خەباتی ژنی کورد بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت

خەباتی ژنی کورد بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت



ساڵانە لە هەشتی مارسدا، جیهان ئاوڕ لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدان دەداتەوە. ئەم ڕۆژە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی یان جەژنێکی ساڵانە نییە، بەڵکو وێستگەیەکی گەورەی ڕاپەڕین و شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنانە دژی هەموو شێوازەکانی ستەم، جیاکاریی ڕەگەزی و چەوساندنەوە. هەشتی مارس، مێژووی خەباتێکی بەردەوامە لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئافرەتان لە سەرانسەری ئەم هەسارەیەدا.
ئەم یادە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ژنان گوڕوتینێکی نوێ بە خەباتە بێپساوەکەیان بدەن و لاپەڕەیەکی تری هاوکاری و کاری پێکەوەیی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەڵبدەنەوە. هەشتی مارس بانگەوازێکە بۆ بوێری لە دەربڕین و شکاندنی ئەو تابۆ و بەربەستە کۆمەڵایەتییانەی کە ساڵانێکی درێژە بوونەتە هۆی نایەکسانی و نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ.
بۆ ئێمەی ژنی کورد، هەشتی مارسی ئەمساڵ واتایەکی قووڵتر و جیاوازتری هەبوو. ئەمساڵ ڕەنگ و بۆنی شۆڕشێکی مەدەنیی بێوێنەی لێ دەهات، لە لایەکەوە دەنگدانەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە لایەکی تریشەوە سەرهەڵدانی "شۆڕشی کەزی". ئەم شۆڕشە نوێیەی ئافرەتانی کورد، نەک هەر لە ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش دەنگێکی زوڵاڵی هەبوو و شکۆ و بڕوابەخۆبوونی ژنی کوردی بە هەموو جیهان نیشان دا.
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم شۆڕشە، هاوسەنگەری و پشتیوانیی بێدرێغی پیاوان بوو. پیاوانی کورد بوونە پاڵپشتێکی ڕاستەقینە لە ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو توندڕەو و تێرۆریستانەی کە ویستیان کەرامەت و شکۆی ژنی کورد بشکێنن، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی ژنان و پشتیوانیی کۆمەڵگە، خەونەکەیانی لەبار برد و نەیانهێشت نەیاران سەرکەوتوو بن.
ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، لە چوارچێوەی سەدان چالاکیی جۆراوجۆردا خۆی بینییەوە، لە هۆندنەوەی هەزاران کەزی وەک سیمبوولی ناسنامە و بەرگری، تا دەگاتە خوڵقاندنی دەیان تابلۆی هونەری، کاری میدیایی، کۆڕ و کۆنفرانسی زانستی. "شۆڕشی کەزی" تەنیا ناڕەزایەتییەکی کاتی نەبوو، بەڵکو بوو بە بەشێکی گرنگ لە مێژووی خەباتی مەدەنیی ئافرەتان. ئەم شۆڕشە هێزی ژنی لە سەنگەری بەرگرییەوە گواستەوە بۆ ناو جەرگەی کۆمەڵگە و بوو بە جێگەی شانازیی تەواوی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە.
لە کۆتاییدا، هەشتی مارسی ئەمساڵ سەلماندی کە خەباتی ژنی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی، ڕەوتێکی دانەبڕاوە و هەموو ڕۆژێک بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت.

 

حەیات مەجید

Top