هەولێر تەنیا شارێک نییە ، ناسنامەی هەموومانە
لە کاتێکدا ئاسمانی هەولێر بەردەوام دەبێتە ئامانجی موشەک و درۆنەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکان، ئەوەی لە برینی موشەکەکان زیاتر ئازارمان دەدات، بینینی ئەو (عەقڵیەتە سەقەتەیە) کە لەناو سۆشیاڵ میدیادا بەو کاولکارییە شاگەشکە دەبن.
چەند ڕاستییەکی تاڵ کە دەبێت بیزانین:
زیانی گشتی: موشەک ناناسێت کێ پارتییە، کێ یەکێتییە یان کێ ئۆپۆزسیۆنە ، کاتێک هەولێر دەکرێتە ئامانج، شکۆ و ئارامیی هەموو کورد دەکرێتە ئامانج.
دووفاقیی ئایینی: ئەو کەسەی بە لێدانی ماڵی کوردێک دڵخۆش دەبێت و دواتر دەچێتە سەر بەرماڵ بۆ تەراویح، با مشوورێکی ئیمانی خۆی بخوات. چونکە ئایین پێش هەر شتێک ڕێزگرتنە لە خوێن و ماڵی مرۆڤ، نەک دڵخۆشی بە ماڵوێرانی.
پرسیارێکی جەوهەری: بۆچی ئەم هێرشانە تەنیا بۆ سەر هەولێرن ؟ ئەگەر بیانووەکە بنکەی بیانییە، بۆچی لە وڵاتانی دراوسێ کە هەمان بنکەیان تێدایە، موشەکێکیش پڵیتەی لێ نادرێت؟ ئەمە تەنیا بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە.
عەقڵیەتی (کەرە دێزە)
ئەوانەی پێیان خۆشە هەولێر ببێتە خەڵووز، ڕێک وەک ئەو (کەرە دێزەیە)یان لێ هاتووە کە تەنیا مەبەستی تۆپینی خۆی و زیانگەیاندنە بە خاوەنەکەی. دژایەتی سیاسی نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دڵمان بە کوشتنی منداڵێک یان ڕووخانی خانوویەک لە هەولێر خۆش بێت.
کوردبوون و مرۆڤایەتی لەوەدایە لە کاتی تەنگانەدا قەڵغان بین بۆ یەکتر، نەک ببینە سووتەمەنی بۆ ئاگری نەیارەکانمان.
خوایە گیان هەولێر و هەموو کوردستان بپارێزە لە شەڕی دوژمنان و لە نادانیی دۆستان.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی