شۆسیال میدیا مینبەرێک بۆ درۆ

شۆسیال میدیا مینبەرێک بۆ درۆ

 

شۆسیال میدیا وەک مینبەرێک بۆ درۆ و دووڕوویی، پێویستە ئێوەی ئەندام و بەکارهێنەر هیچ کاتێک تێنەکەون و خۆتان بەراورد مەکەن بەو کەسایەتییانەی دەیبینن لە ژیانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،

ئەفلاتۆن دەڵێت « کەسی نەزان دەست بۆ هەرشتێک ببات خراپی ئەکات» ئەمە بۆ هەر تاکێک یان هەر هێز و لایەنێکی سیاسی راستە. کاتێک بەهۆی نەزانینیان بە پێی یاسا و رێساکانی بەکارهێنانی ئەو ئامێرە یان هەر بەکارهێنراوێک هێندەی مەبەستیانە خراپ بە دەستبهێنن، هێندە مەبەستیان نییە سوودی لێ وەبگرن. بۆ نموونە سۆشیال میدیا کە ڕۆڵە سەرەکییەکەی بۆ پەیوەندی و پێشکەوتن و زانست و مەعریفە بەکار ئەهێنرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ خۆدەرخستن و لێدان لە کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و نووسەر و سەرمایەدار بەکاردەهێنرێت بێ گوێدانە ئەوەی لێکەوتەی خراپی لەسەر ئەمنی قەومی و دۆخی ئابووری و سیاسی دەبێت، بەو هۆیەوە خەڵکی دەکەونە دڵەڕاوکێ و تێکچوونی باری دەروونی و ناجێگیری بازاڕ و دەیانی لێکەوتەی تر.

ئەمەش کەسانێکی نابەرپرس بەکاری دەهێنن تەنها لە پێناو کۆکردنەوەی بینەر و خۆنمایشکردن
ئەوەی مەبەستمە بیڵێم لەم کاتە هەستیارەدا کە کوردستان و ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردایە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە هەمووان دەستمان لەسەر دڵمانە بەڵام چەند کەسانێک کەخۆیان بەناو شیکەرەوەی سیاسی ناو دەبەن دێن و بێگوێدانە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی تۆمەت دەبەخشنەوە، لەم ڕۆژانە و لە چەندین بەناو شیکەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوێبیستی ئەوە بووین گوایە سەرۆک بارزانی و یان سەرۆکی حکومەت کوردستانیان جێ هێشتوە پشتیان لە گەل و خاک کردووە و بەرو وڵاتانی دەرەوە سەفەریان کردووە، هەرچەند ئەم جۆرە تۆمەت بەخشینەوە بۆ خەڵکی بیرمەند و ڕۆشنبیر و کوردپەروەر ڕوونە شتێکی نوێ نییە

ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیران لە پرسەی شەهیدێکی دەستی غەدر وەڵامی ئەم چەواشە کارییانەیان دایەوە بۆیە بەدەرکەوتنیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان وەستان لەپاڵ خانەوادەی شەهیدان و بەسەرکردنەوەی برینداران، بۆیە پێویستە تاکی کورد زۆر لەوە وشیار تر بن شوێن ئەو درۆ و چەواشەکارییانەی سۆشیال میدیا نەکەون زیاتر لە بابەتەکان ورد بنەوە چونکە لایک یان کۆمێنتێکی ئێوە دەبێتە شەریکە بەشی ئەو تاوانە و زیاتر هاندانی خەڵکانی نابەر پرس، پێویستە یاسا ڕۆڵی خۆی ببینێت، تاکو ئەم جۆرە مرۆڤانە دەستبەرداری ئەو جۆرە لە چەواشەکاری و تەخوینکردن و دروستکردنی زانیاری ناڕاست بهێنێت و بەپێی گرێدانی بە یاسایەکی سەردەمییانەوە، سنوورێک بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە میدیایانە و بەکارهێنەرانی دابنێت و بۆ بارە ئەسڵییەکەی خۆی بگەڕێنرێتەوە کە بۆ فراوانکردنی رۆشنبیری و ئاسانکارییەکانی ژیانی مرۆڤ هاتۆتە کایەوە. بۆیە پێویستە میدیای سۆشیال، چیدیکە نەبێتە جێگایەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست .

Top