوڵمداوە ئیشەكانم دابەش بكەم تاوەكو فریای ئەوە بكەوم كە خێزان و ماڵ بەڕێوە ببەم و حەقی تەواویش بە ئیشەكەم بدەم، هاوسەرەكەم لەم لایەنەوە ئاسانكاری زۆری بۆ كردووم، تەنانەت هەموو دەرچوونەكانمان بەیەكەوەیە و بەردەوام یارمەتیدەر و هاوكارمە».
