نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.



سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هاکان فیدانەوە پێگەیشت و باسیان لە دۆخی ناوچەکە کردووە.

لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگی و کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

پەیوەندییەکانی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوو.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە کاتێکدایە، لە رۆژی شەممە 28-2-2026ەوە شەڕێکی گەورە لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ناوچەکەی گرتوەتەوە. شەڕەکە کاریگەری گەورەی لەسەر ناوچەکە هەبووە، لەوانەش هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان 21 جار هێرشی کراوەتەسەر، کە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، تەنیا یەک هێرشیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "لە هێرشەکاندا نزیکەی 100 درۆن و مووشەک بەکارهێندراون".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگاکەمان کراون".

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، سیستمێکی "تۆکمەی" بەرگری دانراوە و تەواوی هێرشەکانی پووچەڵ کردوونەتەوە پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان لە زەوی.

Top