لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگە نەدراوە هاوڵاتی و خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج و خوێنیان بڕژێت

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگە نەدراوە  هاوڵاتی و خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج و خوێنیان بڕژێت

 

 

   ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار تێپەڕ دەبێت،  لە بەرفراوانی و چڕی گۆڕانکارییەکان نازاندرێت ئاراستەکە بەرەو کوێ دەڕوات، لەم چوارچێوەیەدا جۆرێک لە ناسەقامگیری باڵی بەسەر ناوچەکە کێشاوە و دۆخەکە ئاڵۆز بووە، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا زۆر گرنگە کورد بێلایەنی خۆی رابگرێت و کوردستان لەو شەڕ و جەمسەربەندی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی بپارێزێت و شتی ئیستیفزازی ئەنجام نەدات.

ڕووداوەکان یەک لەدوای یەک دێن، زۆرجار قەیرانەکان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆمان دەدەن، لەکاتێکدا ئەو هەرێمە خۆشەویستەشمان هەرێمی کوردستان، کە تێیدا لە نیعمەتی ئارامی و ئاسایشدا دەژین و لەئاست ئەو رووداوە گەورانە لە دۆخێکی باشین، هەرچەند لە ڕابردوویەکی نزیکدا بە قەیرانی سەخت و جەنگی وێرانکەردا تێپەڕیووین؛ لە جەنگی کەنداو و لێکەوتەکانیەوە، تا دەگاتە ئەو نەهامەتیانە بەدەستی رژێمە یەک لەدوای یەکەکان و تاوەکو ململانێ هەرێمییەکان کە خاکی ئێمەیان کردە مەیدانی گرژییەکان و ستەمی زۆر بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام درا، ئێستاش شوێنەوارەکانی ئەو جەنگە دەبینین، کە زۆرجار خۆمان لە بەرداشی ئاگری ململانێکاندا بینیوەتەوە، بەڵام هەمیشە کورد خۆی پاراستووەو ئامانجی ئەوە بووە بەکەمترین زەرەر رزگاری بێت.

کورد گەلێکی ئاشتیخوازە نەک شەڕویست، هەمیشە ئاشتی و دیالۆکی بەلاوە گرنگە، چونکە بە پێی ئەزمون و هۆشیاری سەرکردایەتی کورد ئەو راستییە بەرچاوخراوە، کە شەڕ چارەسەر نییە و پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستیی و پڕ لێبوردەییە زادەی تێگەیشتن و پابەندی میللەتی کوردە بە پرەنسیپەکانی دینداری و مرۆڤدۆستی، کە لەجیاتی هێڕش و هەڕەشە دەبێ هەمیشە لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەکردن بێت، چونکە هیچ کات رۆحیەتی تۆڵەکردنەوە بەتایبەت لەبری هەڵسوکەوتی رژێمێک لە هاوڵاتیانی سیڤیل و بە ئامانجگرتنی هەرێمێکی بێلایەن، نەک خزمەت بە سەقامگیری و ناکات بگرە گورز و پەڵەیەکی رەش دەبێت بەنێوچاوانی بکەرانییەوە.

سەرۆک بارزانی هەر زوو هەڵوێستی کوردستانی لەبەرامبەر ئەو جەنگە رایگەیاندو گوتی: "گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە، ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە، كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت".

کورد لایەنگیری شەڕ نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایێت کورد ستەمی قەبوڵە، بەمانایەکی تر گەلی کورد دەریایەک خوێنی بەخشیوە تا بەئەمرۆی خۆی گەیشتووە، ئێستا هەرچیەکی لەدەست بێت بۆ پاراستنی دەسکەوت و سەروەری نیشتمان دەیکات، رێگە نادات کەسانێک ئەجێنداو ئامانجی خۆیان لە دووڕیانی جەنگدا لە مەیدانی کوردستان تاقیبکەنەوەو شەڕ بە کوردستان بفرۆشن، کە بەداخەوە لە پەراوێزی ئەم جەنگەوە بە درۆن هێڕشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و دەیانەوێ ئاسایشی کوردستان و سەقامگیری کۆمەڵگەی کوردی بکەنە ئامانج و ، هەرێم بخەنە بازنەی ململانێ و شەڕەوە، ئەمە ناهەقیەکی گەورەیەو بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت، بەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بڵاودەکەنەوە سەقامگیری و ئارامی کوردستان بەئامانج دەگرن، کورد خوازیاری ئەو دۆخە نییە و نایەوێ پڕوشکی ئاگری بەرکەوێت.

هاوکات ئێمە لە مانگێکداین مانگی پیرۆزی رەمەزان کە بۆ گەلانی ناوچەکەو هێزو پارتە عیراقییەکان تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئیدی چۆن دەکرێ لەم مانگە هەڕەشەو هێڕش بکرێتە سەر هەرێمێکی وا کە لە کەشێکی ئیمانی و دینداری و ئاوەدانی مزگەوتەکان دایە و خەریکی خواپەرستی و عیبادەت و بەرز راگرتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزە، ئەو هەموو درۆنە بۆ سەر کوردستان ئاماژەیە بەوەی ئەو جۆرە کەسانەو پشتەوانانیان چاویان بە کوردستان هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاگرەکە هەرێمیش بگرێتەوە،ئەگەرنا لەکوێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگە دراوە هاوڵاتی و خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج و خوێنیان بڕژێت!؟

ئەم جۆرە هەوڵ و هێڕشانە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، کە رێگەنادات بێ هۆکارو بە بیانووی ناجۆر هەڕەشە لە ئەمن وئارامی هیچ کەس بکرێت، بەتایبەت لەم مانگە پیرۆزە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە تاوانەکەی قوڕسترەو بەهەموو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز دەبینین، کە کەس ئۆباڵی ستەم و تاوانی کەسانی تر هەڵناگرێت، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) الإسراء:15. واتە: كه‌س گوناهى كه‌س هەڵناگرێت، كه‌س به‌رپرسيار نيیه‌ له‌ هەڵه‌ى كه‌سانى تر. هاوشان دەیان ئایەت و فەرموودەش هەیە باس لەو بەها گرنگ و گەورەیە دەکات، ئیدی ناکرێ شەڕ لە بادینان و تۆز لەبەردەم دەرگەی ئێمە بێت!

هاوشانی مانگی رەمەزان ئێمە لە مانگی ئادار داین، کە بۆ ئێمەی کورد بۆنەی خۆش و ناخۆشی زۆری تێدایە لەسەروو هەموویانەوە یادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، ئەو یادە مەزنەی بەرجەستەکردنێکی ڕاستەقینەی ئارامگری گەلی کوردستان و خۆڕاگری بوو لەبەردەم نەهامەتییەکاندا، مەبەستمە ئەوە بڵێم گەلی کورد سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەری هاتووە، بەڵام خۆڕاگر بووەو قەت بێئومێدی رووی لێ نەکردووە، بگرە هەمیشە تێڕوانین و ئاسۆی ئایندەی بەستۆتەوە بە گەیشتن بە مافەرەواکانی خۆی.

بۆیە گرنگترین شت کە لەو دۆخە دەستمان دەکەوێت ئەوەیە کورد یەکڕیزی و تەبایی و یەکهەڵوێستی خۆی بپارێزێت، چونکە کلیلی ڕزگاری وسەرکەوتنن، ئەزموون فێری کردین کە نەتەوە ئەگەر لەسەر یەکهەڵوێستی کۆببێتەوە، دەتوانێت بەسەر سەختترین ناڕەحەتییەکاندا زاڵ بێت. خوای گەورە کوردستانی خۆشەویستمان بپارێزێت..

 

*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.

Top